زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:   سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت پەرلەمان پەك بخات و ئەمەش قبووڵ ناكرێت

زانا مەلا خالید  سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:     سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت پەرلەمان پەك بخات و ئەمەش قبووڵ ناكرێت

 

 

وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كەمتر لە شەش مانگی ماوە و، ئەمە لە كاتێكدا تەنیا كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ماوەی شەش مانگی پێویستە بۆ ئەوەی ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە بكرێت و، لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی «یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ» یاداشتێكیان بە واژووی 39 پەرلەمانتار بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بەرز كردووەتەوە، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان نە ئەم پڕۆژەیەی خستووەتە بەرنامەی كارەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆببێتەوە و لەناو هۆڵی پەرلەمان گفتۆگۆ لەسەر هەمواركردنەوە بكرێت، نە بە ئەركی سەرشانی خۆی هەستاوە كە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كارا بكاتەوە، ئەم دوو هەنگاوەش وا لە قەڵەم دەدرێن كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ پشتگیریی لایەنەكەی (یەكێتیی نیشتمانی كوردستان) كە هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە لە كوردستان هەڵبژاردن نەكرێت، دەیەوێت پەرلەمان پەك بخات. لە بەرامبەر ئەمەدا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان، پێداگری دەكەن كە هەرگیز قبووڵكراو نییە پەرلەمانی كوردستان پەك بخرێت و بۆ ئەمەش فراكسیۆنی پارتی هۆشداری داوە بە سەرۆكی پەرلەمان بەوەی ئەگەر بانگهێشتی كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكات، ئەوا ناچار دەبن پەنا بۆ ڕیكاری یاسایی و پەیڕەوی بەرن و ئەم ئاستەنگانە لابەرن كە بۆ پەكخستنی پەرلەمان دروست كراون. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە گوڵان سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەگەڵ زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەم شێوەیە گفتوگۆی لەسەر كۆی ئەو كێشانە كرد، كە ئێستا پەرلەمانی كوردستان ڕووبەڕووی بووەتەوە.

 

* وەك ئاگادارن سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستانی دیاری كردووە و، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش فەرمانی كردووە كە پێداویستییەكان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بكرێن، بەڵام ئێستا لە پەرلەمانەوە كێشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆی دروست دەكرێت، بۆچی ئەم كێشانە لەلایەن پەرلەمانەوە دروست دەكرێن؟

- ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە و، ئەركی پەرلەمانی كوردستان نییە باس لەوە بكات، هەڵبژاردن بكرێت، یان نەكرێت و، ئەوەی پرسەكەی هێنایەوە ناو پەرلەمان، ئەوە بوو كە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كاتە یاساییەكەی تەواو ببوو، دەبێت پەرلەمان چارەسەری یاسایی گرفتی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بكات و ئەم كۆمسیۆنە كارا بكاتەوە.

بۆ ئەم مەبەستە لە 3ی 11ی 2021 ەوە هەتا 13ی 3ی 2022 سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان هەشت جار كۆبوونەوەمان لەسەر ئەم پرسە كردووە. ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕاشكاوانە بیروبۆچوونی خۆمانمان بۆ خستوونەتە ڕوو و پێمان ڕاگەیاندوون «پێویستە بەر لە تەواوبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت واتە لە 1ی 10ی 2022 ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانیش لە 6ی 11ی 2022 سوێندی یاساییان خواردبێت.

لە سەرەتاوە و لە یەكەمین كۆبوونەوە جەختمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە گرفتی یاسایی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی چارەسەر بكرێت و بەپێی ئاكامەكانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەم هەر لایەنێكی سیاسی لە كۆمسیۆنە تازە ئەندامی هەبێت، لەسەر ئەم پرسە فراكسیۆنەكانی «یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ» پێداگریی ئەوەیان كرد كە نابێت لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن كۆمسیۆنەكە كارا بكرێتەوە، بەڵكو كۆمسیۆنە كۆنەكە چۆنە هەر بەو شیوەیە كارا بكرێتەوە، هەروەها گوتیان بە باشی دەزانین یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكرێتەوە، لەسەر ئەم دوو پێشنیارەیان ئێمە پێمانگوتن، باشە دیراسەتی دەكەین و وەڵامتان دەدەینەوە و پاش دیراسەتكردن سەبارەت بە هەر دوو پێشنیارەكە گەیشتینە ئەم دوو بڕیارە:

1- سەرەنجام ڕازی بووین كە كۆمسیۆنە كۆنەكە وەك خۆی كارا بكرێتەوە.

