لە مانگی ئازار و نەورۆزدا باوی جل و بەرگی كوردییە

لە مانگی ئازار و نەورۆزدا باوی جل و بەرگی كوردییە

هەفتەیەكی ماوە بۆ جەژنی نەورۆز، لە ڕۆژانی نەورۆزدا، كچان بە جلی كوردی كەوێ و سەڵتە و ئێلەگی كورت و كوڕانیش بە جلی كوردی كل و ڕانكۆچۆغە و كڵاشی پەڕۆیی ئامادەكاری بۆ گەشت و سەیران دەكەن، وەك جەژنێكی میللی و نەتەوەیی لەو ماوەیەدا باوی جلی كوردی دەبێت، تەنانەت بیانیانی دانیشتووی هەرێمی كوردستان ئەوانیش گرنگی بە جلی كوردی دەدەن، دیڤید هەنت، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا وەك نموونە تاخمە جلێكی كوردی ئامادە كردووە و دەڵێ: «جلی كوردیم بە دڵە و پێم خۆشە لە كەلتوور و دابونەریتی كوردەواری تێبگەم و تێكەڵ بم، كەلتوورێكی دەوڵەمەندیان هەیە». دوای ئەوەی سەردانی بازاڕ و شوێنی میللی دەكات، جلێكی كوردی بە ڕادان دەدات و بە كلاش و جامانی كوردی خۆی ئامادە كردووە تاوەكو بەشداری بۆنەكانی ئادار و نەورۆز بكات.

لەم بارەیەوە (ئەسعەد خەیات) دیزاینەر و بەرگدرووی ئافرەتان، دەربارەی جلی كوردی لەو مانگەدا دەڵێ: «بەر لە مانگێك لە نەورۆزدا ئافرەتان هەر یەكەو قوماش و كەرەستەكانی خۆی بۆمان دەهێنێت و داوای جلێكی كوردی ناوازەمان لێ دەكات، خواستێكی زۆر لەم ماوەیەدا لەسەر جلی كوردی دەبێت، بەتایبەت ئەوانەی حەز دەكەن جلێكی تازە بۆ نەورۆز لەبەر بكەن، ئەمساڵ خواست لەسەر جلی كوردی كەوای درێژ و قوڵی كراوە و بەرۆك بەرزە، زیاتر جلی كوردی ئافرەتان بەرەو خواستی تایبەت ڕێگەی گرتووە بە مەرجێك شێوە كەلتوورییەكەی لە دەست نەدات و دەستە جلێكی جوانیش دەربچێت».

هەڵمەت محەمەد بەرگدرووی پیاوان دەربارەی جلی پیاوان دەڵێ: «ماوەیەكە گەنجان و پیاوان داوای جلی كوردی دەكەن، زیاتر خواست لەسەر ڕانكوچۆغەیە، چونكە جلێكی جوانە و بۆ هەموو تەمەنێك دەگونجێت، بەتایبەت لەلایەن كوڕانی گەنجەوە بایەخێكی تەواو بەو دەستە جلە كوردییە دەدرێت».

 

Top