ڕەمەزانی ژینگەیی: ڕێگرتن لە بەفیڕۆدانی خواردەمەنی

ڕەمەزانی ژینگەیی:  ڕێگرتن لە بەفیڕۆدانی خواردەمەنی

 

ساڵانێكە بەیاننامە یەك لە دوای یەكەكانی پڕۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە، بە مەبەستی كەمكردنەوەی خاشاك، ئاماژە بە ئامارەكانی ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو) دەكەن كە نزیكەی (1.3) ملیار تۆن لە خۆراكی جیهان بەفیڕۆ دەڕوات، لە ئەنجامی فڕێدانی زیادەی خۆراك، هەروەها نزیكەی یەك ملیار مرۆڤ لە كۆی دانیشتووانی جیهان برسین و، ئەمە جگە لەوەی كە ڕۆژانە هەزاران منداڵ لە بەر برسێتی دەمرن لە جیهاندا، هەروەها ساڵانە نزیكەی (3/1) خۆراكی بەرهەمهێنراوی جیهان بە هۆی زیادەڕەویی لە بەكارهێناندا بەفیڕۆ دەچێت. بۆیە ساڵانێكە داوا لە تاك و كۆی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی دەكات كە لە ڕێگەی كەمپینی دەستگرتن بە خۆراكەوە دەست پێ بكەن، لە ماڵی خۆیانەوە و لەو شوێنەی خۆیان خاوەن بڕیارن تێیدا.

ئێستا ئەگەر یەكێك وەك تاكێكی نێو كۆمەڵگە لێت بپرسێت: ئەو لە نێو ماڵی خۆیدا دەتوانێت چی بكات؟ لە وەڵامدا دەتوانیت پێی بڵێیت:

یەكەم: ئەو بڕە خۆراكەی كە بۆ ڕۆژێك، یان هەفتەیەك پاشەكەوتت كردووە لە ماڵەوەدا، بە كاری بهێنە بە تەواوی، ئینجا بڕە خۆراكی دیكە بكڕە.

دووەم: ئەوەندە خواردن لێ بنێ كە زیاتر نەبێت لە ژمارەی ئەندامانی خێزانەكەت و ئامادەبووانی سەر سفرە و خوان.

سێیەم: هیچ پاشماوەیەكی خۆراك مەهێڵەوە بۆ فڕێدان.

چوارەم: بۆ هەر كەسەو بە قەدەر پێویستیی خۆی خواردن بكەرە قاپەكەیەوە.

پێنجەم: شیر و چای و قاوەی ساردەوەبوو فرێ مەدە، بەڵكو پاش تێكەڵكردنیان بە بڕێك لە ئاو، بیانكەرە ژێر درەخت و ڕووەكەكانەوە.

شەشەم: لە ژەمەكاندا پێكەوە دابنیشن بۆ خواردن لە یەك كاتدا نەك هەر یەكەو بە تەنیا، چونكە بە هەر جارەو گەرمكردنەوەیەكی دیكەی خواردنەكە وزەی كارەبا و غازی زیاتر لە دەست دەدرێت.

حەوتەم: ئەگەر پاشماوەی خۆراكت هەبوو، بیكە بە پەینی سرووشتی بۆ باخچەكەت.

هەشتەم: ئەو میوەیەی كە ئارەزووی خواردنی ناكەیت، فڕێی مەدە، بیكە بە مورەبا.

نۆیەم: ئەگەر خۆراك و میوەی زیاد لە پێویستیی خۆت هەبوو، دەشزانیت نایخۆن، هەر لە سەرەتاوە بیكە بە دیاری بۆ خزمێك، یان دراوسێیەك، نەك دواتر فڕێی بدەیت پاش تێكچوونی.

دەیەم: كە خواردن بە دیلیڤەری داوا دەكەیت، داوای زۆر مەكە، بەڵكو بە قەدەر پێویستیی خۆت داوا بكە.

یازدەیەم : هەندێك لەو سەوزانەی دەمێننەوە، دەتوانیت وشكیان بكەیتەوە بۆ وەرزێكی دی.

دوازدەیەم: وردەنانی زیادە و تڵپەچای و توێكڵی میوەكان بكەرە ژێر خۆڵی باخچە و ڕووەكەكانی ماڵەوە.

سێزدەیەم: توێكڵی زۆری میوە قەبارە گەورەكانی وەك شووتی و كاڵەك بخەرە بەر هەتاو بۆ كەمبوونەوەی كێش و لەدەستدانی بڕی ئاوەكەی، بەمەش بارستەی تەنەكە خۆڵەكەت سووكتر دەبێت و، بارستەیەكی تەڕ و قورس ناخەیتە حاویەی خاشاك كۆكەرەوەكانەوە.

چواردەیەم: بزانە كە لە ڕووی ئایینییەوە ئەوە فەرمانی خودایە كە فەرموویەتی: بخۆن و بخۆنەوە و زیادە مەسرەفیی مەكەن.

پازدەیەم: ئەوەش بزانە كە زۆر خواردن لەم سەردەمی دانیشتن و كەم جووڵەییەدا زیانی تەندروستی زۆری بەدواوەیە.

شازدەیەم: دەكرێت ئەگەر خواردنت مایەوە بیخەیتە بەردەمی ئەو ئاژەڵ و پەلەوەرانەی كە خۆت هەتە لە ماڵەوە، یان هی كەسێكی نزیكتن.

حەڤدەیەم: بەشدار بە بە هەر هۆكارێك بۆ ڕێگرتن لە برسێتی.

هەژدەیەم: ئەوە بزانە كە ئاسایشی خۆراك، كلیلی ئاسایشی سیاسی و كۆمەڵایەتییشە.

نۆزدەیەم: ئەمە دروشمت بێت لە ژیاندا: «حەزم لە خوان و نانە، ڕقم لە بەفێرۆدانە».

بیستەم: بۆ یارمەتیدەر بیت لە پاراستنی ژینگەدا، هەمیشە بیر بكەرەوە پێش ئەوەی بخۆیت.

 

Top