سروشت، جوانییەكی بێ كۆتا

سروشت، جوانییەكی بێ كۆتا

ئا/ تاریق كارێزی

ئێمە بێ ئەوەی ڕوخسەت لە كەس وەربگرین، چێژ لە جوانیی سروشت وەردەگرین. چێژ پەیوەستە بە هەست و سەلیقەی مرۆڤەوە، كێشان و پێوانی نییە. بۆ چاو، وەك یەكێك لە پێنج هەستە ئاشكرایەكەی مرۆڤ، جوانی سەرچاوەی تەواوی چێژە. سروشت سەرچاوەیەكی نەبڕاوەی جوانی و چێژە، چونكە كانگایەكی لە بن نەهاتووی جوانییە. ڕەنگە من و تۆ لە شرۆڤە كردنی ڕازی جوانیی سروشت كۆڵەوار بین، خۆ بە ڕاست ئێمە نە لە خۆمان و نە لە هیچ كەسێكمان نەپرسیوە، ئەرێ ڕازی پەنهانی ئەم جوانییەی سروشت لە چییەوە، لە كوێوە، لە كام كانگای سیحراوییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ لەبەر چی سروشتمان بە لاوە جوانە؟ ئایا جوانیی سروشت هەڵگری واتایەكە، یان جوانییەكەی خۆبەخۆ بەهایەكی فراوان و بێ سنوورە؟

سروشت، جوانییەكی بێ كۆتا

لە ڕووی جوانییەوە، سروشتی كوردستان پەسن و باسی بێ كۆتایە. هەر بێگانەیەك بێتە كوردستان، یەكێك لەو شتانەی زۆر سەرنجی ڕادەكێشێت، جوانیی سروشتی كوردستانە. هەر ئەو جوانییەشە بە لێشاو گەشتیار لە عەرەبستانی عیراقەوە بەرەو هەوارگە و شوێنانی گەشتیاریی كوردستان ڕأدەكێشێت. جوانیی كوردستان لە لای هونەرمەندی شێوەكار خوێندنەوەیەكی دیكەی بۆ دەكرێت. سروشت لە وڵاتی ئێمەدا بەیارێكی زۆر بەرینە، جوانییەكەی بێ ئەندازەیە. بۆ هەزار ساڵ ئەگەر شێوەكارانی وڵات جوانیی سروشت بكەن بە تابلۆ، پێم وا نییە لاپەڕەكانی ئەو جوانییە بە كۆتا بێن.

سروشت، جوانییەكی بێ كۆتا

لە ڕوانگەی ئەوەی سروشت هەردەم بابەتێكی نەبڕاوەی جوانی و جوانناسی و جواندۆزییە، بۆیە ئەم بابەتە (سروشت) دارای ئەوەیە ببێتە چاوگێكی هەمیشەیی بۆ كار و داهێنانی هونەرمەندان. بە ڕەچاو كردنی ئەوەی لەم سەردەمەدا دەستی ئێمەی مرۆڤ لە دەسكاری كردنی ڕوخسار و تۆپۆگرافیای سروشتدا كراوەترە، كە دەبینین لە لایەك مرۆڤ ڕوخساری سروشت دەشێوێنێت، لە لایەكی دیكەوە بە تەلار و پرۆژەی ئاوەدانی ئارایشتی دەدات. لێرەوە هونەر دەكرێت ڕۆڵی ئەرێنی بگرێتە ئەستۆ، بۆ مرۆڤ و پرۆژەكانی بەو جۆرە ڕێ نیشاندەر بێت، كە بەڵێ پرۆژەی ژیاندارانەی خۆت بكە، بەڵام نەكەی خەتای دژایەتی كردنی سروشت بكەیت.

سروشت، جوانییەكی بێ كۆتا

دڵشاد ئیبراهیمی نیگاركێش ئەزموونێكی زۆر جوانی لە بواری نیگاری سروشتدا پێش خستووە. ئەگەرچی هێشتا سێبەری مامۆستایەكەی (جەوهەر محەمەد عومەر)، بە سیمای بەشێكی تابلۆیەكانییەوە دیارە، هاوشانی ئەوەش تا دێت پتر لە داڕشتنی ڕێچكەی خۆی قووڵتر دەبێتەوە. ئەو لە هەڵبژاردنی دیمەن، بایەخ دان بە ڕەنگ و وردەكاریی درەخت، ئەندازەی هەڵكەوتنی خانووی گوندنشینان، زۆر نزیك كردنەوەی دیمەن و چڕ كردنەوەی كار لە چێوەی ڕووبەرێكی كەم و دەم ئاودا، هەوڵێكی سەركەوتووی بە ئاراستەی پتەو كردنی شێوازی تایبەتمەندی خۆی داوە.

سروشت، جوانییەكی بێ كۆتا

تا دێت، ئەم هونەرمەندە گەشە بە تەكنیك و شێوەی داڕشتن و جۆری بەكار هێنانی ڕەنگ و كەشی تابلۆی خۆی دەدات، ئەمانەش ڕەنگدانەوەی زۆر ئەرێنییان بەسەر چڕ كردنەوەی شێوازی بەرهەمی ئەوەوە هەبووە، تا ئەندازەی ئەوەی ئیدی تابلۆی دڵشاد ناسنامەی خۆی هەڵدەگرێت، لێرەشدا زۆر گرنگە (هونەر واژۆ)یەك بۆ خۆی گەڵاڵە بكات و تابلۆی خۆی پێ مۆر بكات. لەوە دەچێت هونەرمەند كەمتر مەشقی بەرجەستە كردن و دانای مرۆڤی لە نێو سروشتدا كرد بێت، بۆیە هێندەی فڵچە و شارەزاییەكەی بەسەر سروشتی بێگیانەوە زاڵە، هێندە لە دانانی مرۆڤ لە نێو سروشتدا كارامەیی نانوێنێت. ئەم لایەنە ئەوە لە هونەرمەند دەخوازێت، مەشقی دیدە و پراكتیك بكات، تا دامەزراوانەتر مرۆڤ لە نێو سروشت (كاكڵی تابلۆی خۆی)دا بەرجەستە بكات.
یەك شت زۆر گرنگە دووپاتی بكەینەوە، دڵشاد ئیبراهیم ڕێچكەیەكی دروستی لە هونەردا گرتووە، بۆ دواڕۆژ دەیكاتە خاوەن پێگەیەكی دیار، بە تایبەتی ئەگەر هێشتا ئەزموون و شارەزایی خۆی لە كێشانی سروشتدا قووڵتر بكاتەوە. لەو كار و لە ئێمەش چاوەڕوانی.

سروشت، جوانییەكی بێ كۆتا
سروشت، جوانییەكی بێ كۆتا
Top