ئەنجامی هەڵمەتی گەڕانەوەی قوتابییە دابڕاوەكان دڵخۆشكەرە

ئەنجامی هەڵمەتی گەڕانەوەی قوتابییە دابڕاوەكان دڵخۆشكەرە

 

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی ڕێكخراوی یونیسێف ماوەی دوو ساڵە پڕۆژەی گەڕانەوەی قوتابییە دابڕاوەكان، یان ئەو قوتابییانەی كە هەرگیز نەچوونەتە بەر خوێندن جێبەجێ دەكات، بۆ ئەمساڵ پڕۆژەكە لە ڕێگەی 100 ڕێنماییكار بە چەندین تیم ئەنجام درا، كە كۆڵان بە كۆڵان لە سەرجەم گوند و ناحیە و قەزاكان و سەنتەری پارێزگای هەولێر دەگەڕێن و، لە دەرگای هەموو ماڵێك دەدەن، پڕۆژەكە لە سنووری پەروەردەی گشتیی هەولێر بەڕێوە دەچێت، كە یازدە پەروەردەی قەزا و ناحییەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان تیشك دەخەیەنە سەر دەرەنجامی هەڵمەتەكە و بەشداربووانی ڕاپۆرتەكەش ڕا و سەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

«دوای هەوڵی وەزارەتی پەروەردە و ڕێكخراوی یونیسێف كوڕەكەی من گەڕایەوە بۆ خوێندن و تا ئێستا بەردەوامە و سوودی زۆری لە هەڵمەتی گەڕانەوەی قوتابیان بۆ خوێندن بینیوە». ئەمە قسەی شڤان بۆتانی بوو. وەك خۆی باسی دەكات، كوڕەكەی یەكێكە لە سوودمەندانی پڕۆژەكە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئێمە وەكو كەسوكاری قوتابی سوپاسی هەوڵی هەموو لایەك دەكەین بۆ گەڕانەوەی قوتابیانی دابڕاو لە خوێندن، ئەمە دەبێتە هاندانی زیاتری قوتابیان بۆ پرۆسەی خوێندن، كوڕەكەم لە پێناو كاركردن لە پۆلی هەشتی بنەڕەتی وازی لە خوێندن هێنا، بەڵام ئێستا بە خۆشحاڵییەوە لە خوێندن بەردەوامە».

پشتیوان ساڵح بەرپرسی چالاكیی قوتابخانەكانی پەروەردەی خەبات و ڕێنماییكاری پڕۆژەكە، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ئەم پڕۆژەیە بە هاوكاریی ڕێكخراوی یونیسێف لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردە ئەنجام درا، كە بریتی بوو لە هەڵمەتێكی مەیدانی و بۆ ماوەی پەنجا ڕۆژ بەردەوام بوو. لە هەر پەروەردەیەك دوو تیم لە مامۆستایان و توێژەران پێك هاتبوون بۆ گەڕانی مەیدانیی ماڵ بە ماڵ بە مەبەستی گەڕانەوەی قوتابیانی دابڕاو، وەك بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی خەبات لە ژێر چاودێریی بەڕێز بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات تیمەكانمان دابەشی سەر سەنتەری قەزای خەبات و هەر سێ ناحیەی دارەشەكران و كەورگۆسك و ڕزگاری كرد، كە ژمارەی قوتابخانەكان لە سەرووی 150 قوتابخانەیە و نزیكەی 800 قوتابیی دابڕاومان لە سنووری پەروەردەی خەبات هەبوو، كە بە هۆكاری جیاجیا وازیان لە خوێندن هێنابوو. ئەم هەڵمەتە بۆ ماوەی 50 ڕۆژ بەردەوام بوو، تیمەكانمان توانییان 300 قوتابی بگێڕنەوە بۆ خوێندن و لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن بەردەوام بن. ئەوانەشی نەگەڕانەوە هۆكاری تایبەت بە خۆیان هەبوو، كە بەشێك لە كچانی ئامادەیی چووبوونە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە، بەشێكیش بە هۆی سەختیی هاتوچۆ لە گوندەكان و نەبوونی قوتابخانەی ئامادەیی لە گوندەكەیان وازیان لە خوێندن هێنابوو، كاریگەریی هاوڕێیان و ئالوودەبوون بە یارییە ئەلكترۆنییەكان بەشێكی تری هۆكارەكان بوون بۆ دابڕانی قوتابیان لە خوێندن».

پشتیوان ساڵح بەرپرسی چالاكیی قوتابخانەكانی پەروەردەی خەبات لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا جەختی لەوە كردەوە كە «ساڵ بە ساڵ ڕێژەی دابڕانی قوتابیان لە خوێندن لە بەرزبوونەوەدایە و ژمارەیەكی زۆری دایك و باوكان ئومێدیان بە پڕۆسەی خوێندن نەماوە بۆ پاشەڕۆژی منداڵەكانیان، بە بیانووی ئەوەی كە تەواوكردنی خوێندن بێ ئەنجامە و بۆ پاشەڕۆژی منداڵەكانیان سوودی نییە. واتە پێیان باش بوو منداڵەكانیان بۆ پاشەڕۆژی خۆیان كارێك بكەن». گوتیشی: «سەرەڕای هەموو ئەو هۆكارانە تیمەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی خەبات توانییان 300 قوتابی لە كۆی 800 قوتابی بۆ پڕۆسەی خوێندن بگێڕینەوە».

