پڕۆفیسۆر كامەران ساڵەیی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری یاسا بۆ گوڵان: ئەگەر حزبەكان و ئیتاری تەنسیقی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار زیاتر پەك بخەن، عێراق بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەچێت

پڕۆفیسۆر كامەران ساڵەیی  پسپۆڕ و شارەزا لە بواری یاسا بۆ گوڵان:     ئەگەر حزبەكان و ئیتاری تەنسیقی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار زیاتر پەك بخەن، عێراق بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەچێت

پەكخستنی پڕۆسەی سیاسی و دانانی كۆسپ و ئاستەنگ لە بەردەم یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، تەنیا لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندیی حزبی و بەدەستهێنانی پۆستە بۆ لایەنەكانی شیعە لە (هاوپەیمانێتی ئیتاری تەنسیقی)دا، بەمەش عێراق كەوتووەتە بەردەم چارەنووسێكی نادیاری ئاڵۆز، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، دیدارێكمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر كامەران ساڵەیی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری یاسا سازدا، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

* دوای ئەوەی ئیتاری تەنسیقی بۆ جارێكی دیكە كۆسپی خستە بەردەم بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆك كۆمار، وا بڕیارە لە 6/4 لایەنە سیاسییەكان لە پەرلەمان بۆ جارێكی دیكە كۆببنەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر ئەم پەككەوتنەی لایەنە شكستخواردووەكانی هەڵبژاردن هەر وا بەردەوام بێت، عێراق بەرەو كوێ دەچێت؟

- عێراق لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە و بۆ هەمووان دەركەوت ئەو لایەنانەی لە چوارچێوەی ئیتاری تەنسیقیدا كار بۆ پەككەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەكەن، لەگەڵ نەوەی نوێ و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان و هەردوو حزبی یەكگرتوو و كۆمەڵ، هەر بڕوایان بە پرۆسەی دیموكراتی نییە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان كار دەكەن و، دەیانەوێت بەشداری حكومەت بن و پۆستیان بەر بكەوێت، باشە نەوەی نوێ و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان كە دەیانگوت دەیانەوێت ئۆپۆزسیۆن بن، ئەی بۆچی ناچنە پەرلەمان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراتیدا سەرۆك كۆمار و حكومەتی عێراق پێك بهێنرێت و ئەوان بە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی خۆیان لە ناو پەرلەماندا هەڵسن، چۆن دەبێت ماڵەكانی خۆیان بكەنە پەرلەمان و لەوێوە قسە و لێدوان بدەن، لە كاتێكدا ئیشی ئەوان نوێنەرایەتیكردنی ئەوانەیە كە دەنگیان بۆ داون و دەبێت لە ناو پەرلەماندا بەو ئەرك و كارەی خۆیان هەڵسن. لایەنی سەدری كە زۆر تووڕەیە و تەنانەت ئەمجارە بڕیاری داوە هەر گفتوگۆ و دانیشتنیان لەگەڵ نەكات، بەڵام دوایی لە تویتێكدا لە یەكی ڕەمەزان تا نۆی شەوال مۆڵەتی دابوو بە لایەنە سیاسییەكان بۆ ڕێككەوتن، ئەمە هەمووی بەرەو ئەوەمان دەبات سەدر لە هەوڵی دووبارە هەڵبژاردنێكی دیكەدا بێت، خۆ ئەگەر بە پێی ماددەی 64ی دەستووری هەڵسوكەوت بكرێت كە 110 ئەندام داوا بكەن و 165 ئەندام ڕازی بن بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، ئەوا پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و سیناریۆی ئەمجارەی هەڵبژاردن بەم شێوەیە دەبێت كە سەدرییەكان لە بری 73 كورسی 100 دەنگ زامن دەكەن و پارتی دەنگەكانی زیاد دەكات و هەرچی یەكێتی و حزبەكانی ناو ئیتاری تەنسیقی هەیە، دەنگەكانیان كەم دەكات و نەوەی نوێ و پەرلەمانتارە سەربەخۆكانی عەرەب هەر دەنگیان نامێنێت، تەنانەت لەم خولەدا ڕێژەی بەشداربوو 19% بوو، لە ئەگەری دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕەنگە ئەمجارە كەمتر بێت و هەموو حزبەكانی دیكەی دەرەوەی هاوپەیمانێتی زۆرینەی نیشتمانی ئەو دەنگانەی خۆیان ناهێننەوە، هەر بۆیە ئەوان دژی ئەو سیناریۆیەی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانن. بەپێی ماددەی 76 لە دەستوور كە دەڵێت زۆرینە بۆی هەیە حكومەت دروست بكات، ئیتاری تەنسیقی ئەو ڕاستییە دەزانن كە تا دەستنیشانی سەرۆك كۆمار نەكرێت، ناتوانرێت سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكرێت، بۆیە ئەوان پرۆسەی سیاسی پەك دەخەن و ڕێگەكەیان داخستووە و، سێیەكی پەكخەریان بەكار هێنا، تاوەكو سەرۆك كۆمار دانەنرێت، ئەمەش بۆ خۆشەویستیی یەكێتی نییە و بۆ خۆیانە، چونكە نەك بۆ سەرۆك وەزیران، بەڵكو لەسەر پۆستەكانی دیكەش ڕێك نەكەوتوون، ئەگەر شیعەكان لە دابەشكردنی پۆستەكاندا كەوتنە ڕێككەوتن، ئەو كات زۆر بە ئاسانی دادەنیشن و سەرۆك كۆماریش هەڵدەبژێردرێت كە ڕێبەر ئەحمەدە و، ئەو تەكلیفی ئەو كەسە دەكات كە دەبێتە سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت.

