لەنجە دزەیی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:   پارتی هەموو شێوازەكانی هەڵبژاردنی تاقی كردووەتەوە بە پشتبەستن بە جەماوەری هەردەم براوەی یەكەم و پێشەنگ بووە

لەنجە دزەیی  پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:     پارتی هەموو شێوازەكانی هەڵبژاردنی تاقی كردووەتەوە  بە پشتبەستن بە جەماوەری هەردەم براوەی یەكەم و پێشەنگ بووە

 

 

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی ڕاگرتووە و ماوەی زیاتر لە مانگێكە پەرلەمان پەك خراوە، ئەمە لە كاتێكدا هاووڵاتیان چەندین كێشە و گرفتیان هەیە، بەتایبەتی دیارنەمانی پارەی بانكەكانی سلێمانی، سەبارەت بەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی لەنجە دزەیی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان كرد و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.

 

*  لەگەڵ بوونی كێشە و گرفتی زۆری هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان و یاداشتی پەرلەمانتاران بۆ گرێدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و قسەكردن لەسەر كێشەی خەڵك، كەچی وەك دەبینین سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی ڕاگرتووە و ماوەی زیاتر لە مانگێكە پەرلەمان پەك خراوە، بۆچی پەرلەمانی كوردستان پەك خراوە و ئایا ئێوە وەك پەرلەمانتاران هەڵوێستان لەسەر ئەم پەكخستنە چییە؟

-  پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان دەبێت هەردەم لە خەمی خەڵك و كێشە و گرفتەكانیان بن، بۆیە‌ هیچ هۆكار و پاساوێك نە دروستە‌ و نە قابیلی قبووڵە بۆ ڕاگرتن و پەكخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمان. وەك لە پرسیارەكەشتان ئاماژەتان پێ دا، بەوەی‌ كۆمەڵێك كێشەی هاووڵاتیان هەیە كە پێویستە‌ كۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ ئەنجام بدرێت، هەروەها ٢٣ پێشنیاری یاسایی جیا جیا لە فراكسیۆنەكان پێشكەش كراون، كە پێویستە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت. دەبێت بابەتەكانی ڕۆژ كە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان گرنگن دانیشتنی پەرلەمانیان بۆ بكرێت و لە ئەولەوییەتی بەرنامەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بن. بەڵام بەداخەوە لە ١ی مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تەنیا یەك دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام دراوە بۆ دەستپێكی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم، واتە زیاتر لە پەنجا ڕۆژە پەرلەمان دانیشتنی ئەنجام نەداوە. لای هەموومان ڕوونە و دەزانین كە بە پێی ماددەی ١٨ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتكردنی ئەندامانی پەرلەمان بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمان، لە چوارچێوەی ئەرك و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانە، بەڵام بەداخەوە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان پێشێلی ئەو پەیڕەوەی كردووە و ئیستغلالی دەسەڵاتەكە‌ی كردووە لە پێناو بەرژەوەندیی حزبەكەیدا و دانیشتنەكانی پەرلەمانی ڕاگرتووە. وەك فراكسیۆنی پارتی دووپاتی دەكەینەوە كە دەبێت سەرۆكی پەرلەمان بە ئەرك و بەرپرسیارەتی یاسایی و پەیڕەوی ناوخۆی هەڵبستێ و بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بكات بۆ دانیشتنی پەرلەمان، تا نەگاتە ئەوەی كە وەك زۆرینەی پەرلەمانی بە پێی ماددەی ٨ ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كە لایەنی كەم سێ یەكی ژمارەی ئەندامان دەتوانن بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمان بكەن، بانگهێشت بۆ دانیشتنی پەرلەمان بكرێت.

*  بیانووی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پەكخستنی پەرلەمان وەك باس دەكرێت، پرسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، ئەمەش لە كاتێدایە 39 پەرلەمانتار پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاساكەیان پێشكەش كردووە، لەم حاڵەتەدا دەبێت سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشتی پەرلەمانتاران بكات بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆببێتەوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاساكە بكات، بەڵام ئەمەش ناكات، ئایا هۆكاری ڕاستەقینەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كۆنەبوونەوەی پەرلەمان چییە؟

