خەو و نەخۆشیی دڵ

خەو و نەخۆشیی دڵ

 لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێی زانكۆی ئۆسلۆدا لە نەرویژ هاتووە، كە خەوزڕان حاڵەتێكی باوە لە تووشبووان بە نەخۆشیی دڵ و، ئەگەری روودانی نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك Stroke بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات، هەندێك جاریش گرفتی گەورەی تری دڵ. بەدواداچوون و چارەسەركردنی خەوزڕان لە نەخۆشانی دڵدا گرنگی یەكجار زۆری هەیە، بەڵگەی زانستیی چەسپاو لە بەردەستدایە كە خەوزڕان، كەم خەوی، یان پچڕپچڕبوونی خەو كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر تەندروستیی دڵ، بۆنموونە: هاندەرن بۆ روودانی نۆرەی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن، هەروەها جەڵتەی مێشك. خەو زۆر پێویستە بۆ خۆنوێكردنەوەی لەش، بۆنموونە لەكاتی قۆناغی جووڵەی لەسەرخۆی چاوەكاندا NREM، لێدانەكانی دڵ كەم دەبنەوە، پەستانی خوێن دادەبەزێت و هەناسە جێگیر دەبێت، هەموو ئەمانە فشار لەسەر دڵ كەم دەكەنەوە و هانی نوێبوونەوەی دەدەن لەپاش فشاری جووڵەی رۆژدا. ئەمەش روون كراوەتەوە كە نووستن بۆ ماوەی كەمتر لە شەش كاتژمێری شەوانە، ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ تا رێژەی 20% زیاد دەكات، هەروەها هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هەوكردنی درێژخایەن، كە ئەگەری رەقبوونی خوێنبەرەكان زیاد دەكات، هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێندا.

 

Top