فەریق جەمال محەمەد سەرۆك ئەركانی هێزی پێشمەرگە بۆ گوڵان: هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە هەرێمی كوردستان هێڵێكی بەرگریی تۆكمەی هەیە

فەریق جەمال محەمەد  سەرۆك ئەركانی هێزی پێشمەرگە بۆ گوڵان:     هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە هەرێمی كوردستان هێڵێكی بەرگریی تۆكمەی هەیە

 

 

هێرشی داعش بۆ سەر گرتووخانەی «غوێران» لە پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان و زنجیرە هێرشەكانی داعش بۆ سەر هێزەكانی پۆلیس و سوپای عێراق، مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوە و زیادبوونی هێرشەكانی داعشی زیاتر كرد، ئەگەرچی ئەمریكا لە هێرشێكی سەربازیدا ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی خەلیفەی دووەمی داعشی لە باكووری سووریا كوشت، بەڵام مەترسییەكانی داعش بەردەوامن؛ ئامادەكارییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و توندوتوڵكردنی سەنگەرەكانی پێشمەرگە و چەند تەوەرێكی دیكەی تایبەت بە هەماهەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ هاوپەیمانەكان و سوپای عێراق، تەوەرەی سەرەكیی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان بوون لە فەریق جەمال محەمەد سەرۆك ئەركانی هێزی پێشمەرگە. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* هێرشی داعش بۆ سەر حەسەكە لە ڕووداوی 2014ی مووسڵ دەچێت، زۆر كەس پێیان وایە داعش سیناریۆی 2014ی دووبارە كردەوە؛ وەكو سەرۆك ئەركانی هێزی پێشمەرگە ڕاوبۆچوونت لەسەر ئەم ڕووداوانە چییە؟

- هێرشی داعش بۆ سەر گرتووخانەی «غوێران»ی پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان و بەردەوامیی هێرشەكانی داعش لە عێراق، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت كە داعش كۆتایی نەهاتووە، بەپێچەوانەوەی ئەو كاتی لێدوانەكانی عێراقەوە كە لە دوای ئازادكردنی مووسڵ ڕایانگەیاند كە داعش كۆتایی هاتووە. هەر لەو كاتەدا سەرۆك بارزانی ڕای وابوو داعش تەنیا لە رووی خەلافەت و پێگەی جوگرافیاوە كۆتایی هاتووە، بەڵام لە ڕووی مەترسیی سەربازی و كاری تیرۆرستی و فكری توندوتیژییەوە داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا توانای كاری تیرۆرستی و كوشتن و كاری چەتەیی ماوە، هەرواش بوو لە دوای ئازادكردنی مووسڵ و ڕاگەیاندنی كۆتاییهاتنی داعش لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، داعشەكان بە سەدان كاری هێرش و تیرۆریستییان ئەنجام داوە و بە سەدان قوربانی و كوژراوی لێ كەوتووەتەوە. ڕووداوەكانی حەسەكەش هەر چەندە لەلایەن هێزی ئاسمانی و زەوییەوە لەلایەن هاوپەیمانەكان هاوكاریی هێزەكانی سووریای دیموكرات كرا و پێنتاگۆن ڕایگەیاند كەوا زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر داعش ئەنجام داوە، بەڵام دۆخەكە لەوێ زۆر ئاڵۆز بووە و بە سەدان داعش لەو گرتووخانەیە هەڵهاتن و دەیان كوژراوی لێ كەوتەوە و پشێوییەكی گەورەیان نایەوە، بگرە داعش بەردەوامە لێرە و لەوێ لە هێرشكردن، تەنانەت هێرشەكانیان لە عێراقیشدا زیاد بووە، خۆ لە عێراقیشدا هێرشی سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و زیانگەیاندن بە چەند فڕۆكەیەك كارێكی زۆر مەترسیدار و جیاواز بوو. فڕۆكەخانە ڕەمزی وڵاتە و ئەگەری ئەمجۆرە هێرشانە و بەردەوامبوونی هەیە، هەموو ئەم هێرشانە وایان كرد عێراقیش بكەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و تەنانەت لە دەوروبەری زیندانەكان هێزی سەربازی بڵاوەی پێ كرا و باس لە توندوتۆڵكردنی سنوورەكانی دەكات لەگەڵ سووریادا، هەرچەندە سوپای عێراق زەحمەتە بتوانێت ئەو سنوورە فراوانەی نێوان سووریا و عێراق بپارێزێت. دوابەدوای ئەم ڕووداوانە ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ بە ڕێزان وەزیری پێشمەرگە و وەزیری ناوخۆی ڕاسپاردن بۆ ئامادەباشی و وریایی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، ئێمەش لە سەرجەم میحوەرەكان و فەرماندە و لیواكانی هێزی پێشمەرگە حاڵەتی وریایی زیاترمان ڕاگەیاند و لە زنجیرە كۆبوونەوەیەكیشدا بڕیاری توندوتۆڵكردنی سەنگەرەكان و پابەندبوون بە دیسپلینی سەربازی و دابینكردنی پێداویستیی زیاتر بۆ پێشمەرگە درا، لە كۆبوونەوەی ئاسایی وەزارەتیشدا كە بۆ داستنیشانكردنی گرفتەكان و چارەسەركردنیان بەڕێوەچوو، ئامادەیی پێشمەرگە ڕاگەیەندرا بۆ ڕووبەرووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو. ئەم هەنگاو و كارانەی وەزارەتی پێشمەرگە بووە هۆی كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە، بۆیە هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە هەرێمی كوردستان هێڵێكی بەرگریی تۆكمەی هەیە و لە سەرجەم ئەو سنوور و شوێنانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لێیە و ئاڵای كوردستان دەشەكێتەوە، هەر هەموویان پارێزراون، بۆ ئەمەش پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان هەیە و پێداویستیی چەك و تەقەمەنی لەلایەن ئەمریكاوە دابین دەكرێت و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانانیش هاوكاریی لۆجستی و مەشق و ڕاهێنان دەكەن، هەروەها لە ڕاوێژ بۆ چاكسازی پاڵپشتیمان دەكەن، ئەڵمانیاش لە ڕووی دابینكردنی پێداویستیی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی سەربازی پاڵپشتمانن.

