ڕاوێژکاری ئەڵمانیا: نابێت ڕوسیا یەکڕیزی و سووربوونی ئەوروپییەکان بە كەم بزانێت
سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا ئۆلاف شولتز ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا کە ڕووسیا نابێت "یەکبوون" و "سووربوونی" ئەوروپیەکان بە کەم بزانێت، ئەم لێدوانە لە کاتێکدا دێت کە هەوڵی دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و مۆسکۆ و ڕێگرتن لە پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و هێزەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە.
ئۆلاف شولتز دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی هەر سێ وڵاتی بالتیک لە بەرلین لەوانە لیتوانیا و لاتڤیا و ئیستۆنیا کە ئێستا لە پێشەوەی قەیرانی ڕووسیا و ئۆکرانیادان، گوتی: کە لە نیگەرانییەکانیان تێگەیشتووە و لە درێژەی کورتە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئەوەشی وت: بۆ هەموومان گرینگە كە رووسیا وەك هاوبەش لە یەكێتیی ئەوروپا و وەك هاوپەیمانەكانی ناتۆ بڕیار و یەكڕیزیمان كەم بكاتەوە.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەفتەی ڕابردوو سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی کرد پێش ئەوەی میوانداری سەرکردەی سێ ویلایەتی بالتیک بکات و قەیرانی ئۆکرانیای لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن تاوتوێ کرد.
هەروەها بڕیارە هەفتەی داهاتوو گەشت بکات بۆ مۆسکۆ و کیێڤ بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتە کە گرژییەکان بەرەو دەرگای جەنگێکی تەواو پاڵی پێوەناون.
ئەڵمانیا لە دۆخێكی مەترسیداردایە لە ناوەڕاستی قەیرانی ئۆکرانیادا، چونکە گرژییەکان بەرەو چارەنووسی پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 گەیاندووە، کە لە جیاتی خاکی ئۆکرانیا لە ژێر دەریای ڕەشدا تێپەڕیوە و گازی سروشتی ڕووسیا گەیێنراوەتە ئەڵمانیا ، كە ئێستا بە شێوەیەکی بەر چاو دابەزیوە.
گوڵان: سەردار خەلیل