كۆژین هیوا: لە ژیاندا متمانە بەخۆبوون هەموو كات وات لێ دەكات سەركەوتووبیت

كۆژین هیوا:  لە ژیاندا متمانە بەخۆبوون هەموو كات وات لێ دەكات سەركەوتووبیت

 

 

دەستڕەنگینی و چنین و رستن بەهرەیەكی نامۆ نییە بە خانمانی كورد، ئافرەتی كورد بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بەهرەی دەستڕنگینیان هەبووە و بە دەست و پەنجەكانیان كەل و پەل و پێداویستی ناوماڵیان دروست كردووە، تەنانەت هەندێك جار بەرهەمە دەستكردەكانیان بۆ دابینكردن یان بەشداریكردن لە دەستەبەری بژێوی خێزان فرۆشتۆتەوە. تەنانەت ئافرەت هەبووە سەرپەرشتی خێزانێكی گەورەی كردووە و لە داهاتی بەرهەم و كارە دەستییەكانی منداڵەكانی بەخێو كردووە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 كۆژین هیوا كچە لاوێكی دەستڕەنگینی دانیشتووی قەزای سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانییە، لە ساڵی 1996 لە دایك بووە، وەك خۆی باسیدەكات زانكۆی تەواو كردووە بەڵام لە هەلی دامەزراندن سوودمەند نەبووە، ئەوان سێ خوشكن لە ماڵەكەی خۆیاندا ئەو كاری چنین دەكەن و خاوەنی (پەیجی سوفی كوردە) ن بۆ كاری دەستی، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باس لە بەهرەكەی دەكات.

 «دەرچووی زانكۆی سلێمانیم بەشی ژمێریاری ساڵی 2016 ئێمە سێ خوشكین پێكەوە كاری چنین بە سوف ئەكەین، لە ڕاستیدا من لە خوشكەكەمەوە فێر بووم، خوشكەكەم هونەر و بەهرەكانی خولیای منداڵێتی بوو، ئەو حەزی لە چنین بوو بە سوف منیش كە ئیشەكانیم ئەبینی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر حەزم ئەكرد فێربم و چەند جارێك هەوڵمدا سەركەوتوو نەبووم، بەڵام وازم نەهێا هەتا توانیم سەركەوتووبم، لەوەوە گەیشتمە ئەو قەناعەتەی كە هەموو كارێك پێویستی بە هەوڵدان و تێكۆشانە، هەر كارێك بۆ فێربوون و پێشكەوتن بێت دەبێت كۆڵ نەدەی و دەستبەرداری نەبیت، ئێمە ماوەی ساڵ و نیوێكە ئەو كارە ئەكەین سوپاس بۆ خودا كڕیارەكانمان كارەكانیان زۆر بەدڵە، سوپاس بۆ خودا هیچ ڕێگرێك نەبوو لە بەردەم كارەكەمان، تەنانەت هەموو ئەندامانی خێزانەكەمان كە كارەكانیان ئەبینی هانیان ئەداین زیاتر بەردەوام بین، ئێمەش ئەمڕۆ بە هاندان و پاڵپشتی ئەوانەوە سەركەوتووین، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هاندان و پاڵپشتی و پشتگیری خانەوادەكانمان هۆكاری یەكەمی سەركەوتنەكانمانە».

سەبارەت بە داهاتووی كارەكەیان كە ئایا چ پڕۆژەیەكیان لە داهاتوودا هەیە، ئەو خانمە لاوە گوتی: پشت بە خوا بۆ داهاتوو پڕۆژەمان هەیە برەو بە كارەكەمان بدەین و هەر كاتێك كات و دەرفەتی گونجاومان بۆ ڕەخسا شوێنێكی تایبەت بە خۆمان بكەینەوە. چونكە تا ئێستا دانەمەزراوم دەمەوێ سوود لە كاتە بەتاڵەكانم وەربگرم و ئەو كارە بكەین، خوشكێكم مامۆستایە خوشكەكەی تریشم ماوەی 10 ساڵە خوێندنی تەواو كردووە و دانەمەزراوە، بۆ ئەم بارودوخ و سەردەمەی ئێستا كاركردنی ئافرەت زۆر گرنگە چونكە كۆمەڵێك بەهرە هەیە تەنها لە ئافرەتان بوونی هەیە لە پیاوان بوونی نییە، بۆیە زۆر گرنگە ئافرەتانیش هاوشانی پیاوان كاربكەن

بە دڵنیاییەوە ئابووری سەربەخۆ زۆر گرنگە بۆ هەموو تاكێك لە هەر كۆمەڵگایەك بێت و ئافرەتانیش بەشێكی دانەبڕاوی كۆمەڵگەن، هیوادارم هەموو خانمان كە بەهرەیەكیان هەیە بۆ خستنەرووی بەهرەكەیان بجەنگن و رووبەڕووی هەموو ئاستەنگەكان ببنەوە، چونكە كاركردن هەر جۆرێك بێت عەیب نییە بەڵكو كاركردن بۆ هەم بۆ ژنان و هەم بۆ پیاوان شەرەفێكی گەورەیە و سامانێكی لە بن نەهاتووە.

 لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا پێویست دەكات ئافرەت و پیاو بەیەكەوە كاربكەن و بژێوی ژیانێكی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەكانیان دەستەبەر بكەن، لە رابردوودا لە ماڵێك یەك كەس كاری دەكرد خێزانێكی گەورەی بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی پێشكەوتن و گۆڕانكاری لە جۆری ژیانكردن وا پێویست دەكات زیاتر لە كەسێك بژێوی خێزان دابین بكات.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا تاچ ئاستێك بڕوا و متمانە بوون بە تواناكان سەركەوتن و پێشوەچوونی زیاتر مسۆگەر دەكات؟ كۆژین هیوا دەڵێت:» بە دڵنیاییەوە زۆر گرنگە، تەنانەت منیش متمانەم بە خۆم و تواناكانم هەیە، لە ژیاندا متمانە بەخۆبوون هەموو كات وات لێ ئەكات سەركەوتووبیت هەموو ئەندامانی خێزانەكەشمان متمانەی تەواویان هەیە بۆ ئەوەی سەربكەوین وكاری جوانتر بخەینە بەردەم ئازیزان و هەموو ئاشقانی كاری دەستی، ئێمە خاوەنی پەیجی سوفی كوردەین بۆ كاری دەستی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا بەرهەمەكانمان ئەفرۆشین كڕیارەكانمان لەوێ ئاگادارمان ئەكەنەوە ئێمەش بەپێی خواستی خۆیان ڕەنگ و قیاس و مۆدێلمان بۆ ئەنێرن بەو جۆرە بۆیان دروست ئەكەین، لە فەیس بووك و ئینستا گرام پەیجمان هەیە».

 

Top