- سەرەتا بیانووەكان پرسی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بوو، كە یاسای كۆمیسیۆن لە ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٩ ماوەكەی بەسەرچووە و بە پێی یاسا ناتوانێت سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بكات، هەتا لەلایەن پەرلەمانەوە كارا نەكرێتەوە. زۆربەی لایەنەكان و فراكسیۆنەكان داوایان دەكرد كە كۆمسیۆن وەك خۆی هەموار بكرێتەوە، ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوە بووین كە دەبێت كۆمسیۆن بە پێی ئیستحقاقی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨ دروست بكرێتەوە. بەڵام لە پێناو سازان و هەنجەتبڕكردنی هەندێ لایەن، لە دانیشتنی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لە ١٣ی ئاداری ئەمساڵ، پارتیمان هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و دەستی لەو ئیستحقاقەی خۆی هەڵگرت و ڕازی بوو كە كۆمیسیۆن وەك خۆی كارا بكرێتەوە. دەربارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەگەرچی پارتیمان هیچ فەراغێكی تەشریعی لە‌‌ یاسای هەڵبژاردن كە هەیە، نابینین، لەگەڵ ئەوەش دەرگای گفتوگۆ و سازانمان لەسەر ئەو بابەتە دانەخستووە و فراكسیۆنی زەرد هیچ سا‌نسۆری لەسەر ئەو بابەتە دانەناوە. ئەگەر هەر لایەنێك مكووڕ بووە لەسەر هەمواری یاساكە، كێ ڕێگر بووە لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو، یان لە سەرەتاكانی ئەمساڵ، یان بە لایەنی كەم لە سەرەتای دەستپێكی ئەم وەرزەی یاسادانان پێشكەشیان بكردایە، نەك بە پەلەپەل كە فراكسیۆنی یەكێتی لە ٢٨ی ئادار بە واژووی ٣٩ پەرلەمانتار پڕۆژەیەكیان پێشكەش كرد، كە تەنیا دوو ڕۆژی مابوو لەو وادەی كە كۆمیسیۆن دەبووایە دەست بە كارەكانی بكات بە فەرمی تا هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، ئێستاش نەچووە بچێ، با سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بكات و با ئەو پڕۆژەیە لە ئەولەوییاتی بەرنامەی كار دابنرێت و ڕێكارە پەیڕەوییەكانی خۆی بگرێتەبەر، كە ئەوەش ناكەن، زیاتر ڕوون دەبێتەوە كە ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نین و ئامادە نین كە ئەم هەڵبژاردنە لە كاتی خۆیدا بكرێت.

*  سەرۆكی پەرلەمان باس لە گەیشتن بە سازان دەكات لە نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و، هیچ كام لە فراكسیۆنەكانیش دژی سازان نین، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و سازان، كە ئەم زەمینەیە هەبێت، ئایا بیانووەكەی سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ ئەم واقیعە یەك دەگرێتەوە؟

-  ئەوان هەردەم باس لە سازان دەكەن و هەردەم خۆشیان بنەماكانی سازان دەشكێنن، وەك لە پرسیاری پێشوتریش باسم كرد، پارتیمان لە پێناو سازان دەستبەرداری ئیستحقاقی خۆی بوو و ڕازی بوو كۆمیسیۆن وەك خۆی هەموار بكرێتەوە. پارتیمان هەموو شێوازەكانی هەڵبژاردنی تاقی كردووەتەوە، چ یەك بازنەیی بێ، یان فرە بازنەیی، بە پشتبەستن بە جەماوەری دڵسۆزی خۆی هەردەم براوەی یەكەم و پێشەنگ بووە لە گشت هەڵبژاردنەكان، ئەنجامەكانی دواهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ بەڵگەن بۆ ئەوەی دەیڵێم. بەڵام پارتی یەك بازنەیی پێ دروستە لە هەڵبژاردن تا هەر ئەندامێكی پەرلەمان بە فیعلی نوێنەری هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان بن، هەروەها ماف و ئیستحقاقی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیش لە نوێنەرایەتییان لە پەرلەمانی كوردستان پارێزارو بێت، پارتی بۆ یاسای هەڵبژاردنیش ئامادەی ڕێككەوتن و دۆزینەی خاڵی هاوبەش بووە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن، هەروەها لە پرسە نیشتمانییەكان زۆرینە و كەمینە بەكار ناهێنێت، لە بابەتی كۆمیسیۆن سەلماندمان كە زۆرینە و كەمینەمان بەكار نەهێنا.