* ئایا ئەم پەكخستنانەی دانیشتنەكانی پەرلەمان ئاماژەیەك نییە بۆ قووڵبوونەوەی كێشەكان و دەستێوەردانی زیاتری ئیقلیمی؟ ئایا لە ناو ئەم ژینگە ئاڵۆز و پڕ لە كێشمەكێشەدا تاچەند ئەگەری هەیە عێراق بەرەو پاشاگەردانیی سیاسی بڕوات؟

- پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەت بدەمەوە، با كەمێك بۆ مێژووی دروستكردنی عێراق بگەڕێینەوە، كە عێراق هەر لە بنەڕەتدا بە چەوتی دروست كراوە، سەرەتا شتێك نییە بە ناوی میللەتی عێراق و لە چەند میللەتێكی جیاواز لە شوناس و ئایین و مەزهەب و زمان پێك هاتووە و، بنەمای بوون بە دەوڵەتێكی بەهێزی تێدا نییە. مەلیك فەیسەڵی یەكەم ئەم ڕاستییەی دەزانی و بەردەوام دەیگوت گەلانی عێراق و پەرلەمانی عێراق بە ناوی (مجلس الأمة العراقي)، ئێمەی میللەتی كورد بە بێ ئارەزوومەندانە لكێندراوین بەم وڵاتە پارچە پارچەیەوە، هەرجارەو ڕژێم و فەرمانڕەوایەك هاتووە و وەكو خێر هەندێك مافی بە كورد داوە، بەڵام هەرگیز وەكو ئێستا نەبووە كە واقیعێكی زۆر تاڵ و ناخۆشە و هەمووان دژی یەكتری ڕاوەستاون بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، ئەمەش واقیعە ڕاستەكەی عێراقە، چونكە پارچە پارچەین و هەر كەسەو بۆ خۆی هەوڵ دەدات و بووەتە كۆمەڵێك دەوڵەتی بچووكی قووڵ و، هەر حزب و لایەنێكی سیاسی لە عێراقدا دەزگای هەواڵگری و چەكدار و ئابووریی خۆی هەیە و، كەس بڕوای بە دەستوور و یاسا نەماوە و لایەنگری بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو كاتێك زیاتر تۆخ بووەتەوە، ئەم ژینگە ئاڵۆز و ململانێ و توندوتیژییەش كە دژی ئاساییبوونەوەی پرۆسە سیاسییەكە دەیكەن، دەریخست هەمووان چاوەڕوانی پشكێكن لە كێكەكە و كەس بڕوای بە دیموكراتی و نیشتمان و خزمەتكردنی خەڵك نییە. تۆ سەیری نەوەی نوێ بكە، كاتێك بەرژەوەندیی ماددی دەست نەكەوت، ڕاستەوخۆ ئەمجارە نەچووە ناو دانیشتنەكەی پەرلەمانەوە، هەموو ئیدعا و پاساوەكانیشیان وەكو ڕۆژی ڕووناك دیارە ڕاستیی تێدا نییە. لەگەڵ ئەم ڕەشبینییەشدا بەردەوام ئومێدێك هەیە بەوەی دۆخەكە نەگاتە مریشكە ڕەشە كە پێكدادانی نێوماڵی شیعە ڕوو بدات، چونكە ئێران خوازیاری ئەمە نییە، خوانەخواستە ئەمە ڕوو بدات، كۆتایی حوكمی شیعەیە لە عێراقدا و سوننە كە بە درێژایی سەدەیەك تا 2003 حوكمی عێراقیان كردووە، دووبارە دێنەوە سەر حوكمی عێراق (بە لایەنی كەمەوە حوكمی بەغدا) لەم بارودۆخە نێودەوڵەتییەی ئێستاشدا لە بەرژەوەندیی ئەمریكا و ڕۆژئاواش نییە ئەم پێكدادانە ڕوو بدات، بەڵام لە دیوێكی دیكەوە چوونە ناو بۆشایی دەستووری و یاسایی ئاڵۆزییەكان پتر دەكات.

