ڤینۆس عوسمان: خەونم ئەوەیە پارەم هەبێت و كورسیی شەحن بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بكڕم

ڤینۆس عوسمان:  خەونم ئەوەیە پارەم هەبێت و كورسیی شەحن بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بكڕم

 

 

خۆی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و بە باشی لە ئازارەكانی ئەو توێژە تێدەگات، بۆیە خەونی گەورەشی ئەوەیە بتوانێت بە جۆرێك لە جۆرەكان خزمەتیان بكات. ڤینۆس عوسمان ساڵی 1997 لە چەمچەماڵ لەدایكبووە و هەر لەوێش دەژی.تا پۆلی 12ی خوێندووە،بەڵام بە هۆی نەخۆشی وازی لە خوێندن هێناوە، لەم دیمانەیەشدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ڕاشكاوانە باسی كۆسپەكانی بەردەمی و خەونەكانی داهاتووی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

* ئەگەر بەلاتەوە ئاسایی بێت، دەكرێ باسی هۆكاری كەمئەندامبوونت و قۆناغەكانی خوێندنت و كێشەكانی ژیانت بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان بكەیت؟

- من نەخۆشیی (muscular dystrphy)م هەیە، كە جۆرێكە لە ئیفلیجی و نەخۆشییەكە هەر لەناو سكی دایكەوە تووش دەبیت.

لەسەرەتادا توانای ڕێكردنێكی كەمم هەبوو، بەڵام بەپێی كات خراپتر بووم، كات دوژمنی سەرەكیی ئەم نەخۆشییەیە و لە تەمەنی دە ساڵییەوە تەواو ڕێكردنم لەدەست دا.لە مناڵیدا زۆر زۆر دەكەوتم، بۆیە دایك و باوكم گومانیان لە تەندروستیم كرد و بردیانم بۆ لای چەندین پزیشك تا لە كۆتاییدا زانییان ئەو نەخۆشییەم هەیە.هەر لە تەمەنی دە ساڵیمدا نەشتەرگەریی دەرهێنانی دەماریان بۆم كرد، تاوەكو دڵنیا ببنەوە لە جۆری نەخۆشییەكە و كاتێكیش دڵنیابوونەوە پزیشكەكان پێیان وتین كە ئەم نەخۆشییە لە هیچ شوێنێكی ئەم دونیایە چارەسەری نییە.قۆناغی سەرەتایی دایكم بەباوەش دەیبردم بۆ قوتابخانە و لەوێش هاوڕێ و خوشكەكانم هاوكارم بوون، ئەوكات توانای ڕێكردنم هەبوو، بەڵام ڕۆژانە چەندین جار لەوێ دەكەوتم، كاتێك منداڵێك خۆی لێئەدام و دەم و لووتم پڕ لە خوێن دەبوو، یانیش هەر بەهۆی نەخۆشییەكەوە پێم دەچەمییەوە و بە پشتا دەكەوتم و مێشكم ئەلەرییەوە.ئەمە جگە لەوەی كە كاتێك تەمەنم هەشت ساڵ بوو، لە قوتابخانە و لەنێوان هاوڕێكانمدا بڵاوبووەوە كە ڤینۆس بگات بە تەمەنی 10 ساڵی دەمرێت. بەڵام ئەوكاتیش من منداڵێكی بەهێزبووم و بەرگەی هەموو ئازارو ناڕەحەتییەكانم گرت.

لە تەمەنی دە ساڵیدا نەمردم، بەڵام ڕێكردنم مرد و كورسییەكیان بۆ كڕیم. سەرەتا دەگریام و نەمدەویست، بەڵام دواتر قبووڵم كرد و بووم بە هاوڕێی.

