مەسرور بارزانی ودبلۆماسیەتی نیشتمانی

مەسرور بارزانی ودبلۆماسیەتی نیشتمانی

هەمیشە دیبلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان لەخزمەتی بەهیزکردنی پێگەی هەرێمدا بووە، خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەتەی دەستبەکاربووە گشت جوڵە دیبلۆماسیەکانی بەئاراستەی چنینەوەی دەستکەوت و دورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لەمەترسیەکان بووە.
ئاراستەی دیبلۆماسیەتی مەسرور بارزانی فرەجەمسەرە، بەومانایەی کە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان هەرکوێی خواست ئەو لەوێیە و بۆ ئەوێ دەچێت، خۆی حکومەتەکەی بەشێك نابن و نین لە ململانێ ناوچەوی و نێودەوڵەتیەکان، دواین سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەریتانیا کە وڵاتێکی زلهیزی جیهانیە بایەخ و گرنگی خۆیی هەیە، چونکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەم کاتە هەستیارو بارودۆخە پڕ مەترسیەدا کە جیهان تێی کەوتووە بەهۆی شەری نیوان روسیاو ئۆکرانیا هەموو وڵاتان بەدوای بەژەوەندیەکانی خۆیاندا دەگەڕێن، دەتوانین بڵێین ئەم سەردانەی بەریتانیا یەكێك لە گرنگترین ئەو سەردانانەیە كە بەدرێژایی سی ساڵی رابردو بەرپرسێکی کوردستان کردبێتی، چونكە بەڕیتانیا وڵاتێكی خاوەن سەنگی جیهانیە و هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایەو تائێستاش بەشداری گرنگی هەیە لە نەخشەی سیاسی جیهان بەگشتی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەتی و قسەی یەکلاکەرەوەی هەیە لەبارەی پرسە جیهانیەکانەوە.
کات و مەبەستی سەردانەکە و شێوازی پێشوازی و کۆبوونەوە گرنگەکانی سەردانەکە پێمان دەڵێت ناکرێت پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێکی وەك بەریتانیا لە ڕوانگەی تەسکی حیزبیەوە تەماشابکرێت، ئەمە ڕوانگەیەکی ئەقڵانی پێویستە کە تەنها بەرژەوەندی نەتەوەیی و ستراتیژی نیشتمانی پێوەری بن، بەشێوەیەك هەموو نیشتمانپەروەرێکی کوردستان شانازی پێوە بكات جا لە هەر جێگەو شوێنێك بێت و سەر بە هەر حیزب و بیروباوەرێک بێت.
وەك ڕاگەیەنراوە لەم سەردانەدا سەرۆکی حکومەت داوای پشتیوانی لە بەریتانیا کردوە بۆ هەرێمی کوردستان و باسی لە پرۆژەی ناردنە دەرەوەی غازی کوردستان کردووە، کە ئەمە بابەتێکی ستراتیژی دورمەودای هەیە بایەخدارە و پرۆژەیەکە کوردستان گرێدەدات بەئەوروپاوە لەسەر ئاستی ئەوروپایش وەك دەرچەیەك بۆ رزگار کردنی ئەوروپاش لە وابەستەبوون بەڕوسیا تەماشا دەکرێ، کە کارکردنە لە کەیسی غاز و سوتەمەنی کە بەهۆی جەنگی روسیاو ئوکرانیاوە ئەوروپا ئستا توشی کێشەبووە تیایدا.
بابەتەکە تەنها بۆ هەرێمی کوردستان جێی گرنگی نیە بەڵکو لەلایەن بەریتانیەکانیشەوە ئەوە بابەتێکی گرنگە و ئەوانیش مەبەستیانە سەرچاوەی نوێ بدۆزنەوە و دیاریشە دەیانەوێ کە هەرێمی کوردستان لەو پرۆژەیەدا جێ پێی هەبێ، هەربۆیە بینیمان کە گشت ئاستەکاندا بایەخ بە سەردانەکە درا، وە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیەوە و هەم لەلایەن گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە گرنگیەکی زۆر درا بە خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەردانەکەی بۆ بەریتانیا .
ئەوانەی کە لە گرنگی ئەم جوڵە دیبۆلۆماسیانە کەم دەکەنەوە یان لە هاوکێشەکان تێناگەن و کورتبینانە تەماشای دەکەن، یانیش هەر نایانەوێ ڕاستیەکان ببینن و سەرکەوتنی میلەتی خۆیان دڵخۆشیان ناکات و دەستکەوتی نیشتمانی بە پێوەری تەسکی حیزبی و شەخسی دەپێون، بەشێکیش لەوانە خۆیان شتێکی ئەوتۆیان نیە شانازی پێوەبکەن و مێژوویان خاڵیە لە دەستکەوتی نیشتمانی و بگرە پڕیشە لە هەنگاوی دژ بە خواستە نەتەوەییەکان، زۆرێك لەوانە وەها بیردەکەنەوە دەتوانن خەڵك چەواشە بکەن و ئابڕوچوونەکانی خۆیانیان لەبیربەرنەوە، ئەوانە تەنانەت ئەوەند کورتبینن هەنگاوی دژەنیشتمانیانەی خۆیان وەك دەستکەوت بەخەڵك دەفرۆشنەوە! سەرکەوتنەکانی حکومەتیشیان کاتێك قبوڵە کە خزمەتی حیزبەکەیان بکات نەخزمەتی نەتەوە و نئیشتمان، کە بێومان ئەوە دیدی ناوچەگەریە و ناتوانێ حوکمڕانی پێ بکرێت.
بەشێکی زۆر لەوانە ڕێساکانی ڕکابەریکردنیش نازانن و دەسکەوتە نیشتیمانیەکان نادیدە دەگرن چونکە خۆیان نەخشیان نەبووە لە بەدیهێنانیدا، ئەوانە حەز دەکەن ئەم وڵاتە وێران ببێت بەس بۆئەوەی بیانویەکیان هەبێ بڵێن پارتی کەموکورتی هەیە لەحوکمڕانی!، ئامادەن ئەجێندای وڵاتانی ناوچەکە و نەیارانی کورد جێبەجێ بکەن تەنها لەپێناو لاوازکردنی ڕکابەرەکەیان و دواجاریش شکستی نەتەوە و نیشتمان، بێگومان مێژوویش سەلماندویەتی ئەو جۆرە لە تێڕوانین زوو شکست دێنێت و ئایندەی نابێ، مانەوە تەنها بۆ دیدی نیشتمانی و بەهێزکاری نیشتمان و ستراتیژی نەتەوەییە کەسەرۆکی حکومەت و کابینەکەی ئێستا نمایندەی دەکەن.

Top