عەبدولقەهار هەولێری: جل و بەرگی کوردی پۆشاکێکی نەتەوەیی خەڵکی کورد و کوردستانە

عەبدولقەهار هەولێری:  جل و بەرگی کوردی پۆشاکێکی نەتەوەیی خەڵکی کورد و کوردستانە

 

جل و بەرگی کوردی پۆشاکێکی نەتەوەیی خەڵکی کورد و کوردستانە و خەڵکانێکی زۆر لەبەری دەکەن ، لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە شێوازەکەی جیاوازە. تاڕادەیەک خەڵکی کوردستان و کوردستانیانی ناکوردیش دەیپۆشن ،
لەباشوری کوردستان هەموو ساڵێک ڕۆژی 10ی مانگی ئادار بۆ پۆشینی جلی کوردی دیاریکراوە خەڵکانێکی زۆر ئەم جل و بەرگە دەپۆشن ، بەتایبەتیش لەنێو دام و دەزگا حکوومی ناحکوومیەکان کارمەندان و فەرمانبەران بۆ رێز گرتن لەم جل و بەرگە نەتەوەییە ئەو ڕۆژەیان کردووە بەچەژنی پۆشینی جل و بەرگی کوردی و هەر لەو ڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێت.

ڕەگەزنامە و باری شارستانی هەولێر


جیاواز لە ڕۆژی 10ی ئادار و جیاواز لەتەواوی دام و دەزگاکانی دیکە،فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی هەولێر لەساڵی 2007ەوە لەڕۆژی پۆشینی جل و بەرگی کوردی تا کۆتا ڕۆژی مانگی ئادار ئەم جل و بەرگە دەپۆشن و دەوام دەکەن. بۆ ئەو مەبەستەش چەند پرسیارێکمان ئاراستەی عەمیدی خانەنشین موئەیەد نوری مستەفا کرد، کە ئەکات بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و باری شارستانی هەولێر بوو لەسەردەمی ئەو، ئەو بڕیارەیان داوە بۆ پۆشینی جلی کوردی .

 

هەستی نەتەوەیی

عەمیدی خانەنشین موئەیەد نوری مستەفا بەرێوەبەری ئەوکاتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی هەولێر بۆ ئەوە گوتی: جل و بەرگی کوردی جل و بەرگێکی نەتەوەیی گەلی کورد و ڕەمزی کورد بوونە، ئەم جل و بەرگە جلی باب و باپیرانمانە، بۆیە ڕۆژی جل و بەرگی کوردی و ڕۆژی ئاڵا بووە بە دیرۆکی میللەتی کوردە،ئەو یادانە پێویستە ساڵانە بکرێنەوە بۆئەوەی هەستی نەتەوەیی زاڵ بێت و نەوەی تازە بزانن ئەو ئازادیەی ئێستا هەیە لەسایەی ئەو ئاڵا و جل و بەرگە کوردیەوەیە، کە چەندین ساڵە خەباتمان بۆ کردووە و پێویستە بکرێت بە هێمای نەتەوەیی.


لەپاڵ زمان و نەریت


هەروەها موئەیەد نوری گوتیشی: پۆشاک، جل و بەرگ، لەپاڵ زمان و نەریت و ڕەوشت، ڕەمزی و دروشمی هەرنەتەوەیەکن لە نەتەوەکانی دونیا، گەلی کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکەی جیهان خاوەن کولتور و نەریتی خۆیەتی شانازی پێوە دەکات . ئەوەش نیشانەی بەرگری و قارەمانیەتییە. بۆیە پێویستە نەک تەنها ڕۆژێک بەڵکو هەموو ڕۆژێک کولتور و جل و بەرگی باپیرانمان جێگەی بایەخ بێت.

 

سەبارەت بە پۆشینی جل و بەرگی کوردی لەزۆربەی ڕۆژەکانی مانگی ئادار لەبەرێوەەبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی هەولێر دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2007 ئەو کات من بەرێوەبەربووم ، هەستمکرد ڕۆژێک بۆ پۆشینی ئەو جل و بەرگە کەمە و خەریکە لەبیر بکرێت ویستم ئەو هەستە لەبەرێوەەبەرایەتیەکەمان و لەنێو فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتی یەکە زیاتر بکەم و زیاتر لە ڕۆژێک ئەو جل و بەرگە بپۆشین، فەرمانبەرانیش بڕیارەکەیان پێخۆشبوو یارمەتیدەرم بوون ، دڵخۆشیشم لەوکاتەوە تا ئێستا لە ڕۆژی 10ی ئادار تا کۆتایی مانگی ئادار فەرمانبەران لەو بەڕێوەبەرایەتییە جل و بەرگی کوردی دەپۆشن ،خوازیارم بۆ تۆخکردنەوەی زیاتری هەستی نەتەوایەتی ئەو بڕیارە لە فەرمانگە و دام و دەزگاکانی دیکەش بەردەوام بێت.

Top