بەپێی ئامارێكی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم ئافرەتان لە كاتی شوفێریدا كەمتر سەرپێچی دەكەن

بەپێی ئامارێكی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم ئافرەتان لە كاتی شوفێریدا كەمتر سەرپێچی دەكەن

 

 

بەپێی ئامارێكی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم، لە كوردستاندا زیاتر لە (٢١٠) هەزار  ئافرەت هەڵگری مۆڵەتی شۆفێریكردنن، لە ڕووی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئۆتۆمبێلیش دەركەوتووە كە ئافرەتان لە شۆفێریكردندا سەركەوتووترن لە ڕەگەزی بەرامبەریان، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئافرەتان نەرمونیان و لەسەرخۆترن لە چاو پیاوان، لە توێژینەوەكانی دەرەوەشدا كە لە زۆرێك لە وڵاتان ئەنجام دراون، ئەوە یەكلابووەتەوە كە خانمان هۆشیارانەتر لەتەك ئۆتۆمبێل مامەڵە دەكەن و كەمترین ڕێژەی ڕووداو تۆمار دەكەن.بەپێی هەواڵێكی «دەیلی مەیلی»ی بەریتانیا، لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا كە لەسەر باشترین شوفێرەكان ئەنجامدراوە، دەركەوتووە ئافرەتان باشتر دەتوانن شوفێری بكەن، جگەلەوەی ڕێژەی سەرپێچیی پیاوان چوار هێندە زیاتر بووە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

بەهزاد تاهر سەلیم خاوەن بڕوانامەی دكتۆرایە لە كارگێڕیی داهێنان ومامۆستای زانكۆیە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «خانمان لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان چ ئەركی ماڵەوە بێت، یان دەرەوە، بە شێوەی وردتر و جددیتر كارەكان ڕادەپەرێنن و ئەو خووە لە ناخی مێ هەیە و زیاتر هەست بە بەرپرسیارەتی دەكات و دڵسۆزترە لە پیاو لە هەمبەر كەسانی دی و بە تایبەت كەسە نزیكەكان و كۆمەڵگەی خۆی». جەخت لەوەش دەكاتەوە كە «ئافرەتان پابەندترن بە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان و هەروەها هۆكارێكی دیكەشی، بۆ ترس لە سزاوەرگرتن دەگەڕێتەوە كە لە ئافرەتدا ئەم ترسە زیاترە.»هاوكات دەڵێت: «بە پێی توێژینەوەیەك كە بە هاوبەشیی هەردوو زانكۆی یێیل و زانكۆی نیۆیۆرك لە مانگی ١٠ی ساڵی٢٠٢٠كراوە، ئەوا ژنان زۆر زیاتر پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی بوون سەبارەت بە كۆرۆنا وەك ڕاگرتنی دووریی نێوان كەسەكان، بەستنی ماسك ودەستەوانەو...هتد. بەتایبەت بەپێی داتاكانی سەرپێچیی هاتوچۆ لەسەرتاسەری جیهاندا، ژنان كەمتر ڕووبەڕووی سەرپێچی دەبنەوە، بەپێی ژمارەی ئەو ژنانەی كە ئۆتۆمبێل، یان پایسكل، یان هەر وەسیلەیەكی دی بەكاردەهێنن. ئەگەر هەر یەك لە ئێمە دوور نەڕۆین و لە خەیاڵی خۆماندا سەیری ماڵەكانمان بكەین، ئەگەر بێت و ژنی تێدا نەبا، دەبێ چ شێواز و چ هەلش و پەلشێك با ئەو ماڵە؟هیچ شتێك لە شوێنی خۆی نەدەبوو و بۆن و پیسایی هەموو شوێنێكی ماڵەكەی داگیر دەكرد. ئێ هەر ئەوەیە كە پێی دەڵێن پابەندی كە ئافرەت هەیەتی و پیاو نییەتی وەك پێویست. هەر ئەو پابەندییەیە كە دەبێتە هۆی جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان و دەرنەچوون لە یاسا گرنگ و پێویستەكانی ژیان. جا چ یاسای نووسراو و سەپێندراو بن،یان یاسای سرووشتیی پێویست و ناسەپێندراو بن. دیسان ئەگەر سەردانی قوتابخانەیەك، یان زانكۆیەك بكەین و دەفتەر و كتێبەكانی كوڕ و كچەكان بەراورد بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە كەلوپەلی كچەكان خاوێنترو پارێزراوترن لە هی كوڕان و پابەندیی بە تاقیكردنەوە و خوێندن و گوێڕایەلیی مامۆستا و جێبەجێكردنی ئەركەكانی دیكەی قوتابخانە و كۆلێژ لای كچان زۆر زیاترە،بە تایبەت لەو سەردەمەدا كە ڕۆژ بە ڕۆژ كچان زیاتر شارەزای ماف و هەبوونی ژیانی شایستەیان خۆیان دەبن و پیاوەكانیش تا دێت بێباكتر دەبن لە هەمبەر كۆمەڵگە و بەها و پیرۆزییەكان».

