هێزی ژیان و هێزی هونەر لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(1/2)

هێزی ژیان و هێزی هونەر لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(1/2)

هۆشەنگ شێخ محەمەد

بەشی یەكەم

پێشەكی:
لە ڕۆژی (١٢/٣/٢٠٢٢) هونەرمەند (سۆنیا بەشیر) پێشانگەیەكی هونەری لە (framing photojournalism school) كردەوە، كە تێیدا (٢٠) تابلۆی نمایش كردبوو. هونەرمەند لە كارتی پێشانگەكەیەدا بە زمانی ئینگلیزی لەبارەی ئەزموونە هونەرییەكەی خۆیەوە كورتە باسێكی لەسەر پەیوەندیی تابلۆكانی بە هەردوو خواوەندی گریكی (دیۆنیسیۆس) و (ئەپۆلۆ) باس كردبوو، ئەم كورتە نووسینە، پێش بینینی تابلۆكان، دەبێتە دەروازەیەك تا ئێمە لەوە بگەین كە هونەرمەند (سۆنیا بەشیر) بە پاشخانێكی فەلسەفیی هونەریەوە كاری كردووە، پەیوەندیی ئیشەكانی بە خواوەندی دیۆنیسیۆس و ئەپۆلۆ، وا دەكات ئێمە بە چاوێكی فەلسەفی، هونەری، سۆفیگەری تەماشای كارەكانی بكەین.

هێزی ژیان و هێزی هونەر لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(1/2)

لێرەوە دەبێت ئێمە بەو چاوە لەو كارانەی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر) بڕوانین، تا چەند هێزی هونەریی سرووشت لە دەروونی هونەرمەنددا بەرجەستە دەكەن؟ تا چ سنوورێك پەیوەندیی هونەرمەند لەگەڵ هێزی هونەری سرووشت و هێزی ژیان نیشان دەدەن؟ بزانین ئەم كارانە تا چەند سرووشتی خەون و مەستیی هونەرمەند بەرجەستە دەكەن؟ ئایا تابلۆكانی ئەم پێشانگایە دەتوانن یەكبوونی مرۆڤی خەونبین و هونەرمەندی مەست لە خەونێكی ڕەمزیدا لەگەڵ جیهاندا كەشف بكەن؟

هێزی ژیان و هێزی هونەر لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(1/2)

لەگەڵ تەماشاكردنی تابلۆكان و وتووێژێكی گەرموگوڕ لەگەڵ هونەرمەند (سۆنیا بەشیر) چەند سەرنجێكم لەلا پەیدا بوون، كە لە خوارەوە دەیاننووسمەوە:
(1)
كارئەكتەری نێو تابلۆیەكان:
گشت تابلۆكان كارئەكتەرێك، یان دوو كارئەكتەری ڕاستەوخۆی تێدا بوو، لە هەندێك تابلۆشدا، هەندێ كارئەكتەری دیكە، بە شێوەی تابلۆ لە نێو تابلۆدا ئامادەییان هەبوو، زۆربەی تابلۆكان، ژنێك، یان كچێك و پیاوێك لەگەڵ شەراب و سرووتێكی هونەری ئامادەییان هەبوو، دانیشتن لەسەر كورسی و مێزێكی ڕەنگین، بوتڵ و گڵاسی شەراب، جگەرە و تەپلەك، ئامێز و ماچ، جەستەی ڕەنگین و نیمچە ڕووت، ڕامانكردن و بیركردنەوە، خەونبینین، مەستی، شاعیرییەت و هونەرێكی خۆڕسك لە نێو تابلۆكاندا بەرجەستە بووبوون.
بەشێوەیەكی گشتی، كارئەكتەری نێو تابلۆكان، كەسێتی مرۆڤێكی هونەرییان بەرجەستە دەكرد، هونەرمەندێك كە سرووش لە خواوەندی شەراب (دیۆنیسیۆس) و (ئەپۆلۆ) وەردەگرێت، ژیانی خۆیان دەكەن بە ئەزموونێكی هونەری، واتا مرۆڤەكانی نێو ئەم تابلۆیانە، لە ڕێی چێژ و هونەرەوە ئەزموونی جیهان و ژیان دەكەن.
لێرەوە ئەم كارئەكتەرانە لە ڕوانگەی هونەرمەندەوە، ئەو كەسانەن كە هونەرمەندانە دەتوانن هاوشێوە و ناوەڕۆكی ئەو هونەرمەندە ڕەسەنەكە بن، كە لە نێو سرووشتدا دەردەكەوێت، واتا ئەو فیگۆرانە، بەو شێوە و ئەو دۆخەی لە نێو تابلۆكاندان، وێنەیەكن بۆ نموونەی ڕەسەنایەتیی مرۆڤی سرووشتی و مرۆڤی هونەرمەندی خەونبین و مەست، كەلە گەڵ جیهاندا لە نێو گونجانێكی سرووشتیدا یەكی گرتووە.

هێزی ژیان و هێزی هونەر لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(1/2)

(2)
هونەر وەك چالاكییەكی میتافیزیكی:
لە زۆربەی تابلۆكاندا جەستەی كارئەكتەرەكان بە جۆرەها ڕەنگ نیشان درابوون، پێستی كارئەكتەرەكان بە ڕەنگی شین، زەرد، قاوەیی و ڕەنگی تریش نەخشێندرابوون. دیارە ڕووتی و نیشاندانی پێستی جەستەی مرۆڤ لە هونەردا، دەكرێت ئاماژەیەك بێت بۆ ڕووتیی مرۆڤ لە نێو سرووشتدا، واتا كەسەكان كەسی سرووشتین نەوەك كولتووری، جەستەی ڕووت، هێمایە بۆ ئەو جەستە ئازادەی لە نێو سرووشتدا خۆی وەك خۆی دەنوێنێتەوە، بە سرووشتی خۆی خۆی بەیان دەكات، بەتایبەتیش كە ئەو جەستە سرووشتییە هەموو ڕەنگێكی سرووشت لەسەر پێستی خۆی بەرجەستە دەكات، بەمەش وەك بەشێكی زیندووی سرووشت دەردەكەوێت. لەلایەكی دیكەش ئەم جەستە نیمچە ڕووت و ڕەنگینانە، دەمانبەنەوە بۆ ئەو هونەرە سەرەتاییەی مرۆڤ لەسەر جەستەی خۆی دەینواندا، لە ڕێی كوتانی ڕەنگی جۆراوجۆر و تاتۆ و، ئەو وێنە و ڕەمزییانەی لەسەر جەستەی خۆی دەیكوتین. ئەو جۆرە هونەرە سەرەتاییە، كە ئێستا بە جۆرێكی دیكە لە جیهانی هاوچەرخدا پەیڕەو دەكرێت، لە ئەسڵدا جۆرە قودسییەتێكی مرۆیی هەیە، هونەرێكە پەیوەندی بە حیكمەتی باڵا و بەرزی ڕەوانی مرۆڤەوە هەیە، بەرجەستەكردنەوەی ئەم جۆرە قودسییەت و باڵاییە لە كارەكاندا، لەگەڵ كەش و سرووشتی حیكمەتی دیۆنیسیۆسی و ئەپۆلۆیی، قووڵاییەكی مێژوویی و هونەرییان بە تابلۆكان بەخشیبوو، لێرەدا نیشاندانی ڕەنگینی پێستی مرۆڤ، وەك چالاكییەكی میتافیزیكی لەسەر جەستە، بەرجەستە بووبوو!.

هێزی ژیان و هێزی هونەر لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(1/2)
Top