2- داوامان كرد پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بهێننە ناو كۆبوونەوەكان، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكەین و پێكەوە سازانی لەسەر دروست بكەین.

لە بەرامبەر ئەم وەڵامەی ئێمە ئەوان نە پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنیان هێنایە ناو كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكان، نە پەرلەمانیش هەنگاوی بۆ كاركردنەوەی كۆمسیۆنەكە هەڵگرت، تەنانەت لە دوایین كۆبوونەوەشمان لە 13ی ئاداری 2022 پێمانگوتن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆی بكرێت، ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕازین كۆمسیۆنە كۆنەكە كارا بكرێتەوە، بەڵام ئەوان هەر پێداگر بوون لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بۆیە بە ڕاشكاوی پێمانگوتن لە ماوەی 3ی11ی 2021 هەتا 13ی ئاداری 2022 و لە ماوەی هەشت كۆبوونەوە ئێمە داوامان لێ كردن، پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بێننە ناو كۆبوونەوەكان بۆ ئەوەی گفتوگۆ و سازانی لەسەر بكەین، بەڵام ئێستا كە هیچ ماوەیەك لەبەر دەست نەماوە و داوای هەمواركردنەوە دەكەن، ئەمە بێجگە لە بیانوویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هیچ مانایەكی دیكەی نابێت. وێڕای هەموو ئەمانەش ئێمە هەر 16 فراكسیۆنەكەی پەرلەمان یاداشتێكمان ئیمزا كردووە، ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە، سازانی لەسەر بكرێت، ئەوجا پێشكەش بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوان ڕۆژی 28ی ئاداری 2022 بە بێ ئەوەی لەگەڵ ئێمە سازان بكەن، پڕۆژەكەی خۆیان پێشكەش كردووە، ئەمەش لە كاتێكدایە تەنیا 182 ڕۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو و، بە تەنیا كۆمسیۆن 180 ڕۆژی پێویستە بۆ ئەوەی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بكات، ئاشكراشە هەموو لایەك دەزانن لە ماوەی دوو ڕۆژدا، نە ئەو یاسا هەستیارە هەموار دەكرێتەوە و نە ئامادەباشیش لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە هەیە بۆ ئەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كارا بكرێتەوە، هەروەها لەگەڵ ئەوەشی كە ئەوان پڕۆژەكەشیان پێشكەش كرد، دیسان سەرۆكی پەرلەمان نەیخستە بەرنامەی كارەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆببێتەوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەكە بكرێت و گفتوگۆی لەسەر بكەین. ئەم ڕەفتارانەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان خۆی لە خۆیدا گەواهییە بۆ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان بێلایەنیی خۆی نەپاراستووە و لایەنگری لایەنە سیاسییەكەی خۆی دەكات لە پێناوی ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا نەكرێت.

* لەبەر ڕۆشنایی قسەكانت، ئەوە دەخوێندرێتەوە، ئێوە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دژی ئەو پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن نین، بەڵكو ئەوان پڕۆژەكەیان نەهێناوە بۆ كۆبوونەوەكان بۆ ئەوەی سازانی لەسەر بكەن. لە دۆخێكی وادا ئێوە چ بەرنامەیەكتان هەیە؟

- ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڤیتۆمان لەسەر پڕۆژەی هیچ لایەنێكی سیاسی نییە، بەڵام دەبێت هەر پڕۆژەیەك ڕێكاری یاسایی و پەیڕەوی خۆی وەربگرێت و، بخرێتە بەرنامەی كار و دانیشتنی پەرلەمانی بۆ ئەنجام بدرێت و، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و، گفتوگۆی لەسەر بكرێت و، بە دیالۆگ بگەینە سازان و، خاڵی هاوبەش لەناو پڕۆژە بدۆزینەوە و هەموومان لەسەر خاڵە هاوبەشەكان بگەینە قەناعەت و پێی ڕازی بین.

