مانای دەوڵەت لە گوتاری ئیسلامی سیاسیی شیعەدا

مانای دەوڵەت  لە گوتاری ئیسلامی سیاسیی شیعەدا

 

 

وشەی دەوڵەت، وشە زاڵەكەی ناو گوتاری ئیسلامی شیعەیە بە هەر دوو باڵی «ئیتار و تەیار»ـەوە، لە سەر ئاستی حكومەتی ئێستای عێراقی كە ئەویش دەربڕی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیی شیعەیە، حاڵەتی «دەوڵەت و نادەوڵەت» دیوە زاڵەكەی ناو گوتاری سیاسیی حكومەتە، لەمەش زیاتر كێشمەكێشیش لە سەر دەوڵەت، دیسان كێشمەكێشی نێوان لایەنەكانی ئیسلامی سیاسیی شیعەیە، ئەمەش بەو مانایەی كام لایەن «ئیتار، یان تەیار» ئەركی دروستكردنەوەی ئەو دەوڵەتە دەگرێتەئەستۆ، لە بەرامبەریشدا هەردوو لایەنی «كورد و عەرەبی سوننە» تا ڕاددەیەكی باش خۆیان بێلایەن كردووە و چاوەڕێن هەر دوو لایەنی «ئیتار و تەیار» بگەنە چارەسەرێك، پاشان هەر دوولا «كورد و عەرەبی سوننە» بە نیازی ئەوەن لە سەر پشكەكانی خۆیان بە پێی دەستووری ساڵی 2005 مامەڵە و دانوستاندن لەگەڵ ئەو حكومەتە بكەن، كە ئیسلامی سیاسیی شیعە سەرۆكایەتی بكەن و، لە هەموو حاڵەتێكدا و لەبەر ئەوەی دەستووری عێراق جێبەجێ نەكراوە، ئەوا «كورد و عەرەبی سوننە»ش هەردووكیان پێیان وایە عێراق ئەو دەوڵەتە نییە كە پێی بگوترێت دەوڵەتێكی «فیدڕاڵی و پەرلەمانی و فرەیی».

لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر سەیری واقیعی ئێستای عێراق بكەین، ئەوا زۆر بە سادەیی ئەو ڕایە لای هەر سێ پێكهاتەی سەرەكی «كورد و عەرەبی شیعە و سوننە» دروست بووە، كە چیدیكە عێراق دەوڵەت نییە بە مانای دەوڵەتی «نیشتمانی» و پێویستی بە دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت هەیە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم دووبارە بونیادنانەوەیە لە سەر ئەو نەخشە سیاسییە دەبێت كە دەستووری ساڵی 2005 بۆی دیاری كردووە، یان نەخشەیەكی سیاسیی دیكەی شاراوە كە ئیسلامی سیاسیی شیعە دەیەوێت دووبارە دەوڵەتی عێراقی لەسەر بونیاد بنێتەوە؟ دیارە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە ناو قەناعەتی ئیستای هەر سێ پێكهاتەی سەرەكی «كورد و عەرەبی شیعە و سوننە» زۆر قورس نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە «كورد و عەرەبی سوننە» زیاتر لە سەر بنەمای پشك و بەشداری، لەگەڵ هەردوو لایەنی سەرەكیی ئیسلامی سیاسیی شیعە «ئیتار و تەیار» دیالۆگ و دانوستاندن دەكەن، ڕاشیان گەیاندووە نابنە بەشێك لە كێشەی نێوماڵی شیعە، كە لە بنەڕەتدا ئەم كێشەیەی نێوان هەردوو بەرەی «ئیتار و تەیار» لە سەر شێوە و مانای ئەو دەوڵەتەیە كە بووەتە دیاردەیەكی زاڵ لە ناو گوتاری سیاسیی هەردوولادا.

 دەوڵەتەكەی تەیاری سەدر

«لاشرقییة و لاغربییة»

دروشمی «لاشرقیة ولاغربیة جمهوریة اسلامیة»، لە لایەن «ئایەتوڵا خومەینی»یەوە بۆ شۆڕش دانرابوو، كە وەك بنەمایەك كۆماری ئیسلامی لەسەر بونیاد بنێت، ئەمەش لەوە سەرچاوەی گرتبوو كە ئێرانی سەردەمی شاهنشاهی دەوڵەتێك بوو سەر بە ڕۆژئاوا و لە ناوەندە سیاسییەكاندا بە «پۆلیسی كەنداو» باس دەكرا، ئەوجا بۆ ئەوەی نەگوترێت دوای ڕووخانی ڕژێمی شاهنشاهی، دەوڵەتی ئێران دەبێتە دۆستی ڕۆژهەڵات «یەكێتیی سۆڤێتی پێشان» ئەو دروشمە بەرز كرایەوە، بەوەی «كۆماری ئیسلامی نە سەر بە ڕۆژئاوایە و نە سەر بە ڕۆژهەڵاتە».

ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە لە دووبارەكردنەوەی ئەم دروشمە لە لایەن موقتەدا سەدرەوە، بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی عێراق، ئەوەیە كە ئایا «ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا» لە دروشمەكەی موقتەدا سەدر مانای چییە؟

ئەگەر لە سەر ئاستی جیهان وەری بگرین «ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا» وەك دوو بلۆكی گەورەی جیهانی دەبێت مەبەستی «ئەمریكا و چین « بێت، بەڵام چین و ئەمریكای ئێستا، ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤێتی سەردەمی كۆمارە ئیسلامییەكەی ئایەتوڵا خومەینی، كە هەر لایەكیان دەیانویست مۆدیلی حوكمڕانیی خۆی لە جیهاندا بڵاو بكاتەوە، بۆیە ئایەتوڵا خومەینی ڕایگەیاند كە سیستمی حوكمڕانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران نە سەرمایەداری دەبێت وەك ڕۆژئاوا، نە كۆمۆنیستی و سۆشیالیستی دەبێت وەك یەكێتیی سۆڤێتی پیشان. هەر بۆیە ئەم ئاراستەیە پێمان دەڵێت، سەدر مەبەستی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان نییە.

لێرەوە ئەگەر لە سەر نەخشەی عێراق و لە سەر ئاستی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەیری بكەین، ڕۆژهەڵاتی عێراق تەنیا كۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ڕۆژئاواكەشی «سووریا و ئوردن و سعودیە»یە، ئەمەش مانای ئەوەیە دەوڵەتی داهاتووی عێراق نە كۆپی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت، نە كۆپی سعودیە و ئوردنیش، ئەمەش دروست وەك ئەوەی ئایەتوڵا خومەینی كردی، لەنێوان شێوازی دەوڵەتی «سەرمایەداری و كۆمۆنیستی و دەوڵەتی نیشتمانیی هاوچەرخ» شێوازێكی دیكەی دەوڵەتی هێنایە ئاراوە، كە پێی دەڵێن «كۆماری ئیسلامیی ئێران»، ئەم دەوڵەتەش كە ماوەی 43 ساڵە بەردەوامە، وەك شێوازێكی جیاواز لە دەوڵەتەكانی «سەرمایەداری و كۆمۆنیستی و نیشتمانیی هاوچەرخ» كاری خۆی دەكات.

لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر مەبەستی موقتەدا سەدر لە دروشمی «لاشرقیە و لاغربیە» ئەوە بێت كە عێراق نە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بچێت، نە لە دەوڵەتانی عەرەبیی دیكە، ئەوا مانای ئەوەیە دەیەوێت عێراق بە ئەزموونێكی تازە و تایبەت بونیاد بنێتەوە. ڕاستە ئەم شێوازەی سەدر كۆپیی كۆماری ئیسلامیی ئێران نابێت، بەڵام كۆپییەكی پێشكەوتووتری «حزبوڵای لوبنانی» دەبێت، مەبەستیش لە كۆپییەكی پێشكەوتووتری «حزبوڵای لوبنانی» ئەوەیە، ئەو ئیمكانییاتەی ئێستا لە عێراقدا لە بەردەستی سەدر دەبێت، دەیان و سەدان جار لەو ئیمكانییاتە زیاترە كە ئێستا لە بەردەستی حەسەن نەسروڵای سەرۆكی حزبوڵای لوبنانیدایە، لە لایەكی دیكەشەوە لە ڕووی جوگرافییشەوە تا ڕاددەیەكی باش كەمتر تێكەڵاوی لە نێوان ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە هەیە، ڕاستە بەغدا وەك پایتەختی عێراق شارێكی تێكەڵە و هەموو پێكهاتەكانی تێدایە، بەڵام وەك لە ساڵی 2007 و 2008 بینیمان، دیواریان لە نێوان گەڕەكەكان دروست كرد، بۆ ئەوەی شەڕی شیعە و سوننە نەگاتە ئەو ئاستەی كۆنتڕۆڵ نەكرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە لە ناو بەغداش گەڕەكەكانی شیعە و سوننە تا ڕاددەیەكی زۆر لە یەكتری جیاوازن، هەر بۆیە ئەم فاكتەرانە و چەندین فاكتەری دیكەش وەك ئیمكانییاتی «دەوڵەمەندی عێراق، بوونی هێزێكی زۆری سوپا و حەشدی شەعبی و پۆلیس و ئاسایش» كە زیاتر لە 90%یان سەر بە ئیسلامی سیاسیی شیعەن، «نەك شیعە بە تەنیا»، ئەمە وا دەكات ئەگەر سەدر لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئیسلامی سیاسیی شیعە ڕێك بكەوێت، ئەوا بەرەو ئەزموونی بە حزبوڵاكردنی عێراق هەنگاو هەڵدەگرێت، بەڵام ئەو عێراقە لە گوتاری سەدردا تەنیا كۆمەڵگەی شیعەی عێراق دەگرێتەوە، ئەویش واتا ئەو پارێزگایانەی عێراق كە زۆرینەی زۆریان شیعەن، لەگەڵ ئەو شارانەی «گەڕەكەكانی» ناو بەغدا، كە وەك شاری سەدر بەشی هەرە زۆریان شیعەن.

