تاڵیبان و قەتەر ڕێككەوتن گەشتەکانی نێوان کابول و دەوحە دەست پێ بكه‌نه‌وه‌

تاڵیبان و قەتەر ڕێككەوتن گەشتەکانی نێوان کابول و دەوحە دەست پێ بكه‌نه‌وه‌

 

دوای دوو مانگ لە وەستاندنی گەشتەكانی نێوان کابول و دەوحە، تاڵیبان و قەتەر لە ڕۆژی چوارشەممە 2ی شوباتی 2022 ڕێککەوتن گەشتەكانی نێوانیان دەست پێ بکەنەوە.

دەوحە گەشتەكانی  ئەفغانستانی لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 2021 بە هۆی ناکۆکی لەگەڵ تاڵیباندا ڕاگرت.  

ڕۆژی چوارشەممە 2ی شوبات، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئەفغانستان لە ڕاگەیەیاندنێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کە تاڵیبان و قەتەر ڕازی بوون گەشتەکانی نێوان کابول و دەوحە دەست پێ بکەنەوە.

لە راگەیەندراوەکەی ئەم دواییەی تاڵیباندا هاتووە : كە بەپێی ڕێككەوتنێكی نوێ لە نێوان تاڵیبان و حكومەتی قەتەردا دوو گەشتی ئاسمانی حەفتانە لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان بۆ دەوحە ئەنجام بدرێت.

پێشتر محەمەد بن عەبدولرەحمان ئەلثانی وەزیری دەرەوەی قەتەریش بەمیدیاكانی بیانیی ڕاگەیاندبوو، کە دەوحە لەگەڵ تاڵیبان گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ دەست پێ کردنەوەی گەشتەکان لە کابولەوە. 

هەندێک لە میدیاکانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند: کە هێڵی ئاسمانی قەتەر ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو ژمارەیەک هاووڵاتیی بیانیی لە ئەفغانستان بردووەتە دەرەوە.

هەرچۆنێک بێت، پێشبینی دەکرێت ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان تاڵیبان و قەتەر ڕێگە بە هەزاران ئەفغانی بدات ئەفغانستان جێ بهێڵن.

هەرچەندە زۆرێک لە ئەفغانییەکان دوای هاتنە سەركاری تاڵیبان لە 15ی ئابی 2021 دا وڵاتی خۆیان بەجێ هێشت، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئەفغانییەکان لە هەوڵی ئەوەدان ئەفغانستان بەجێ بهێڵن. 

دوای كشانەوەی تەواوی هێزەكانی  ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، گەشتەكانی کابول  لەلایەن فڕۆکەی  قەتەرەوە بەڕێوە دەچێت، بەڵام دەوحە لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 2021 دا بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ تاڵیباندا گەشتەكانی ڕاگرت.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل   

Top