پرۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو زۆنگاوی نەمانی حوكمڕانی و ئەزموونی حزبوڵای لوبنانی

پرۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو زۆنگاوی     نەمانی حوكمڕانی و ئەزموونی حزبوڵای لوبنانی

 

 

لە دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە هەتا دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2011، دەوڵەتانی عەرەبی (سوننە) تەنیا لە بونیادنانی یەك دامەزراوەدا سەركەوتوو بوون، كە ئەویش دامەزراوەی سوپایەكی بەهێز بووە بۆ پاراستنی ڕژێمە دیكتاتۆر و پادشاییەكانی وڵاتانی عەرەبی سوننە مەزهەب. هەروەها لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979 هەتا ئێستا، كۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە لەو وڵاتانەی كە بەشێك لە دانیشتووانەكەی شیعەن شۆڕشیان بۆ هەناردە بكات، لەم هەناردەكردنەش تەنیا هەوڵی داوە میلیشیای چەكداری دروست بكات، هەموو ئەو میلیشیایانەش یەك مەرجەعییەت وەربگرن، كە ئەویش ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامییە، ئامانجیش لە دروستكردنی ئەم میلیشیایانە و پڕچەككردنیان بۆ ئەوە بوو كە جێگەی سوپای ئەو وڵاتانە بگرن كە حوكمڕانییان بە دەست تائیفەی شیعەوە نەبووە، بەمجۆرە:

1- لە ساڵی 1982 و لە گەرمەی شەڕی عێراق- ئێراندا، كۆماری ئیسلامیی ئێران لیوایەكی بە ناوی «لیوای بەدر» لەو خەڵكە شیعانە دروست كرد كە بەشێكیان لە ترسی ڕژێمی سەدام حوسێن هەڵاتبوون بۆ ئێران و ئەو سەربازانەی كە ڕەتیان كردەوە بەشداریی شەڕی ئێران بكەن، هەروەها ئەو سەربازە شیعانەشی كە لە میانەی شەڕەكەدا دەكەوتنە دەستی سوپای ئێران، پاشان ئەم میلیشیایە سەربازییانە زیادی كرد و ناویان لێ نا «فەیلەقی بەدر»، پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن گۆڕییان بۆ «ڕێكخراوی بەدر».

2- هەر لە ساڵی 1982 حزبوڵای لوبنانی دامەزرا وەك حزبێكی میلیشیایی چەكدار لە دەرەوەی سوپای فەرمیی لوبنان، هەروەها ئەم حزبە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا ئایەتوڵا خومەینی بە ڕابەری خۆی زانیوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئەم میلیشیا چەكدارییەی حزبوڵا لە بەهێزبووندا بووە و، ڕۆڵی دیار و گەورەی لە شەڕەكانی سووریا و عێراق و یەمەندا هەبووە، بە هیچ جۆرێكیش خۆی ناخاتە ژێر دیسیپلینەكانی سوپای لوبنانەوە.

3- لە دوای ساڵی 2011 و دەستپێكی شەڕی ناوخۆ لە سووریا، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی جیا لەوەی بەشێكی زۆری میلیشیا چەكدارەكانی شیعەی عێراق و لوبنانی بۆ شەڕی ناوخۆی سووریا برد، لە هەمانكاتدا دوو لیوای گەورەی میلیشیای لە شیعەكانی پاكستان و ئەفغانستان لە سووریا دروست كرد و بەڵێنی ئەوە بە چەكدارەكان درا، كە ڕەگەزنامەی ئێرانییان پێ دەبەخشن.

4- لە ساڵی 1992 میلیشیای «حەرەكەی ئەنساروڵا» لەسەر دەستی بەدرەدین حوسی دامەزرا و، پاشان ئەم حەرەكەیە بە «حوسی» ناسرا و، بەردەوام حزبوڵای لوبنانی وەك بریكاری سوپای پاسداران مەشق و ڕاهێنانی بە چەكدارەكانی كردووە، پاشانیش لەلایەن ئێرانەوە بە كەشتی چەكیان بۆ نێردراوە و پڕچەك كراون، هەتا كار گەیشتە ئەوەی ببنە ئەو هێزەی كە شەڕێكی گەورە لە یەمەن هەڵبگیرسێنن، بۆیە وڵاتانی عەرەبی سوننە بە سەرپەرشتیی عەرەبستانی سعودی هاوپەیمانییەكیان پێكهێنا بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ بەهێزبوونی میلیشیای حوسییەكان دابنرێت، بەڵام وڵاتی یەمەن وێران بوو و چەكدارانی حوسی لاواز نەبوون.

5- سوپای پاسداران هەوڵی دا بە ڕێگەی چەكداركردنی شیعەكانی بەحرێن، سیستمی پادشایەتی بەحرێن بڕووخێنێت، ئەوە بوو سوپای عەرەبستانی سعودی دەستێوەردانی كرد و ئەم هەوڵەی شكست پێ هێنا.

6- بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەڵەستین، پشتگیری حەرەكەی «حەماس»ی فەلەستینی «سوننە»ی كردو، سەر‌كردەكانی ئەم حەرەكەیەش زۆر ڕاشكاوانە سو‌پاسی كۆماری ئیسلامییان كردووە. حەماس تەنیا لایەنی سوننەیە كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەیە، ئامانجی ئێرانیش لە پشتگیریی ڕەهای بۆ حەرەكەی حەماس، لەگەڵ ئەوەی لە ڕووكاری دەرەوە پشتگیرییە بۆ گەلی فەلەستین و دژایەتیی ئیسڕائیل، بەڵام لە دیوی ناوەوەی ئامانجی ئەوەیە ئەو ڕێككەوتنانە سەرنەگرن و شكست بهێنن كە لە نێوان دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین و ئیسڕائیل هەیە بۆ چارەسەر لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت «فەلەستین و ئیسڕائیل»، ڕاشكاوانەتر بۆ ڕێگریكردنە لە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە زیادبوونی دەوڵەتێكی دیكەی سوننەیە لەسەر سنووری حزبوڵا لە لوبناندا.

ئەم باكگراوەندە پێویست بوو، پێش ئەوەی ئەو پرسیارە بكەین، بۆچی لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نە سیستمێك ماوە بە ناوی سیستمی «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست»، هەروەها نە حوكمڕانییەك ماوە بە ناوی «حوكمڕانی و حوكمڕانیی باش؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لەسەر ئاستی دەوڵەتانی عەرەبی «سوننە» و ئەو دەوڵەتانەشی كە كاریگەریی ئێران و میلیشیای چەكداری وەلائیان تێدایە، پەیوەستە بەوەی كە هەم دەوڵەتانی عەرەبی سوننە پشت بە گەلەكەی خۆیان نابەستن و زیاتر دەیانەوێت هێزی دەرەكی كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات، بە هەمان شێوە میلیشیا چەكدارە شیعەكانی وڵاتانی عێراق و لوبنان و یەمەن و...هتد، ئەوانیش بۆ ئەوە دروست نەبوون كە پشت بە گەلەكەی خۆیان ببەستن، بەڵكو چاوەڕێن لە مەرجەعییەتی باڵای شۆڕشی ئیسلامییەوە فەرمانیان بۆ بێت و ئەوانیش جێبەجێی بكەن.

لەسەر ئەم بنەمایە و دوای ئەوەی ئەو سیستمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ئەمریكا دامەزرێنەری بوو و لەبەریەك هەڵوەشایەوە، دەوڵەتانی عەرەبی سوننە پەنایان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسڕائیل برد و، بەحرێن و ئیمارات بە ئاشكرا ڕێككەوتنی «ئیبراهیم»یان لەگەڵ ئیسڕائیل ئیمزا كرد، دەوڵەتانی دیكەی عەرەبی سوننەش نەك هەر سەركۆنەی ئەم ڕێككەوتنەیان نەكرد، بەڵكو وەك باس دەكرێت، ئەوانی دیكەش لە چەندین كەناڵی جیاوازە هەمان «ڕێككەوتنی ئیمزانەكراو»یان لەگەڵ ئیسڕائیل هەیە، لە بەرامبەریشدا ئەو دەوڵەتانەی لە ژێر كاریگەریی میلیشیا چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامین وەك «عێراق، لوبنان، سووریا»، بە هەمان شێوەی كۆماری ئیسلامی لە دژایەتییان بۆ ئیسڕائیل بەردەوامن و داوای نەمان و ڕووخانی دەوڵەتی ئیسڕائیل دەكەن.

لێرەدا پرسەكە لەسەر ئەوە نییە كە «ئاساییكردنەوە، یان دژایەتیكردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل» كامیان باشە و كامیان خراپە، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە كە دەوڵەتانی عەرەبی «سوننە و شیعە» بە خۆیان و بە پشتبەستن بە گەلەكەیان ناتوانن حوكمڕانی بكەن و هەمیشە چاویان لەوی دیكەیە كە پشتی پێ ببەستن و، پشتبەستوون بەوی دیكە «dependency» نەك سەربەخۆ «Independent»، ئەمەش ئەو فاكتەرە گرنگەیە كە وادەكات دەوڵەتە سوننەكان پەنا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ببەن و پشتی پێ ببەستن، بەشەكەی دیكەش كە شیعەیە، یان عەلەوی، پەنا بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرن، سەرەنجامیش، یان حوكمڕانیەكی توند و دڕندە، یان پاشاگەردانی و حوكمڕانیی میلیشیایی جێگەی حوكمڕانیی ڕاستەقینە و باش دەگرێتەوە.

 

Top