* ئێستا كێشمەكێشیكی زۆر لەسەر دواكەوتنی مووچەی هاووڵاتیان بە گشتی و نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی هەیە، كەچی پەرلەمان بە بێدەنگی سەیری ئەم كارەساتە دەكات. ئایا كۆنەبوونەوەی پەرلەمان لەسەر ئەم مەترسییە گەورەیەی پەیوەندی بە قووت و ژیانی خەڵكەوە هەیە، ئێوەی پەرلەمانتار ناخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی؟

-  بەداخەوە ئەم جۆری مامەڵەیەی لە ٢١ی مانگی نیسان لە پێش بانكەكانی سلێمانی بەرامبەر بە خانەنشینانی قەدرگرانی سلێمانی كرا‌‌، زۆر نیگەرانی كردووین، هۆكاری سەرەكیشی لەلایەن هەموو خەڵك ڕوونە كە نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكانە لە پارێزگای سلێمانی بۆ وەزارەتی دارایی و خەزێنەی حكومەت، كە بووەتە هۆكاری‌ دروستبوونی ئەو دۆخە سەختە بۆ خانەنشینانی بەڕێز. ئەو بابەتە و كێشەی مووچەی فەرمانبەران و پەكخستنی خزمەتگوزارییەكان وەك دابینكردنی دەرمان و بابەتی زبڵ و خاشاك لەو پارێزگا و یەكە ئیدارییانەی باسمان كردن و چەندین بابەتی دی، كە بە هۆی نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانی بۆ ناو خەزێنەی حكومەت دروست بوون، ئەمانە پرسی هەنووكەیی گرنگن، پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵك لەم ناوچانە و دەبێت هەموو ئەندامانی پەرلەمان پاڵەپەستۆ بكەین تا سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی بە ڕاگرتنی دانیشتنەكانی پەرلەمان بهێنێت و لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان بخرێنە‌ بەرنامەی كارەوە.

*  لە ناو ئەم واقیعە سیاسییە تاڵەدا، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە بوێرانە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ڕاستییەكانن چۆنن، هەر بەو شێوەیە بۆ خەڵك ئاشكرا بكرێن، بەوەی هۆكارە شاراوەكانی پشت ئەم واقیعەی ئێستای ناو پەرلەمان چییە؟

-  ئێستا خەڵك زۆر هۆشیارە و بەری ڕاستییەكان كەس ناتوانی بە بێژنگ بگرێت، هەر نموونەیەكی ساناتان بۆ دێنم لە نەگەڕانەوەی داهات لە سنووری پارێزگای سلێمانی. داهاتی گومرگی گشتی لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك ٦٩% و لە پارێزگای سلێمانی ٣١%ـە، كە دڵنیاین و بەڵگەش هەیە كە داهاتی گومرگی لە پارێزگای سلێمانی زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە كە دەینێرنەوە بۆ وەزارەتی داریی، دەبێت پەرلەمان و خەڵكیش بپرسن ئەو هەموو داهاتە چی لێ دێت و كێ دەیبات؟ ئێستا هەندێ میدیا و كۆمەڵێك پەیجی چەواشەكار لە سۆشیال میدیا دروست كراون بۆ چەواشەكاری و تێكدانی بارودۆخی هەرێمی كوردستان. ڕاستیت دەوێت جگە لەمانە واقعێكی تاڵ هەیە، بە تایبەت لە دوای دروستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان، كە ئەو پارتە سیاسییانەی لەگەڵ پارتیمان هاوبەش بوون لە پێكهێنانی كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سیاسەتی «پێیەك لە دەسەڵات و پێیەك لە ئۆپۆزیسۆن»یان پەیڕەو كردووە، كە ئەم جۆرە سیاسەتە لە هیچ حوكمڕانییەكی دیموكراسی و ڕەشید لە وڵاتانی دونیا پێڕەو ناكرێت و هەر بوونی نییە.

*  هەندێك لە چاودێرانی قسەخۆش، نوكتەیەكیان لەسەر پەرلەمانتارانی ئەم خولە دروست كردووە و دەڵێن، هەموو پێیان خۆشە هەڵبژاردن نەكرێت و ئەم خولە درێژ بكرێتەوە، لەسەر هەوڵەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستان لەكاتی خۆی ڕات چییە و هەوڵەكانی ئێوە وەك فراكسیۆنی پارتی بە كوێ دەگات؟

- من لەو بابەتە تەنیا لە بڕیار و تێڕوانینی فراكسیۆنی پارتیمان و خۆم بە شانازییەوە وەك ئەندامێكی ئەم فراكسیۆنە بەرپر‌سیارم، چۆن پێشتر لە سەرچاوە فەرمییەكانی فرا‌كسیۆن ڕایگەیاندووە و ئێستاش بۆتانی دووپات دەكەینەوە كە فراكسیۆنی پارتی بە هەموو شێوەیەك ئامادەیە و ١٠٠% لەگەڵ ئەوەداین كە هەڵبژاردن لە كاتی یاسایی خۆیی ئەنجام بدرێت.

 

Top