هونەری خۆشنووسی

هونەری خۆشنووسی

خۆشنووسی و جواننووسی، دوو زاراوەی هاوواتان، گوزارشت لە هونەرێكی زۆر باڵای ڕۆژهەڵات دەكەن. ئەم هونەرە لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامدا باوە. ڕیشەكەی بۆ چواردە سەدە بەر لە ئێستا و سەرەتای پەیدا بوونی ئایینی ئیسلام دەگەڕێتەوە. ئەلف و بێی عەرەبی بنەمای ئەم هونەرەیە، ئەمیش دەگەڕێتەوە سەر ئەلف و بێی ئارامی یان نەبەتی. لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسیدا بۆ نووسینی دەق بە زمان و ئەلف و بێی عەرەبی جوانكاری و هونەرارای كراوە، خەتی نەسخ لە كۆتایی سەدەی نۆیەمی زاییندا، پەیدا بووە. ئەم جۆرە خەتە بۆ نووسینەوە و كۆپی كردنی كتێب و دەسنووس بەكار دەهات، دواتر بوو بە خەتی تایبەت بە نووسینی قورئانی پیرۆز، تا ئەم ڕۆژگارەش قورئان لە لایەن خۆشنووسانی ناودارەوە بەم جۆرە خەتە دەنووسرێتەوە، پاشان بە سەدان هەزار دانە كۆپیی دەسنووسەكەیان لێ چاپ دەكرێت.

ئا/ تاریق كارێزی

هونەری خۆشنووسی

پیتەكانی خەتی نەسخ ڕوون و دیارن، ئاسان دەخوێندرێنەوە، لە پای ئەوە نەسخ بوو بە بنەمای ئەو جۆرە خەتە (فۆنتەی) لە چاپ كردنی كتێبدا بەكار دێت، لە سیستەمی چاپی ئەلیكترۆنی (كۆمپیووتەر)یشدا، هەر ئەم جۆرە خەتە بەكار دێت. بێ لە عەرەب، دەیان نەتەوەی موسڵمان لە ئاسیا و ئەفریقا كە زمانیان بە ئەلف و بێی عەرەبی دەنووسن، خۆشنووسی هونەرێكی باوە لە لایان. بۆیەش نووسین بەم ئەلف و بێیە هونەرە، چونكە بەشێكی زۆری پیتەكانی پێكەوە دەلكێن، شێوەی هەمەجۆری ئەندازەی دەگرنە خۆ، پیتەكانی درێژ دەكرێنەوە، لە شێوەی بازنە تێكەڵ بە یەك دەبن، بەسەر یەكدا چڕ دەكرێنەوە، بە ڕادەی بێ كۆتا لە شێوە و فۆرمی هەمەچەشندا بەرجەستە دەبن. ئەوەی زیاتر ڕێی بۆ گەشە كردنی ئەم هونەرە خۆش كرد، هونەری نیگار و پەیكەرتاشی لە ئایینی ئیسلامدا جێی بایەخ نەبوون، هونەرمەندان زیاتر بایەخیان بە هونەری خۆشنووسی دا، مزگەوت و كۆشك و تەلاریان پێ دەڕازاندەوە، قورئان و هەمەجۆر كتێبیان پێ دەنەخشاند. خۆشنووسی و نەخش (زەخرەفە) جووتە هونەری هەرە باوی شێوەكارین لە مێژووی ئیسلامدا. هەموو ئەو دەوڵەتانەی تا سەرەتای سەدەی بیستەم لە جیهانی ئیسلامدا دامەزراون، بایەخیان بە هونەری خۆشنووسی داوە، پەیدا بوونی چاپی ئەلیكترۆنی، لە ڕووی پیشەییەوە تەنگی بەم هونەرە هەڵچنی.
زنجیرە چیای زاگرۆس هێڵی بە یەك گەیشتنی گەورەترین دوو قوتابخانەی هونەری خۆشنووسییە، ئەو نەتەوە و دەوڵەتانەی لە ڕۆژاوای زاگرۆس هەن و پەیدا بوون، برەویان بە جۆرەكانی خەتی نەسخ، سولس، دیوانی، ڕوقعە، جەلی دیوانی، ئیجازە و جۆری دیكەی خەت داوە، هەر لەو جوگرافیایەدا عەرەب و كورد و تورك گەشەیان بە هونەری خۆشنووسی داوە. ئەمەیان قوتابخانەی ڕۆژاوای زاگرۆسە. قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتی زاگرۆسیش لە ئازەربایجان و بانووی ئێرانەوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە هیندستان و ناوەڕاستی ئاسیا. لەم سەرزەمینەشدا فارس و كورد و تورك و هیندی و ئەفغان گەشەیان بە چەند جۆرێكی خەت داوە، فارسی، نەستالیق، شكستە و چەندین جۆرە خەتی دیكە، لەم جوگرافیایەدا برەویان هەیە. بێ لەو دوو قوتابخانەیە، لە ئەندەلووسی سەردەمی ئیسلام و وڵاتانی مەغریب، جۆرە خەتێك گەشەی كردووە و پێی گوتراوە خەتی مەغریبی.
لەم كاتەشدا توركیا و ئێران و وڵاتانی عەرەب خۆیان بە خاوەنی هونەری خۆشنووسی وەك میراتێكی شارستانی دەزانن. توركیا داوای لە یونسكۆ كردووە هونەری خۆشنووسی بە ناوی (نەریتە خەتی هونەری ئیسلامی لە توركیا) لە لایەن ڕێكخراوەكەوە بە ناوی توركیا تۆمار بكرێت. ئێران بەرانبەر بەم داوایەی توركیا هاتە دەنگ و لە كۆتایی 2020دا دەرهەق بە داواكەی توركیا ناڕەزایی نامەیەكی بۆ یونسكۆ نارد، داوای كرد لە كۆبوونەوەی ساڵی 2021ی یونسكۆدا (خەتی ئیسلامی) بە ناوی ئێرانەوە تۆمار بكرێت، جێگر وەزیری میراتی كولتووری ئێرانیش گوتی «سیفەتی ئیسلامی تەنیا پەیوەست بە توركیا نییە، بەدەر لەوەی دەبێ لە ئێراندا بە دوای بنەچەی خەتی ئیسلامیدا بگەڕێین.» زۆر هونەرمەندی شێوەكاریش هەن هونەری خۆشنووسی وەك ڕەگەزێكی واتا و جوانی تێكەڵ بە هونەری نیگار دەكەن.
سعوودیە بە پشتیوانیی (15) دەوڵەتی دیكەی عەرەب دۆسێیەكی پێشكەش بە یونسكۆ كرد، داوای كرد ئەم هونەرە بە ناوی (خەتی عەرەبی)یەوە وەك میراتێكی شارستانی بە ناوی وڵاتانی عەرەبەوە تۆمار بكرێت. لە یونسكۆدا شەڕی سێ نەتەوە لەسەر ئەم هونەرە گەرمە. ئێمەی كوردیش بە دڵنیاییەوە بەشمان بەم هونەرەوە هەیە، بەڵام نوێنەرایەتییەك نییە دەنگمان بە یونسكۆ بگەیەنێت.

هونەری خۆشنووسی
هونەری خۆشنووسی
Top