* كەمێك پێش ئەوەی ئەم دیدارە ئەنجام بدەین، فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەییان هەبوو و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سازان دەرچوون ڕاتان لەسەر ئەمە چییە؟

- هەق نییە هیچ لایەنێكی سیاسی پەنا بۆ چەواشەكاری بەرێت، سەبارەت بەو یاداشتەی باسی دەكات، 16 سەرۆك فراكسێۆن ئیمزامان لەسەر كردووە كە نابێت هیچ پڕۆژە یاسایەك كە رەهەندی نیشتمانییان هەیە، بەبێ سازان پێشكەش بكرێت، ئەوان پڕۆژەیان هەبووە، نەك ئێمە، بۆیە ئەوان دەبوو پێش ئەوەی پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشكەش بكەن، بهاتنایە لەگەڵ ئێمە سازانیان بكردایە و، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی هەشت كۆبوونەوە داوامان لێ كردوون، پڕۆژەكە بێنن بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكەین، ئەوان نەیانهێناوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەوان نەیانویستووە سازان دروست بێت، هەر لەو یاداشتەی ئیمزامان لەسەر كردووە، ڕەخنەمان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان گرتووە و لێمان پرسیون: بۆچی پرسی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی چارەسەر نەكراوە و سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە؟ دەبێت سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.

* سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە كە ئەو بانگەشە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكات و نایەوێت ئەم بەرپرسیاریەتییە بكەوێتە سەرشانی ژنێك كە تەمەنی چل ساڵە، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە سەرۆكی پەرلەمان دەیەوێت پەرلەمانی كوردستان وەك ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەك بخات؟

- پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو شتی لێك جیاوازن، هەموو لایەنە سیاسییەكان هێزی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەزانن چەندە، بۆیە ئەگەر گەیشتە ئەوەی لایەنێك بیەوێت ئیرادەی خۆی بسەپێنێت، ئەوا سەپاندنی ئیرادەی هیچ لایەك بە سەر گەلی كوردستاندا قبووڵ ناكەین و، ئەم پەرلەمانە بەرهەمی دەنگی هاووڵاتیانی كوردستان و خوێنی شەهیدەكانی كوردستانە و بۆ ڕەتكردنەوەی سەپاندنی ئیرادە بەسەر گەلی كوردستان ئەو هێزەمان هەیە زۆرینەی خۆمان بەكار بهێنین بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان پەك نەخرێت.

سەبارەت بەو قسەیەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانیش، بەڕاستی من بە پێویستم نەزانی ئەو قسەیە لەو پەنیڵە بكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە بابەتەكە ئەوە نییە ژنێك تەمەنی 40 ساڵە، یان نا، بەڵكو پرسەكە بەرپرسیاریەتیێكی گەورەیە وەك سەرۆكی پەرلەمان كە دەبێت پیادەی دەسەڵاتەكانی خۆی بكات و بێلایەنیی خۆی بپارێزێت، ئەمەش ڕاشكاوانە واتە پێگەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانە پرسەكە، نەك كەسی دكتۆر ڕێواز فایەق.

*  بەڵام ئایا تا ئێستا ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان دەیكات، بە كردەیی پەكخستنی پەرلەمان نییە؟

- ئەوەی هەتا ئێستا بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنگریی لایەنەكەی خۆی بە كردەیی پەكخستنی پەرلەمانی كوردستانە و، ئێمەش ئەگەر هەتاكو ئێستا زۆرینەمان بەكار نەهێناوە، لە پێناوی ئەوەیە كە سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی كوردستان تێك نەچێت، بەڵام ئەگەر بزانین دەگاتە ئەو حاڵەتەی كەمینەیەك بیەوێت پەرلەمانی كوردستان پەك بخات، ئەوا ئێمە ڕێكاری یاسایی و پەیڕەویمان هەیە، بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانیش باش دەزانێت لە چوارچێوەی ڕێكاری یاسایی و پەیڕەوی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هێزەی هەیە، بەڵام هیوا دەخوازین نەگاتە ئەو حاڵەتە و پەنا بۆ بەركارهێنانی زۆرینە نەبەین.