* بەڵام دواجار لە دژایەتیكردنی كورد و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورددا هەموو ئەم هێزانەی شیعە و سوننە یەكن، پرسیار ئەوەیە لەم بارودۆخە ئاڵۆز و پڕ مەترسییەدا دەبێت كورد چۆن مامەڵە بكات؟

- كەی عێراق بەهێز بووبێت، بە هەمووان كەوتوونەتە گیانی ئێمەی كورد و پەلاماریان داوین، من ئەوە بە هەڵەیەكی مێژوویی دادەنێم كە كورد لە دروستكردنەوەی عێراقدا بەشدار بوو، ناكۆكییەكانی نێوان شیعە و سوننەمان چارەسەر كرد، لە كاتێكدا سوننە بە ناچاری پشتی داوە بە كوردەوە، چونكە باش دەزانێت بەرگەی تەوژمی شیعە ناگرن و دەچەوسێنەوە، خۆ ئەگەر ڕۆژێك سوننەش حوكم بكاتەوە، هەر كورد دەچەوسێنێتەوە و هەمووان بۆ بێهێزكردنی كورد كار دەكەن. دەبێت دووبارە هەوڵ بدەینەوە نێوماڵی كورد ڕێك بخەینەوە، بە تایبەتی چارەسەری ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، دەبێت سازان و ڕێككەوتنێك بكەین و ڕێگە نەدەین لە دژی یەكتر بەكاربهێنرێین و لاواز بكرێین، من دەزانم فشاری ئێران زۆرە، بەڵام نابێت مەترسییە گەورەكان لەبیرمان بچێتەوە، لێرەدا هەمووان چاوەڕوانی ڕۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەن وەكو مەرجەعی كورد.

* باسی ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كوردت كرد، لەم كاتەدا هەموو هەوڵەكانی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی داهات و گەڕانەوەیەتی بۆ گەنجینەی گشتی، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی كوردستان كە پێی دەوترێت (زۆنی سەوز) گرفتێكی گەورە هەیە و هاووڵاتیان نەك تەنیا لە پارێزگای سلێمانی تێیدا زیانمەندن، بەڵكو هەڕەشەیەكی گەندەڵی و بێسەروبەریی گەورەشە، وەكو كەسێكی شارەزا لە بواری یاسا خوێندنەوەت بۆ ئەمە چییە؟