لە قۆناغی ناوەندییش خوشكەكانم و هاوڕێكانم پاڵی كورسییەكەیان دەنام و دەیانبردمە قوتابخانە.بەڵام ئەوەی لەو قۆناغە زۆر ئازاری دەدام، ئەوەبوو كە هاوڕێكانم لە وانە پشووەكاندا دەچوونە پشتی پۆلەكان و زۆر بەكەمی منیان دەبرد، منیش چونكە دەبوو كەسێك پاڵ بە كورسییەكەمەوە بنێ و كەس نەبوو، نەدەڕۆیشتم. ئێستا دەزانم ئەگەر كورسییەكی شەحنم هەبا،ئەوا خۆم دەڕۆیشتم، بەڵام من نەمبوو.بۆیە ئێستا خەونی گەورەم ئەوەیە پارەم هەبێت و كورسیی شەحن بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی بكڕم.

كە رێكردنم نەما، دیسان بردمیانەوە لای پزیشك و هەر لەپێش چاوی خۆم وتی: زۆر بەهێزە كە تا ئێستا ژیاوە، ئاگاداری بن. ڕۆژێك دێت چاوەكانی و توانای بیستن و قسەكردنیش لەدەست دەدات. قۆناغی ئامادەییش باوكم دەیبردم بە ئۆتۆمبێل و لەوێش دەیخستمە سەر كورسی، چونكە خۆیشی لەوێ مامۆستابوو بۆیە ئاسانتربوو بۆ من.هەمیشە لە یەكەمەكانی پۆل بووم و تەنانەت كاتێك لە پۆلی دە دەركرام، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی یەكەمی،باوكم چاوەكانی پڕ لە فرمێسك بوو.بەڵام لە پۆلی دوانزە زۆر نەخۆشبووم و بە ناچاری وازم لە خوێندن هێنا.

* دوای وازهێنان لە خوێندن بە چی سەرقاڵ بوویت و چ پلانێكت بۆ داهاتووت هەبوو؟

- لە منداڵییەوە خولیای نووسینم هەبووە، بەڵام ئیتر لە دوای قوتابخانەوە بە جددی دەستم پێكرد و هەر لەسەرەتاشەوە كە خەڵكی دەیانبینی من خۆم لە خراپترین بارودۆخدام، كەچی نووسینەكانم پڕن لە هێز و ئومێد بۆیە زۆر پێی سەرسام دەبوون. ڕۆژانە دەیان نامەم بۆ دێت كە بەهۆی نووسینەكانی منەوە ژیان و بیركردنەوەیان گۆڕاوە و ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەكات. لە داهاتووشدا پشت بەخودا چەند كتێبم دەبێت و خەونی گەورەم ئەوەیە كتێبەكانم ملیۆنان خوێنەریان هەبێت و ملیۆنان كەس سوودی لێببینن.

* بە نیاز نیت دەست بە خوێندن بكەیتەوە؟

- سەرەتا كە وازم هێنابوو، زۆرم حەز لێبوو، بەڵام ئێستا نا، چونكە ئێستا ئیتر شوێنی خۆم دۆزیوەتەوە كە نووسینە و یارمەتیدانی خەڵكیە لەڕێی نووسینەوە. جاران دەمویست ببم بە پزیشكی جەستە، ئێستا كارم لە دەروونایە و پێموایە جیاوازی نییە و هەردووكی هەر یارمەتیدانە.

* ئایا خزمەتەكانت چۆنن و ئەو كەسانەكێن كە لەڕووی دەروونییەوە خزمەتیان پێشكەش دەكەیت؟

- جگە لە نووسینەكانم كە بە گشتی پۆستی دەكەم، ڕۆژانە چەندین نامەم بۆ دێت و كەسانی بێئومێد و خەمبار و ڕەشبینن و داوام لێدەكەن قسەیان بۆ بكەم، منیش هەرچەندە دەستەكانم بێهێزن، بەڵام تا دەستم دەست دەكات بە ئازار نامەیان بۆ دەنووسم، دواتریش بە ڤۆیس قسەیان بۆ دەكەم و سوپاس بۆ خوا قسەكانم بۆ زۆرینەیان سوودی هەبووە و حەزم لێیە لە داهاتوودا دەركەوم و بە گشتی قسە بۆ خەڵكی بكەم.