* ڕێگرتن لە ئەنجامدانی كۆبوونەوە ئاساییەكانی پەرلەمانی كوردستان كارێكی باش نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە كێشەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان بە تەنیا «كێشەی یاسای هەڵبژاردن» نییە و چەندین كێشەی دیكەمان هەیە كە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانە و بژێویی هاووڵاتیانەوە هەیە. ئایا دەكرێت لەبەر خاتر پرسی لایەنێك پەرلەمان نەتوانێت كۆببێتەوە؟

-  هەتا ئێستا پەرلەمانتارە بەڕێزەكانی پەرلەمانی كوردستان 32 یاداشتیان داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەبارەت بە كۆی ئەو كێشانەی كە تایبەتن بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و دەبوو ئەم 32 یاداشتە لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە بخرانایەتە بەرنامەی كار و لەناو پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكەین. ئێمە یاداشتمان پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بپرسێت: بۆ داهاتەكان ناگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكومەت؟ بۆ ئەوەی بپرسن ئەم مافیاگەرایی و قاچاخچێتییەی سەر سنوورەكان تاكەی؟ بپرسن بۆچی ماوەی چوار مانگە وەزیری دارایی دەوامی ئاسایی خۆی ناكات؟ كارێكی زۆر پێویستە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و لەسەر ئەو هەڕەشەیەی لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، هەڵوێستی خۆی پیشان بدات. هەر بۆیە كاتێك سەرۆكی پەرلەمان ئامادە نەبێت لەسەر ئەم پرسە گرنگانە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، ئەمە مانای ئەوەیە سەرۆكی پەرلەمان لە خەمی خەڵكی كوردستاندا نییە.

* ئەگەر پرسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی فراكسیۆنەكان پێش پێشكەشكردنی پڕۆژەكە سازانی لەسەر بكەن، ئایا بۆچی پەرلەمان كۆبوونەوەكانی لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە ژیانی خەڵكی كوردستانەوە بە ئاسایی بەڕێوە نابات؟

- ئێمە دەمانەوێت پەرلەمانی كوردستان بۆ كۆی پرسەكان كۆبوونەوەی خۆی بكات و پەك نەخرێت. پەرلەمانی كوردستان ئەركی سەرشانیەتی كە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كارا بكاتەوە، ئەو لایەنانەی پڕۆژەیان پێشكەش كردووە بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن، پێویستە پەرلەمان ئەم پڕۆژەیە بخاتە بەرنامەی كار و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و لەناو پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكەین، هەروەها گرنگە و پێویستیشە كە پەرلەمان لەسەر كۆی پرسەكانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و نابێت بە بیانووی ئەوەی دارەكە لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نەشكێت، پەرلەمان پەك بخرێت و كۆنەبێتەوە.

* لەسەر ئەم پرسە لە كۆنگرە ڕۆژنامەییەكەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕۆژنامەنووسانت گوت: ئەمە هۆشدارییە دەیدەین بە سەرۆكی پەرلەمان، ئایا ئەمە لێدوانێكی توند نەبوو؟

- نەخێر، لێدوانیكی توند نەبوو. لەبەر ئەوەی ئێمە بۆیە هۆشداری دەدەین بە سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەوەیە پەرلەمانی كوردستان پەك نەخرێت و، نابێت پەرلەمانی كوردستان لە بەرامبەر ئەو پرس و كێشەیەی لە كوردستاندا هەیە، بێدەنگ بێت و نەتوانێت كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات.

* ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناوەرۆكی پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن كە داوایان كردووە هەرێمی كوردستان لە یەك بازنەوە بكرێت بە چوار بازنە، ئایا ئەمە چ ئیشكالیەتێكی بۆ پارتی تێدایە، لە كاتێكدا هەر شەش مانگ لەمەو پێش و لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا كوردستان 12 بازنە بوو و، پارتی دیموكراتی كوردستانیش «1+50»ی دەنگەكانی بەدەست هێنا؟

- پارتی دیموكراتی كوردستان كێشەی لەگەڵ ئەوە نییە كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، یان ترسی كەمكردنی دەنگەكانی هەبێت، ئەگەر كوردستان بكرێتە چوار بازنە، بەپێچەوانەوە ئێمە پێمانگوتوون پڕۆژەكەتان پێشكەش بكەن، گفتوگۆی لەسەر دەكەین، بۆیە بە ڕاشكاوی دەڵێین: ئێمە نە فرەبازنەییمان ڕەت كردووەتەوە و نە پێداگریمان لەسەر یەك بازنەیی كردووە. ڕای ئێمە بەوجۆرە دەبێت ئەم پڕۆژەیە بێتە ناو چوارچێوەی ڕێكاری یاسایی و پەیڕەوی خۆی و لە ناو پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر بكەین، بۆ ئەوەی بگەینە سازان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە پڕۆژەی هەمواركردنەوەكە پێشكەش كراوە، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان نایخاتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەی لە ناو هۆڵی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكەین.

* هەر لە ناو ئەو پڕۆژەیەی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشكەش كراوە، گێچەڵێك بە كورسیی پێكهاتەكان كراوە، نوێنەری پێكهاتەكانیش بە توندی ڕەتی دەكەنەوە دەستكاریی كورسییەكانیان بكرێت، ڕای ئیوە لەسەر ئەم پرسە چۆنە؟

- فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە شانازییەوە هاوپەیمانی لەگەڵ هەموو فراكسیۆنی پێكهاتە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان هەیە، بە مافی خۆشمانی دەزانین كە پارێزگاری لە مافی پێكهاتەكان بكەین، هەروەها جوانیی هەرێمی كوردستان پێڕەوكردنی پرانسیپی لێبورەدەیی و پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی پێكهاتەكانە لەم هەرێمەدا، كۆتای پێكهاتەكانیش مافی خۆیانە و هیچ لایەنێكی سیاسی مافی ئەوەی نییە قسە لەسەر مافی پێكهاتەكان بكات، ئەگەریش پێیان وایە پێكهاتەكان پشتگیری لە هەڵوێستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دید و تێڕوانینی پێكهاتەكان و هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پارێزگاریكردن لە مافی هەموو پێكهاتەكان، لەو ڕوانگەیەوە بە پێویستی دەزانین كورسیی پێكهاتەكان وەك خۆی بمێنێتەوە و، كارێكی خراپە ئەم پرسە تێكەڵاوی ڕكابەریی حزبی بكرێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە مۆزائیكی جوانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

* لە ئێستادا لە سنووری هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی شەهید و گەرمیان و ڕاپەرین، كۆمەڵێك كێشەی نەمانی پارە و كۆنەكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەكان هەن، ئایا هەڵوێستی ئێوە وەك فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو كێشانە چین؟