- زۆر لە هێزەكانی ناوچەكە بوونی حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزاری كوردیان ناوێت، لەمەشدا هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسی و كەسایەتییانە بەكار دەهێندرێن كە وەلائیان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، بۆیە ئەگەر یەكگرتوو نەبین و بەسەر ئەو فشارانەدا زاڵ نەبین، ئەوا هەرگیز سەقامگیریی سیاسی و ئابووری نابینین و كێشەی نەبوونی پارە و تاڵانكردنی بانكەكان هەر دەمێنێت. ئەوەتا بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەر دوو دەسەڵاتەكەی ناو حكومەت (پارتی و یەكێتی) بەشێك لە بودجەكە بە داهاتی نەوتە و، بەشەكەی دیكەی بە داهاتی خەمڵێنراوی ناوخۆییە، ئیتر بۆچی لەلایەن حكومەتی خۆجێییەوە وا لەو خەڵكە مەزڵوومەی سلێمانی دەكرێت، كە بۆ لەخشتەبردنی خەڵكەكەی ژێر دەسەڵاتیان ئۆباڵی ئەمەش دەخەنە سەر سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی. یەكێتی لە عێراقیشدا كە پۆستی سەرۆك كۆماری بەدەستەوە بوو، هیچ ماددەیەكی دەستووریی جێبەجێ نەكردووە، بە ماددەی 140ی دەستووریشەوە، باشە خۆ سەرۆك كۆمار پارێزەری دەستوورە، ئەی بۆچی بەرهەم ساڵح نوقەی لێوە نەهات، تەنانەت ڕاوێژكارەكانی سەرۆك كۆمار و پاسەوانەكان لە كۆشكی سەلام جگە لە حزبەكەی یەكێتی، ڕاوێژكاری هەرچی حزب و لایەنی سیاسی هەیە تێدایە و وەكو ئەوەیان لێ كردووە تەنیا سەرقاڵی چەند بەرژەوەندییەكی ماددی و كەسی و حزبیی خۆیان بن، باشە سەرۆك كۆمار بۆ هەموو عێراقە، خۆ ئەگەر پێشێلكارییەكی دەستووری ببینێت، دەبێت دەنگێكی لێوە بێت، لە 16ی ئۆكتۆبەر پێشێلكاریی دەستووری كراوە لە توزخورماتوو ماڵی كورد بە دەستی سوپای عێراق و میلیشیا چەكدارەكان سووتا و تاڵان و وێران كرا، كەچی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار هاتە كەركووك و گوتی بارودۆخەكە خۆش و باشە، ئیتر نازانم بۆچی نابێت ئەمجارە پارتی وەكو ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن ئەو پۆستە وەربگرێت، خۆ دەیان پۆستی دیكە لە بەغدا هەیە، ئەم عینادییە سیاسییەی یەكێتی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ من تەنیا مەسەلەكە بۆ نەبوونی نیازپاكی دەگەڕێنمەوە، ئەگینا بۆ ڕاستەوخۆ چوونە لای هاوپەیمانێتییەكی دۆڕاو كە دەیانفرۆشێت و زیانمەندی یەكەم خودی یەكێتییە لەم هاوكێشەیەدا، بۆ ئەوان هەلێكیان لە بەردەستدایە بگەڕێنەوە بۆ ناوماڵی كورد و هەر دوو لایەنی پارتی و یەكێتی لە بەغدا هەبن و كار بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان بكەن و، دەستبەرداری ئەم سیاسەتەی دژایەتیكردنی پارتی بن، كە بە هیچ شێوەیەك نەك تەنیا خزمەتی كورد ناكات، بگرە خزمەتی یەكێتیش ناكات.

* ئەگەر لەسەر ئەم خاڵە كەمێك هەڵوەستە بكەین، ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ڕۆژانە بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت، ئایا ئەم گوشار و ئامرازانانە كە گەیشتووەتە بۆردومانكردن بە مووشەكی بالستیكی و سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا و جووڵاندن و دژایەتیكردنی دۆسێی نەوت و گازی كوردستان، تا چەند دەرئەنجامی بۆ بەدیهێنانی مەرامی نەیارانی كورد دەبێت؟