* بۆچی لە ئێستادا حەز بە دەركەوتن ناكەیت؟

- من هەرگیز بیر لەوە ناكەمەوە وێنەی ڕوخسارم دابنێم، چونكە ئەوە هیچ سوودێك بە هیچ كەس ناگەیەنێت. خەڵكی ئەگەر ڕوخساریان دەوێ، ئەوا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕ لە ڕوخسارە با سەیری ئەوانە بكەن. من نووسەرم نەك كچێكی نمایشكار. من نامەوێ فانەكانم بەهۆی ڕوخسارمەوە فانم بن دەمەوێ بەهۆی نووسینەوە فانم بن. ڕۆژانە دەیان ڕای جیاواز لە بارەی دەرنەكەوتنمەوە دەوترێ،بۆ نموونە دەڵێن: زۆر جوانی و لە حەسوودی دەترسی بۆیە خۆت دەرناخەیت، ناشیرینی بۆیە وێنە دانانێی، ڕوخسارت كێشەی هەیە، بۆیە داینانێی و دەیان ڕای دی. بەڵام لە ڕاستیدا هیچ كام لەوانە ڕاست نین و ڕوخسارێكی بێ كێشەم هەیە و زۆریش ئاساییە، وەكو هەموو مرۆڤەكانی دی. وێنە دانەنانی من هیچ پەیوەندی بە جوانی و ناشیرینییەوە نییە.كە وێنەی جەستەشم دادەنێم، بۆ ئەوەیە هانی خەڵكی بدەم، خۆیان قبووڵ بكەن.ئەگەر ڕۆژێكیش دەربكەوم، ئەوا بە وێنە نا، بەڵكو بەجۆرێك دەردەكەوم كە سوودی هەبێت.

* ڤینۆس ئەو هەموو هێزەی لە كوێ هێناوە تا ڕووبەڕووی سەختییەكانی ژیان ببێتەوە؟

- هێزی من زۆرینەی بەهۆی ئیمانەكەمەوەیە، دواتریش خێزانەكەم كە هەر لەسەرەتاوە بە بەهێزی پەروەردەیان كردووم و وەكو كچێكی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ كردووم، نەك كچێكی كەم، بەشێكیشی هەستەكەمە كە هەر دیارییەكی ئیلاهییە و پێیداوم.

* لە ئێستادا كاتەكانت زیاتر بەچی بەسەر دەبەیت؟

- كاتەكانم بە خوێندنەوەی كتێب و نووسین و سەیركردنی زنجیرە و فیلم و فێربوونی زمان و قسەكردن بۆ ئەوانەی پێویستیانە بەسەر دەبەم و، هەندێك كاتیش سەرقاڵم بە پەیجە تایبەتەكانمەوە.

* چەند پەیجت هەیە؟

- دانەیەك لە فەیسبووك و دانەیەكیش لە ئینستگرام.

* دوا پرسیارمان با ئەوە بێت، باوەڕبەخۆبوون و متمانە و ئیڕادەت تا چەند بوونەتە هەوێنی سەركەوتنەكانت؟

- من كچێكی خاوەن پێداویستی تایبەت بووم و لەسەر جێگەكەی خۆم و تەنیا بە مۆبایلەكەم تا ئێرە گەیشتووم، بەڵام باوەڕبەخۆبوونم هەبووە، كەواتە تا زۆر بەرزتریش دەمبات.

* دوا قسەت چییە، ئەگەر شتێك باست نەكردبێت؟

- ژیان پڕە لە ئازار و ناخۆشی و نەخۆشی و كەوتن، ئەگەر بەهێز نەبین، چۆن دەرەقەتی بێین؟ كەواتە با بەهێز بین.

 

Top