بایەخی خێزان لە پەرەپێدانی تاكی بەرهەمدار
ئێستا سەردەمی تاك گەرایی و جەختكردنەوەیە لە تاك وەك چەقی كارلەسەركردن و گرنگیپێدانە، بێگومان تاك گرنگە وجێی ئەوەیە بایەخی پێ بدرێت و خۆی زۆرێك لە ڕێكەوتن نامەكانی بواری مافی مرۆڤ بەگشتی بایەخ بەتاك دەدەن و لەسەر بنەمای تاك ناوەرۆكەكانیان داڕێژراوە، بەڵام ئەمە هەرگیز بەمانای وەلاوەنانی بایخ و ڕۆڵی كۆمەڵگە و دامەزراوە گرنگەكانی كۆمەڵگە نایەت كە خودی تاكیش یەكێكە لەپێكهێنەرەكانی.
لێرەدا مەبەستمە لەسەر ڕۆڵی و گرنگی خێزان بكەم لە گەشەپێدان و پێشخستنی تاكەكان و لەهەمان كاتیش لە بەرەوپێشبردن و گەشانەوەی كۆمەڵگادا، كە بێگومان خێزان یەكەم دامەزراوەیە كە مرۆڤ دەیناسێت و لەگەڵیدا ئاشنا دەبێت هەر لەیەكەم ساتی بەژیان گەیشتنیەوە.
خێزان بەجیاوازی قەبارە و شێوازی پێكهێنانیەوە یەكێكە لە دامەزراوە هەرە بایەخدارەكان بۆ پێگەیاندن و خولقاندنی تاكێكی سودبەخش و خاوەن توانا و پێشكەشكرنی بەكۆمەڵگا، وە خێزان كۆمنترین دامەزراوەی كۆمەڵایەتیە كە تائێستا ماوەتەوە، بەجیاوازی شێوازەكانیەوە لەكۆمەڵگا جۆراوجۆرەكاندا و سەرەڕای پێكەوتنەكانی گشت بوارەكان بەڵام خێزان ماوەتەوە و هیچ بەدیلێكی بۆ نەهاتووتە بوون، وە هیچ گۆڕانێك نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی و بەتەواوی وەلاوەی بنێت، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵ و ئەركی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام وەك دامەزراوە هێشت ماوەتەوە و تەنانەت لەبرەوسەندنیشدایە.
ڕۆڵ وكاریگەریەكانی خێزان زۆرن و گەلێك بواریش هەیە ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی خێزان تیایدا هەستی پی دەكرێت، لێرەدا من تەنها لەسەر یەك بوار قسە دەكەم كە بواری گەشەپێدانی تاكەكانی خێزان و دەرخستنی تواناكانیەتی، كە بەبڕوای من لەم ڕوەوە خێزان بەچەند شێوازێك ڕۆڵی هەیە:
1. خێزان وەك یەكەم فێرگەی تاك دەبێتە یەكەم وێستگەی پێدانی ئاكار بە تاكەكان، منداڵ هەر لە سەرەتای دەركەوتنی هۆشیاری لەلایەوە ئیدی دایك و باوك و ئەندامانی خێزانەكە دەبنە نمونەی باڵا بۆی و ئەمان بیانەوێ یان نا ئەو چاویان لێدەكات و ڕەفتارەكانیان دووبارە دەكاتەوە، كە بێگومان سەرەتا ئەو ڕەفتارانە لە ناهۆشیاری و وەك ئاكارێكی مناڵانە دەكات، بەڵام بەتێپەڕبوونی كات ڕەفتارەكان وەك حەز و ئارەزویەك دەكات و بە ئیرادەوە دەیانكات، بۆیە ئەو خێزانەی هەوڵ دەدات كاردابەشكردن و ڕێز بنەمای پێكەوەبوونیان بێت هەمیشە تاكێكی خاوەن بەرپرسیارێتی بەرهەم دێنێت، كاتێك منداڵ لە خێزاندا هەست دەكات باوكی ئەركی خۆی بەتەواوی جێەبجێ دەكات و دایك و ئەندامەكانی تریش بەهەمان شێوە، ئیتر فێری ئەوە دەبێت تێبگات ئەمیش ئەركێكی لەسەر شانە و ڕۆژ بەڕۆژ بەرپرسیارێتی زیاد دەكات، ئەمە بۆ گشت جۆرەكانی بەرپرسیارێتی ڕاستە، هەر لە ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەییەوە بگرە هەتا دەگاتە بنەماكانی یەكتر قبوڵكردن و ڕێز و یەكسانی جێندەری و ڕوبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و پشت بەخۆبەستن و دوركەوتنەوە لە مشەخۆری.