- كورد دەتوانن فشارێكی بەهێز پێك بهێنن و هەموو حزبەكان تێبگەیەنن بە پارتی و یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێشەوە، كە ئێمەش میللەتێكین لە ناو ئەم هەموو گێژاو و ئاڵۆزییەدا پێویستیمان بە مەرجەعێك هەیە، كە ئەویش مسعود بارزانی-یە، ڕاگەیاندنی دڵسۆزی كوردی لاوازە، ڕاستییەكان ناگەیەنێت، ئەوەندەی لە هەوڵی كۆكردنەوەی جەماوەرە، ئەوەندە لە هەوڵی نیشتمانپەروەری و ئینتیمای نەتەوەییدا نییە، ڕاگەیاندنی یەكێتی خۆی سەرقاڵی دژایەتیكردنی پارتی كردووە و هەرچی گۆڕان و نەوەی نوێشە بۆ بەدەستێهانانی لایەنگر و دەنگ، بەپێی ئاوازی هەڵەی بارودۆخەكە هەڵسوكەوت دەكەن، هەرچی حزبە ئیسلامییەكانیشە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بازرگانی بە ئایینەوە دەكەن. باشە ئیعلامێك ئەمە حاڵی بێت ئیتر چۆن ئینتیما بۆ خاك و نەتەوە و نیشتمان دروست دەبێت؟ هەرچی ڕاگەیاندنی حكومەتیش هەیە، وێڕای ئەوەی لاوازە، كاری بۆ شەفافییەت و ڕوونكردنەوەی ڕاستییەكان نەكردووە و متمانەی لای خەڵكی لەدەست داوە. ڕاگەیاندنی كوردی بەردەوام كاری بۆ ناشرینكردنی ڕاستییەكان و شاردنەوەی كردووە، ئەوەندە كاری بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان نەكردووە، تۆ بڕوانە لە پرسی مەسەلەی سەرۆك كۆمار چ شەڕێكی ڕاگەیاندنیان دەست پێ كردووە. باشە پارتی حزبێكی گەورەیە و زۆرترین دەنگەكانی بەدەست هێناوە، ئیتر بۆچی ئەو هەموو دوژمنایەتییەی دەكەن؟ حزبە كوردییەكان هاوشێوەی دوژمنەكانی كوردن كە ڕقیان لە كوردە و نایانەوێت سەر بەرز بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە تەنیا ڕێگرییەك لە بەردەم جێبەجێكردنی ئەم ئەجیندایە مسعود بارزانی-یە، وەكو چۆن پێشتر دژایەتیی مەلا مستەفا بارزانی-یان دەكرد، باشە هیچ ئەندام و لایەنگرێكی ئیسلامییەكان پرسیویەتی حزبەكانیان چ بەرژەوەندییەكیان هەیە كە نەچن دەنگ بدەن، یان هەر هیچ نەبێت بوونیان هەبێت و نیساب تەواو بكەن و سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، باشە لە بری ئەوەی گفتوگۆ بكەین، بۆچی دژایەتی حكومەتی هەرێم و پارتی بكرێت. دوژمنەكانی كورد و كوردستان بەردەوام هێرشیان كردووەتە سەر مسعود بارزانی و خوازیار نین وەكو شیعە كوردیش مەرجەعییەتێكی گەورەی هەبێت و ڕۆڵی لە یەكگرتنی لایەنەكان و گەیشتن بە كەناری ئارامی بۆ ئەم نەتەوە مەزڵوومە هەبێت، بەداخەوە ئەو هێزە ئیقلیمییانە بەردەوام حزب و لایەنی سیاسیی كوردیان بۆ هێرشكردنە سەر ئەم مەرجەعییەتە بەكار هێناوە و، هەموو كاتێك ویستوویانە وەكو ئێستا كورد پارچە پارچە بێت، هەرچی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان هەیە، ئەوەندە مەبەستیانە عێراق بپارێزن، ئەوەندە سەرقاڵی ئێمە نەبوون، ئەگەرچی لە دوای دۆزینەوەی نەوت و گازەوە هەرێمی كوردستان بووەتە خاوەن پێگەیەكی بەهێز و ئەو هێزانەی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەورە كۆمپانیاكانیان، خوازیارن سەقامگیری لە كوردستان بەردەوام بێت، بەرژەوەندییەكانی گەورە كۆمپانیاكانی نەوت و گازی سرووشتی وەك DNO، گەنەل ئینەرجی، تاقا، غازپرۆم نەفت، مائەرێسك ئۆیڵتۆتاڵ و شیفرۆن بۆ ئاراستەكردنی سیاسەتی گەورە وڵاتان گرنگە، چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و پاڵپشتی و هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە جوانترین بەڵگەی ئەم ڕاستییەن، بەڵام من نایشارمەوە تا نەبینە دەوڵەت بارودۆخی كوردستان هەر وا دەمێنێتەوە.

Top