- بابەتی مووچە و نەبوونی دەرمان و كۆی ئەو كێشانەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی دەڤەری هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی شەهیدەوە هەیە، بابەتێكی خوازراو و قبووڵكراو نییە. زۆر بەداخەوە سزای ئەو خەڵكە تێكۆشەرەی ئەو سنوورە دەدرێت، هەندێك لایەنی سیاسی بە شێوەیەك بەشداری لە حوكمڕانیی كوردستان دەكەن، كە دەیانەوێت هەم لە ناو حوكمڕانییەكە بەشدار بن و هەمیش خۆیان ببنە هاوكار بۆ ئەوەی فەوزای سیاسی لەم هەرێمەدا زیاتر دروست بكەن و بە هیچ جۆرێك ئامادە نین بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن. ئەوەی پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانی ئەو دەڤەرەوە هەیە، مانگی ڕابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچە بڕی 305 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران ناردووە كە دەگاتە 82%ی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەی پێویست بوو لە داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە دابین بكرێت، تەنیا 18% بووە، هەموو خەڵكی كوردستانیش دەزانێت، ئەم ڕێژەیە لە ناو ڕیژەی داهاتی ئەو سنوورە «پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی شەهید» زۆر كەمە، بۆیە ئەمە دەستێكی ئەنقەستە و دەیانەوێت سزای ئەو خەڵكە بدەن و ئامانجیشیان لەمە بۆ ئەوەیە وای پیشان بدەن كە ئەمە خەتای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەمەش سیاسەتێكی هەڵەیە لایەنێك پیادەی بكات بۆ ئەوەی تۆمەت بۆ لایەنێكی دی، یان ئەو حكومەتە دروست بكات كە خۆی تێیدا بەشدارە.

* هەر تایبەت بەم پرسە یاداشتێك لەلایەن 15 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە واژوو كراوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبوونەوە لەسەر پرسی داهاتی ئەم سنوورە بكات، لە بەرامبەردا فراكسیۆنی یەكێتی دژە و یاداشتەكەیان واژوو نەكردووە، ئایا چۆن سەیری ئەمە دەكەن؟

- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نێوان هەر سێ لایەنی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و پێكهاتەكان و لەسەر بنەمای پێڕەوكردنی شەفافییەت لە كۆی دامەزراوەكانی ئەم هەرێمە پێكهاتووە، بۆیە دەبێت سەرجەم دامەزراوەكانی كوردستان پابەند بن بەپرەنسیپی شەفافیەت و لە دژی ڕانەوەستنەوە. هەر بۆیە ڕێگرتن لە بوونی شەفافییەت، ئەمە خۆی لە خۆیدا گەواهیی ئەوە دەدات، كە نایانەوێت حوكمڕانی لەو سنوورە بكرێت و بۆ ئەوەیە لە خەڵكی بشارنەوە بردنی پارەی بانكەكان بەرەو كوێ چووە.

* ئایا لە 1ی 10ی 2022 هەڵبژاردن دەكرێت، یان نە؟

- وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگرین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 1ی10ی2022ی دەستنیشان كردووە.

* ئەم پێداگرییە هەڕەشەیە، یان بە كردەییش جێبەجێی دەكەن؟

- دیاریكردنی ڕۆژ هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرمانی سەرۆكی حكومەت بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی ئەو پرۆسەیە، دەرخەری نییەتی پاكی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا و بۆ ئەنجامدانی ئەم كارەش تەنیا یەك هەنگاو ماوە، كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی پەرلەمان ڕابگەیەنێت و كۆمسیۆنەكە كارا بكاتەوە و بەربەستی یاسایی نەمێنێت، بەڵام وەك دەبینین یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەربەستی دروست كردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەكرێت.

* ئایا ئەم كێشەیە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی دوو ئیدارەیی ناكاتەوە؟

- ناكرێت ئێمە هەر كاتێك باسی ئەوە بكەین، كە پێویستە یاسا سەروەر بێت، هەڕەشەی دوو ئیدارەییمان لێ بكەن، یان باسی ئەوە بكەین دەبێت حوكمڕانییەكی باش لە كوردستاندا هەبێت، یان باسی ئەوە بكەین پێویستە داهاتەكانی ناوخۆ بگەڕێنەوە خەزێنەی حكومەت و، باسی ئەوە بكەین نابێت مافیاگەرایی و قاچاخچێتی لە سنوورەكان هەبن، وەك هەڕەشەیەك برادەرانی یەكێتی بە دووئیدارەیی هەڕەشەمان لێ بكەن، بەڵام ئێمە دەپرسین: ئایا یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە دوو ئیدارەیی قازانج دەكات، وا بە دوو ئیدارەیی هەڕەشەمان لێ دەكات؟ ئەمە پرسیاری ئێمەیە و هیوادارین ئەو وەڵامەمان دەست بكەوێتەوە.

 

Top