* باس لەوە دەكرێت ژمارەیەك لە داعشە هەڵهاتووەكان خەڵكی عێراقن و ڕەنگە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و لەلایەن كەسوكاریانەوە داڵدە بدرێن، ئەمە وێڕای ئەوەی لە دیالە و چەند ناوچەی دیكەی عێراق و سووریا هێرشی داعش زیادی كردووە، عەسائیبی سەر بە ئیتاری تەنسیقی ترس و دڵەڕاوكێیان بڵاو كردووەتەوە، بەوەی لە شنگال تا حەمرین بۆشایی ئەمنی هەیە و پێویستە هێزەكانیان لەو ناوچانە جێگیر بكەن؟

- ڕووداوەكانی حەسەكە و دێرزور و دیالە و پێشتریش هێرشەكانی داعش بۆ سەر سنووری ناحیەی كوڵەجۆی سەر بە قەزای كفری و بەرزاییەكانی نزیك لە بەنداوی باوە شاسوار و دواتر لە گوندی خدرجیجە لە شارۆچكەی مەخموور و هێرشی مووشەكی و كاتیوشا بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و سەنگەرەكانی پێشمەرگە، هەموو ئەم هێرشانەی داعش و میلیشیا چەكدارەكان بە تایبەتی بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە وای كرد، ستراتیژیەتی وەزارەتی پێشمەرگەی لە زۆر لایەنەوە بگۆڕدرێت؛ بۆ نموونە لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن گۆڕدرا، چەند ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیشمان بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق ئەنجام دا، بە سوپاسەوە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پێداویستی و سەنگەرسازی بۆ هەموو میحوەرەكانی هێزی پێشمەرگەی لێژنەیەكی پسپۆریان ڕەوانە كرد و بە كار بوون لە سەنگەرسازی و چەندین كامێرای «حەراری»شیان بۆ میحوەرەكانی هێزی پێشمەرگە دابین كردووە، ئەم كامێرانە زۆر پێویستن، چونكە داعش سوود لە تاریكیی شەو و سەرما و سۆڵە و لاوازیی بینین وەردەگرێت و زۆربەی هێرشەكانیان لە شەودا ئەنجام دەدرێت . ڕاستە داعش وەكو ساڵی 2014 نەماوە، بەڵام شەڕی چەتەیی و هێرشی كتوپڕ و نادیار مەترسپی خۆی هەیە و بەردەوام داعش بە دوای كەموكورتی و درزێكدا دەگەڕێت كە پەلاماری بدات و كاری تیرۆریستی بكات، ئەم مەترسییە پێویست بەوە دەكات هەماهەنگی و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق زیاتر بێت، بەڵام هێشتا ئەم هەماهەنگییەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەپێی خواست و ویستی ئێمە نییە و چەندین ئاستەنگ و بەربەست لە بەردەم ڕێككەوتن و جێبەجێكردنی كارەكان دادەنرێن، هەروەكو ئەوەی لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال كرا. سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەشتان هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەك تەنیا بەرامبەر بە داعش لە ئامادەباشیدایە، بەڵكو بەرامبەر هەموو گرووپێكی دیكەی چەكدار و میلیشیا و هێزی بیانییش لە ئامادەباشیدایە بۆ پارێزگاریكردن لە خەڵكی كوردستان و سەقامگیریی هەرێم، ئێمەش هاوڕاین بەوەی ناوچەی بۆشایی ئەمنی هەیە، بەڵام چارەسەری ئەم بابەتە تەنیا بە ڕێككەوتن دەبێت لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا، نەك بە هێنانی هێزی میلیشیا و چەكداری نامۆ و ناشارەزا بە ناوچەكە.

