ڕەنگکردنی برۆ بە قاوە
لەم دواییانەدا ڕەنگکردنی برۆ بە قاوە بووەتە ڕێگەیەکی بەناوبانگ بۆ بەدەستهێنانی شێوەیەکی جوان وڕێک ، کە شێوازی ئامادەکرنیشی ئاسان و سادەیە و پێویستی بەکاتێکی زۆریش نییە.
پێکهاتەکان:
١- دوو کەوچکی گەورە قاوەی هاڕاو
٢- نیو کەوچکی بچووک کاکاو
٣- کەمێک لە زەیتی گوێزهندی، یان زەیتی زەیتون، یانیش زەیتی جوجوبا
٤- هەنگوینی سپی بەپێی پێویست
ڕێگەی بەکارهێنانی :
١- دەفرێکی بچووک بهێنە و سەرەتا قاوە هاڕاوەکەی تێ بکە، ئاگاداربە ئەو قاوەیە بەکار بهێنە کە کافاینی تێدایە، چونکە کاریگەریی زۆرتر دەبێت و ڕەنگێکی جوان و تۆخ دەبەخشێت و کاردەکاتە سەرپڕبوونی برۆ٠
٢- کاکاوەکەی تێکەڵ بکە و بەباشی تێکی بدە، ئەگەر ویستت ڕەنگەکەی تۆخ، یان کاڵ بێت، ئەوە بەپێی ئارەزووی خۆت کاکاوی بۆ زیاد وکەم دەکەیت٠
٣- پاش ئەوەی دڵنیا بوویت کە قاوە و کاکاوەکەت بە باشی تێکەڵ کردووە، ئینجا دوو کەوچک زەیتی گوێزهندی تێ بکە و بە باشی تێکەڵیان بکە، ئەو کات گیراوەیەکی شلمان دەست دەکەوێت.
٤- پاشان کەمێک هەنگوینی تێ بکە بۆ ئەوەی ڕەنگەکە بەباشی بچەسپێت بە برۆوە و نەکەوێتە خوارەوە.
٥- پاش ئەوەی گیراوەیەکی گونجاومان دەست کەوت، لەسەر برۆی دادەنێین بۆ ماوەی سێ یا پێنج خولەک، بۆئەوەی گیراوەکە بە باشی خۆی بگرێت٠
٦- پێش بەکارهێنانی ئەم گیراوەیە پێویستە ڕوخسارت بەباشی خاوێن کردبێتەوەو، مووەکانی برۆت بە ئاراستەی گەشەی مووەکان داهێنابێت٠
٧- بەشێوەیەکی یەکسان گیراوەکە بە فڵچەیەکی تایبەت بە برۆ، لەسەر برٶ دادەنێیت بە دوو چین٠
٨- دواجار بۆ ماوەی بیست خولەک لەسەر برۆکە دەمێنێتەوە٠
٩- بۆ لێکردنەوەی ڕەنگەکە، پێویستمان بە پارچە لۆکەیەکی تەڕکراو دەبێت، کە چەند جارێک بەسەر برۆکەدا بهێنرێت، تا بە باشی گیراوەکەی لێ دەبێتەوە٠
١٠- ئەگەر ویستت ڕەنگەکەی تۆختربێت، دەتوانیت جارێکی دیکەش بەکاری بهێنیتەوە.