2. خێزان خولقێنەری وبەها و ڕەفتارەكانە لای تاكەكانی، واتا تاكەكانی خێزان بەگشت شێوەیەك كاریگەریان لەسەر یەكتر هەیە و هەر كەسێكیان دەبێتە كارتێكەر و كارتێكراویش لەهەمان كاتدا، وە ئەوە خێزانە كە ڕەفتار و بەهاكان فێری تاكەكانی دەكات، ئەمە بۆ گشت تاكەكانی خێزان ڕاستە بەگشتی وە بۆ مناڵ بەتایبەتی، بۆ نمونە ئەو ژن و مێردەی كە خێزان پێك دەهێنن زۆر جار جیاوازیان هەیە لە ڕەفتار و تەنانەت تێڕوانینیان بۆ هەندێك بەهای كۆمەڵایەتی و مرۆیی و ئاینیش، بەڵام لە ئەنجامی پێكەوەبوون و كارگەریان لەسەر یەكتر دەبێت و زۆر جار بەشێك لەڕەفتار و تێڕوانینی هەر یەكەیان دەگۆڕێت، جا ئەمە بۆ منداڵ تەواو كاریگەری زیاترە و زۆرتر جێكەوتی لەسەر مناڵ دەرەكەوێت، بۆ نمونە بەپێی توێژینەوەیەك سەدا هەشتا و سێی ئەو كەسانەی ئامادەنەبوون بەهیچ شێوەیەك درۆ بكەن هۆكارەكەیان بۆ ئەوە كەڕاندوەتەوە كە لەخێزانەكەیاندا لەبری شاردنەوەی كێشەكان چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە و پێیان وتراوە درۆ خراپەیەكە ناكرێ چاكەی لێ بەرهەم بێت.
3. متمانە بەخۆ بوون و هاندانی تاك بۆ ئەوەی خۆی توانای چارەسەر كردنی كێشەكانی خۆیی هەبێت لە خێزانەوە دەست پێدەكات، ئەو دایك و باوكانەی وەك چاودێرێكی دوراودور لەگەڵ منداڵەكانیان دەبن و ئەركی ڕێنمایی ئەگرنە ئەستۆ هاوكارێكی باش دەبن بۆ مناڵەكانیان بۆ ئەوەی بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و خۆیان چارەسەری كێشەكانی خۆیان بكەن، وە بتوانن فێرری ئەوەببن لەداهاتووی ژیانیاندا مشەخۆرانە نەژین و چاوەڕوانی دەستی ئەوانی تر نەبن، بەتایبەتی ئەو خێزانانەی وەك بەهایەكی باڵا تەماشای كاكردنی ئافرەت دەكات و هانی دەرخستنی تواناكانی ئافرەتانی ئەندامی خانەوادەكەی دەدات دەبێتە هاوكارێكی زۆر باش بۆ تەشەنەكردن و ناردنە دەرەوەی ئەو بەهایە و ڕاهێنانی دەوروبەر لەسەر چاولێكردنیان.
ئەمانەی سەرەوە تەنها سێ خاڵی كورت بوون لەبارەی ڕۆڵی خێزانەوە، بەڵام ئێستا خێزان لەسەر ئاستی گشت كۆمەڵگاكان ڕوبەڕوی چەند مەترسیەك بووەتەوە و ئەمەیش وایكردووە ڕۆڵی وەك پێویست هەستی پێ نەكرێت یان ڕۆڵەكەی نێگەتیڤ بێت، لێرەدا باسی هەندێ لەو مەترسیانە دەكەین:
1. دژیەكی لە ڕەفتار و كرداری دایك و باوكاندا: ئەمە یەكێكە لە هەرە مەترسیەكانی ڕوبەروی ڕۆڵی خێزان دەبێتەوە بۆ ئەوەی نەتوانێت تاكێكی تەندروست بخاتە كۆمەڵگاوە، كاتێك دایك و باوكان و گەورەكانی خێزان فەرمانی شتێك بە مناڵان و ئەوانەی خوار خۆیانەوە دەكەن و داوایان لێ دەكەن فڵانە ڕەفتار ئەنجام بدەن و بەڵام لەخۆیاندا نیە و خۆیان پێچەوانەی ئەوە دەكەن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كەسایەتیەكی دوو ڕوو و ڕوكەش بۆ مناڵان و كەسانی خوار خۆیانەوە دروست بكەن لەخێزاندا، چونكە ئەگەر مناڵەكە یان ئەو كەسە ئەو ڕەفتارەیش بكات تەنها بەشێوەیەك ڕوكەش دەیكات و دەزانێت ئەوەی داوای لێدەكرێت لەلایەن گەورەكەیەوە خودی ئەو پێیەوە پابەند نیە! لە دواییشدا كەسێكی دووڕوو دێتە بەرهەم.