* دوای ڕووداوەكانی دیالە و زیادبوونی هێرش و كوژراوەكانی ناو سوپای عێراق ئایا پێویست بەوە ناكات هەوڵەكانی چارەسەركردنی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناكۆكەكان بەهاوبەشی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقەوە بەڕێوە ببردرێت؟

- لە تەواوی ئەو ناوچانەی پێش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هێزی پێشمەرگەی لێ بووە، ئێستا جموجووڵی تیرۆریستانی داعش زیاد بووە، سەرجەم ئەو ناوچانەی بە ماددەی 140 دادەنرێن، هەر لە خانەقینەوە تا ڕۆژئاوای دیجلە بۆشاییەكی ئەمنیی فراوان لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و گرووپە چەكدارەكانی دیكە هەیە و، پەیوەندی و هاوكاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ئاستێكی باشدایە و ئاڵوێری زانیاریمان هەیە و، لە هەندێك شوێن ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان ئەنجام داوە، هەرچەندە هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی نییە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، ئەوەی هەیە، چەند هەوڵێكە بۆ دانانی دوو لیوای هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ جێگیربوونیان لەو ناوچانە و پاراستنی سەر و ژیانی خەڵكی، بەڵام تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، ناسەقامگیری لەو ناوچانەدا هەر دەمێنێت، چونكە هێزەكانی سوپای عێراق بەهێز نین و چەندین میلیشیا و گرووپی چەكداری جیاجیا بوونیان هەیە، تەنانەت هەندێكی سەر بە پەكەكەن و هەندێكی دیكەیان لە وڵاتانی دەرەوە ئیعازیان بۆ دێت و دژی ئاساییبوونەوەی بارودۆخەكەن و بەردەوام لە ناوچەكەدا پشێوی دەنێننەوە، نموونەی بەرچاوی ئەو پشێوی و بێ سەروبەرییە لە شنگالە.

* باسی شنگالت كرد؛ پێت وانییە لە ناوچەیەكی فراوانی سەر سنووری وەكو شنگال لەگەڵ سووریادا پاراستنی سنوورەكان زەحمەتە و ڕەنگە داعشە هەڵهاتووەكانی گرتووخانەی ناوچەی پیشەسازیی حەسەكە، یان چەكدارەكانی دیكەیان لەو ناوچانە بە ئاسانی هاتوچۆ بكەن؟

- بە هۆی پەكەكە و چەند گرووپێكی دیكەی چەكدار و لاوازیی هێزی سوپای عێراق لە شنگال؛ ئەو ناوچەیە لە پشێوی و نائارامیی بەردەوامدایە و تا ئەو هێزانەشی لێ بێت، مومكین نییە سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت. لە شنگال دەست و ئەجندەی دەرەكی تێكەوتووە و بەپێی خواست و ویستی تایبەتیی خۆیان و خەڵكانی دەرەوەی هەرێم كار دەكەن و خەڵكەكەشی بوونەتە قوربانی و ناوبەناو سوپای توركیاش بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی بۆردومانی بارەگاكانی پەكەكە دەكات. لە لایەكی دیكەوە سنوورەكانی نێوان سووریا و عێراق زۆر فراوانە و پێویستی بە هەماهەنگی هەیە لە نێوان ئێمە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا، ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت، سنوورەكانمان لەگەڵ سووریا توندتر كردووە و خەندەقمان لێ داوە و هێزی پێشمەرگەی پێویستی لێیە، بەڵام لە خانەسوورەوە بۆ شنگال و درێژبوونەوەی ئەو سنوورەی نێوان سووریا و عێراق تا سنوورەكانی ئوردن ناوچەیەكی زۆر فراوانە و عێراق ئەو سوپا زۆرە و توانا ئاسمانی و سەربازییەی نییە پارێزگاری لەو سنوورە فراوانە بكات، پارێزگاریكردن و ئاسایكردنەوەی شنگالیش تەنیا بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال دەبێت كە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق واژوو كرا و تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، هەرچەندە پەكەكە و چەند لایەنێكی دەرەكی و ناوخۆیی ڕێگرن لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال، ئەمەش بۆ ئەوەیە لەو ناوچەیەدا ئەوان هەر سەرقاڵی ئەجندەی تایبەت بە خۆیان بن و شنگال بكەنە گۆڕەپانێكی شەڕ لەگەڵ سوپای توركیا، هەروەكو چۆن لە ناوچە شاخاوییەكانی سەر سنووری هەرێمی كوردستان بەردەوام شەڕ و نائارامی دەنێتەوە و ناوبەناویش شاخ و ناوچەیەك چۆڵ دەكات و دەكشێتەوە و خاكی كوردستان دەداتە سوپای توركیا و ژیانی خەڵكی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە و بە دەیان كەسی سڤیل شەهید و بریندار بوون و چەندین كەسی دیكەیان ڕفاندووە و بێسەروشوێنن و هەرچی گوندی ئەو ناوچەیەشە ئاوەدان نەكراوەتەوە.

 

Top