پەیام غەریب توێژەری كۆمەڵایەتییە و وەك سەرۆكی تیمی سەنتەری خەبات دەڵێت: «ئێمە وەكو پەروەردەی خەبات دابەش كراین بۆ سەر سێ تیمی سەرەكی و هەر تیمێك سەرۆكێكی بۆ دەستنیشان كرابوو، ئەویش بۆ ڕێكخستنی كارەكان و تێپەڕاندنی بە ئاسانی، من بە یاوەری دوو هاوڕێی بەڕێزم كە یارمەتیدەرم بوون بۆ هەوڵی گەڕانەوەی ئەو قوتابییانەی كە لە خوێندن پاشگەز ببوونەوە، ئەویش لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا جا بە هەر هۆكارێك بووبێت. ئامانجی ئێمە لە پڕۆژەكە گەڕاندنەوەی ٥٠٠ قوتابی بوو، بەڵام توانیمان ١٣٣ قوتابی گەڕاوە تۆمار بكەین، كە بە فیعلی گەڕانەوە بەر خوێندن، ئەویش بە هاوكاریی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان كە یارمەتیدەرمان بوون بۆ ناردنی ناوەكانیان، مایەی خۆشحاڵییە كە خەڵكەكە بە ئاستێكی بەرز و شێوازێكی باش پێشوازییان لە تیمەكانمان دەكرد، بە تایبەتی خێزانی قوتابی دابڕاو، بەڵام كێشە لە قوتابییەكاندا بوو، كە ئەوان حەزی خوێندنیان نەبوو».

پێشتر حەسەن سامی حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە پەروەردەی گشتیی هەولێر، وردەكاریی پڕۆژەكەی خستەڕوو و هەر لەو بارەیەوە بە گوڵانی ڕاگەیاند: «پڕۆژەی گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییانەی كە دابڕاون، ڕێكخراوی یونیسێف لە ڕووی داراییەوە پشتیوانیمان دەكات و تیمەكانی خۆمان جێبەجێی دەكەن، تیمەكانیشمان لە پارێزگای هەولێر لە 100 ڕێنماییكار پێكهاتوون بە سەر 20 تیم دابەش كراون، هەڵمەتەكە هەموو قەزا و ناحیە و گوندەكانی سنووری پارێزگای هەولێری گرتووەتەوە، پڕۆژەكە لە سنووری پەروەردەی گشتیی هەولێر بەڕێوە دەچێت، كە یازدە پەروەردەی قەزا و ناحییەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، بەپێی ئەو ئامارانەی كە لەبەر دەستمانن، ئامارەكان دڵخۆشكەرن، ئامانجمانە بە لانی كەمەوە نزیكەی حەوت هەزار قوتابی بگەڕێنینەوە بەر خوێندن، دڵنیام ژمارەكە لەوەندەش زیاتر دەبێت، چونكە تیمەكانمان چالاكانە ڕۆژانە سەردانی دایك و باوكەكانیان كردووە، پڕۆژەكەمان گشتگیرە و ئامانجمان هەم گەڕاندنەوەی قوتابیی دابڕاوە، هەم منداڵی تۆمار نەكراو، دابڕاو ئەو قوتابییانە دەگرێتەوە بە هۆكارێك لە هۆكارەكان لە خوێندن دابڕاون، تۆمار نەكراویش ئەو منداڵانەن كە بە هیچ شێوەیەك نەچوونەتە قوتابخانە و تا ئێستا ناونووس نەكراون.» گوتیشی: «ئەو قوتابیانەی كە دەگەڕێنەوە دووبارە ناویان تۆمار دەكرێتەوە، ئەو قوتابیانەش كە ئارەزوومەند نین بگەڕێنەوە، فایلیان بۆ دەكەین و هەوڵ دەدەین ساڵی داهاتوو بە هەمان شێوە كار لەسەر ئەو كەیسانە بكرێت، لە بەر ئەوەی هەموو تاكێك مافی خوێندن و فێربوونی هەیە، ئەو هەڵمەتە وادەكات لە هەموو قۆناغەكانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی قوتابی لەو پۆلەی كە جێی هێشتووە، دەست بە خوێندن بكاتەوە، ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئاسانكارییان بۆ دەكەین».

بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە پەروەردەی گشتیی هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو: «پار پڕۆژەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو ڕێكخراوی یونیسێف و یونسكۆ و دەزگای خێرخوازیی بارزانی جێبەجێ كرا، بەڵام پڕۆژەكە تەنیا لە پێنج پەروەردە جێبەجێ كرا، لە كۆی 3500 قوتابی ئامانجمان بوو 2500 قوتابی بگەڕێنینەوە بەر خوێندن، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە توانیمان 2840 قوتابی بگەڕێنینەوە بەر خوێندن. هاوكات ئەو پڕۆژەیە لە پەروەردەی گشتیی دهۆك و سلێمانی بە هەمان شێوازی كاركردن و لە هەمان كات جێبەجێ دەكرێت. ئێمە بە هەموو توانایەكمان هانی دایك و باوكان دەدەین بۆ ئەوەی ناوی منداڵەكانیان تۆمار بكەن، هەروەها داواكارین لە ڕێگەی میدیاوە هانی دایك و باوكەكان بدرێت، بۆ ئەوەی منداڵەكانیان لە دەرفەتی فێربوون بێبەش نەبن».

 

Top