تەسبێح خشلێكی سەرنجڕاكێش و گرانبەها لە كوردستان

تەسبێح خشلێكی سەرنجڕاكێش و گرانبەها لە كوردستان

لە دێر زەمانەوە پیاوان تەسبیحیان وەك خشڵ و كەرەستەیەكی پێویست و گرنگ لە دەست و مەچەكیان ئاڵاندووە، یان بۆ زیكر و هەندێك جاریش بۆ جوانی هەڵیدەگرن. لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وەرزی بەهار و نەورۆز، ئەو خشڵە خواستێكی زۆری دەكەوێتە سەر و نرخیشی بەرز دەبێتەوە، بە جۆرێك تا (2500) دۆلار (25)وەرەقە دەڕوات، ئەو نرخەش بۆ ئەو تەسبیحانەیە كە كوالێتیان زۆر باشە و لە ماددەی ڕەسەن دروست كراون، لەم بارەیەوە (موحەمەد عوسمان) كە كاری فرۆشتنی تەسبیح دەكات و ساڵانێكی زۆرە ئەو كارە دەكات، دەڵێت: تەسبێح چەندین جۆریان هەن، بەڵام ئەوەی باوە لە ناو كورددا تەسبیحی قەزوان و كارەبایە، ئەوەی باوە لە (300) دەنك زیاتر پێك دێت و درێژیشی لە نیو مەتر زیاترە، لاسورە و لاڕەشەی ئەسڵی هەن، كە بەشێوازێكی دەستڕەنگینیی كوردەواری دروست دەكرێن، ئەوانە تا حەوت سەد دۆلار(7) وەرەقە وهەندێك جار زیاتریش دەڕوات، جەماوەری تەسبیح هەمەجۆرن، هەم گەنجان و هەمیش پیاوانی بە تەمەوە داوای دەكەن، ئەوەندەی من ئاگادار بم تا ئێستا گرانترین تەسبیح بە ناوی كارەبا بە 25 وەرەقە فرۆشراوە، ئێستاش كە بەرەو جەژنی نەوروز دەچین، تەسبیحی قەزوان لەگەڵ جلی كوردی زۆر بە جوانی دەگونجێت و بازاڕی گەرم دەبێت. ڕەنگی تەسبیحی قەزوانی لاسوورە باوی هەیە و خەڵك زۆر داوای دەكات، هەشە پلاستیكە، كە بە نرخێكی زۆر هەرزان دروست دەكرێت و، لە ڕواڵەتدا وەك جۆرە گرانەكەیە، هەندێك جار خەڵك بۆ دیاری بۆ خۆشەویستانیان گرانترین تەسبیح دەكڕن، هەمیشە بازاڕی تەسبیح جمەی دێت و خەڵكێكی زۆر هەواداری ئەو خشڵەیە.

Top