2. سودوەرنەگرتن لە كات: یەكێك لەو كێشە گەورانەی ئەمڕۆ خێزانەكان هەیانە ئەوەیە كاتەكانی بەتاڵی و نەبوونی كار وەك پێویست سودلێنابینن و زیاتر بەشتی بێ سودەوە دەڕوات، ئەمەش وادەكات سیستەمێك لە خێزاندا نەبێت بۆ وەبەرهێنان لە كاتدا، كە بێگومان كات ئەو سامانە گرنگەیە كە هەموان پشكیان تیایدا هەیە، بۆیە هەركات خێزان توانی كات دابەشكردن لەناوخۆیدا فەراهەم بكات لەدەرەنجامدا كەسێكی بەرهەمدار دەبەخشێتە كۆمەڵگە. ئەمەش بەو مانایە نیە كە هەموو كاتەكان بۆ كاری جدی تەرخان بكرێت، بەڵكو بەو مانایەی ڕێگە لە بەفیڕۆدانی كات بگیرێت و كاتیش وەك سەروەت و سامان لای خێزان وێنا بكرێت.
3. فەرامۆشكردن و لێنەپرسینەوە: پێویستە خێزان وەك دامەزراوەیەك ئاگای لە ئەندامەكانی پێت و ڕەفتار و پێویستی و حەزەكانیان لەبەرچاو بگرێت، بەپێی توانا و دەرفەت هەموو كەسێك ڕۆڵ و بایەخی خۆیی پێ بدرێت، فەرامۆشكردنی تاكێك لە ئەندامەكانی خێزان ئەگەری هەیە ببێتە بەڵایەكی گەورە بۆ گشت خێزانەكە، بێگومان فەرامۆشكردن گشت ڕویەك دەگرێتەوە، بۆ نمونە ڕاوەرگرتن و پرس و ڕاكردن، ئاگالێبوون و بەدەمەوە چوون، بەهەند وەرگرتنی دڵتەنگی و خۆشیەكان، یەكسانی كردن لەنێوان تاكەكان بەپێی پێویستیان...هتد. ئەمانە وادەكەن تاك ئینتیمای بۆ خێزان هەبێت و لەكۆتاییشدا ئینتیما وەك بەهایەكی خێزانی لی بێت، بەڵام ئێستا ئەم بابەتە وەك دیاردەیەكی لێهاتووە و بەكۆمەڵێك هۆكاری جۆراوجۆر بێ ئاگاییەكی زۆر لەنێوان تاكەكانی خێزاندا هەیە و تەنانەت بەشێك لەخێوانەكان نەیانتوانیوە ڕایەڵەكانی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی خۆیشیان بەنەوە و ئەندامانیان بگەیەنن و یەكتر بناسن.
4. زاڵبوونی مادیەت و ونبوونی ڕووە مەعنەویەكان: بەهاكانی خێزان هەمووی ماددی نیە، بەڵكو لایەنی مەعنەویش ڕایەڵەیەكی گرنگیەتی، بەڵام ئێستا هێشی مادیەت و ڕوانگەی مادەگەرایی بەتەواوی تەنگی بەخێزانەكان هەڵچنیوە، وای لێهاتووە بابەتە مەعنەویەكانی لەنمونەی ڕەوشت و ڕێز و خۆشەویستی و پێكەوەبوون كەمتر حسابی بۆ بكرێت یان هەر بۆی نەكرێت، تەنانەت كار بەڕادەیەك گەیشتووە ئاسودەیی خێزانێك بەوە دەپێورێت خاوەنی چەند سەروەت و سامانی مادیە! وە خێزانەكانیش لە كێبەركێی مادیگەراییدان لەبری كێببەركێی خۆشەویستی و ڕێز و بەها مەعنەویەكان.
ئەمانەی سەرەوە بەشێكن لەو ڕێگایانەی خێزان دەتوانێن ڕۆڵی كاریگەری خۆی بگێڕێت لە كۆمەڵگادا لەڕێگەیانەوە، لەگەڵ ئەو بەربەست و مەترسیانەی كە ڕوبەڕوی خێزان بووەتەوە و پێویستە چارەسەر بكرێن. بەو ئومێدەی سود لە دەرفەتەكان وەرگرین و كەموكورتیەكان چارەسەر بكەین و ڕوبەڕوی مەترسیەكان ببینەوە لە پێناو گێڕانەوەی سەنگ و كاریگەری فراوان و هەمەلایەنەی خێوان لەبواری دروستكردنی تاكی بەرهەمدار بۆ كۆمەڵگا.
نوسینی: هێشوو دارا سەلیم