باشترین كاتی نووستن بۆ تەندروستیی دڵ

باشترین كاتی نووستن بۆ تەندروستیی دڵ

ئایا كاتێكی دیاریكراو بۆ نووستن هەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ؟ لە ڕاستیدا بەڵێ،لە نوێترین لێكۆڵینەوەی زانكۆی ئێكسیتەری University of Exeter بەریتانیدا هاتووە كە نووستن لە نێوان كاتژمێر 10-11 ی شەو باشترین كاتە بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری نەخۆشیی دڵ. لە هەمان كاتدا، ئاماژە بەمە كراوە كە نووستن پێش كاتژمێر 10 ی شەو و پاش كاتژمێر 12 ی شەو ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ تا ڕێژەی 25% زیاد دەكات. هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەریی كاتی نووستن لەسەر گۆڕینی ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژی یان كاتژمێری ناوەوەی لەش Internal clock. سستمی كاتژمێری لەش Circadian system كۆنترۆڵی ڕیتمی فسیۆلۆژیی ڕۆژانەی لەش دەكات، گۆڕان یان تێكچوونی ڕیتمی كاتژمێری لەش كاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر تەندروستیی جەستە و دەروونی كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵیش دەگرێتەوە. هەوڵ بدە كە لەكاتێكی گونجاودابخەویت و بەیانی زوو لە خەو هەڵسیت، دووركەوە لە خواردنەوە كافائینییەكانی وەكو چای و قاوە و كاكاو پاش كاتژمێر شەش ی ئێوارە، دووركەوە لە (كورتەخەو) پاش كاتژمێر چواری ئێوارە، ژووری نووستن تەنیا بۆ خەوتن بەكاربێنە، لەوكاتەدا بچۆ سەر تەختی نووستن كە هەست دەكەیت بە تەواوی بۆ خەوتن ئامادەیت.

 

Top