گەشاو تەلعەت، چالاكی مەدەنی و هەڵسووڕێكی بواری مافی ئافرەتانە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەڕای من شوفێریكردن، چ ژن بێت، چ پیاو بێت، ئەگەر پابەندی یاساكانی هاتوچۆ بێت، بێگومان كەمترین سەرپێچی و ڕووداوی هاتوچۆی لێ دەكەوێتەوە، سەبارەت بەوەش كە ژنان تاچەند پابەندی ڕێنماییەكانی هاتوچۆن؟ ئەوە دەگەڕێتەوە، سەر ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ، بەڵام ئەگەر بڵێین كۆمەڵگە تاچەند، بەدوای هەڵەكانی شوفێری ئافرەتەوەیە و تا چەند قسەی لەسەر دەكات، بێگومان ئەوە زۆرە، چونكە ڕەنگە شوفێریكردن بۆ ئافرەت تا ئێستا لە كۆمەڵگە وەك دیاردەیەكی گۆڕانی كۆمەڵایەتییە لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دی، چونكە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا شوفێریكردن تەنیا بۆ پیاو بووە و كەمتر ئافرەت ڕێپێدراو بووە كە شوفێری بكات، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئافرەت وەك پیشەش بەكاری دێنێت و وەك سەرچاوەی داهاتیش كاری پێ دەكات. بەڵام بێگومان لە كۆمەڵگە تازە پێشكەوتوو و كۆمەڵگە نیمچە كراوەكان هەمیشە چاوەكان لەسەر ئافرەتە، ئینجا لە هەر كارێك و لە هەر پیشەیەك بێت.»

ئەندازیار یوسف بازیانی، شارەزا لە بواری هاتوچۆ، سەرتا باسی ئەوە دەكات كە ‏‎لە جیهانی پێشكەوتوودا ئەوە یەكلابووتەوە كە نكۆڵی لە توانا و هێزی ئافرەتان ناكرێت،بۆ ڕاییكردنی كاروبارەكانی ژیان و لە نێو هەموو كایەكانی ژیاندا كە شان بە شانی پیاوان كارەكانیان ئەنجام دەدەن،‌لە ڕووی سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتییەوە،ئەمە سەرەڕای ڕێكخستنی كاروباری ناوماڵ، هەموو ئەمانە وایان كردووە‌ زۆرجار لە پیاوان سەركەوتووتر بوون. ‏‎بەنموونە ئێستا هەزاران ئافرەت هەڵگری مۆڵەتی شۆفێریكردنن لە كوردستاندا،ڕۆژ بە ڕۆژیش ڕێژەكە لە چاو ساڵانی هاتنە پێشەوەی ئەو چینە بۆ مومارەسەكردنی هونەری شۆفێری بەرەو هەڵكشان دەچێت‌،كەوایە دەتوانرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت لە ڕووی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئۆتۆمبێل،دەركەوتووە كە ئافرەتان لە شۆفێریكردندا لەسەرخۆ و سەركەوتووترن لە ڕەگەزی بەرامبەریان، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئافرەتان نەرمونیانن لە شۆفێریكردندا، ئەوەش یەكلابووەتەوە كە خانمان هۆشیارانەتر لەتەك ئۆتۆمبێل مامەڵە دەكەن و كەمترین ڕێژەی ڕووداو و سەرپێچی تۆمار دەكەن، هەر ئەمەش وای كردووە كە زیاتر بە هێمنی و لەسەرخۆ شۆفێری بكەن و زیاتر بە یاسا و ڕێنماییەكانی هاتوچۆ پابەند بن.»

 

Top