 دەوڵەتەكەی ئیتاری تەنسیقیی شیعە

تەوافوقی وەتەنی

لایەنەكانی ناو ئیتاری تەنسیقیی شیعە كە بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن «بە دەنگ براوەن و بە كورسی دۆڕاون» لە سەر پڕۆژەكەی سەدر هیچ كێشەیەكیان نییە، بەڵكو كێشەی ئەوان لە سەر هێشتنەوەی جەماوەرەكەی خۆیانە، بۆیە ئەگەر بە ئاسانی تەسلیمی گوتارەكەی سەدر ببن، ئەوا لە سەر ئاستی ناوخۆیی دەنگدەرانی شیعە پێگەی سیاسیی خۆیان لە دەست دەدەن، هەر بۆیە لەم چوارچێوەیەدا دروشمی «تەوافوقی وەتەنی»یان بەرزكردووەتەوە، بۆ ئەوەی سازانی نێو لایەنە شیعەكانی پێ پەردەپۆش بكەن، هەربۆیە ئەگەر لە سەر پرسی تەوافوقی نیشتمانی ئیتاری تەنسیقی هەڵوەستە بكەن، ئەوا بێ ئەوەی خۆمان باسی بكەین، ئەوان خۆیان دەڵین «تەوافقی وەتەنی» لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نەماوە، بەڵام بۆچی بەشی هەرە زۆری كورد و عەرەبی شیعە بتوانن بەشداری لە حكومەت بكەن، بەڵام ئێمە وەك لایەنە شیعەكان نەتوانین ڕێك بكەوین، لەمەش زیاتر پەنابردنی سەدر بۆ چەمكی «زۆرینە» داهێنانێكی تازە نییە، بەڵكو پێشتر هەموو لایەنە سیاسییەكانی ئیتاری تەنسیقیی شیعە و لە سەرووی هەموو شیانەوە نووری مالیكی باسی كردووە، چەندین ساڵیشە هەر لە دوای ساڵی 2012ـەوە، ڕاستە حكومەتێكی ڕووكەش هەبووە بە ناوی حكومەتی «تەوافقی وەتەنی»، بەڵام حوكمڕانی و بڕیار و یاساكانی پەرلەمانی عێراق هەر بە زۆرینەی شیعە كراوە و، ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی شیعە ویستوویانە، هەر بەو شێوەیە حوكمڕانی كراوە، هەر بەو شێوەیەش بڕیار و یاساكانی پەرلەمان دەرچوون، هەروەك چۆن لە بڕیاری پەرلەمان بۆ «دەرچوونی هێزە بیانییەكان لە عێراق» لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتارانی كورد و عەرەبی سوننە بەشدارییان نەكرد، بەڵام سەرەنجام بە بێ ئامادەبوونی سەرۆكی پەرلەمانیش، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی شیعە بڕیارەكە درا، بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت: هەر دوو لایەنی «ئیتار و تەیار» لە سەر هەژموون و باڵادەستیی شیعە هیچ كێشەیان نییە و، ئەو كێشەیەی هەیانە، شەڕی دەسەڵاتە لە نیوان یەك بۆچوونی ئیسلامی سیاسیی شیعە، بەڵام چەند لایەنێك نوێنەرایەتیی ئەم بۆچوونە دەكەن و، هەر لایەك دەیەوێت بەشێكی لەو كێكە هەبێت، كە پێی دەڵێن «كێكی دەسەڵات».

لێرەوە ئەگەر سەرنج لە هەڵویستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بدەین، چەند ڕاستییەكی دیكەمان بۆ ئاشكرا دەبێت، كە ئەویش ئەوەیە تا ئێستا كۆماری ئیسلامی هەنگاو بە هەنگاو پشتگیری و پیرۆزبایی لە هەنگاوەكانی سەدر دەكات، هەر بۆ نموونە: كۆماری ئیسلامی پشتگیری لەوە كرد كە ئاكامی هەڵبژاردنەكان قبووڵ بكرێت و دەست بكرێت بە دروستكردنی حكومەت، لەمەدا ڕاستە لایەنەكانی ئیتاری تەنسیقی گازندەی زۆریان كرد، بەڵام كە ئاكامی هەڵبژاردن ڕاگەیەنرا، هەموو لایەنەكانی ئیتار بێدەنگییان هەڵبژارد، هەروەها دوای ئەوەی یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمان كرا و سەرۆكایەتیی پەرلەمان «سەرۆك و دوو جێگرەكەی» هەڵبژێردران، دیسان كۆماری ئیسلامی پیرۆزبایی لە پەرلەمان كرد و لایەنەكانی ئیتاریش ڕاستە بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد، بەڵام وەك لایەنی سیاسی «نەك ئەو پەرچەكردانەی كە گرووپە چەكدارەكان ئەنجامی دەدەن»، هیچ كاردانەوەیەكی نەرێنییان نەبووە.

ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێ دەڵێت كە: كۆماری ئیسلامیی ئێران بە لایەوە گرنگ نییە «تەیار حكومەت پێك بهێنێت، یان ئیتار»، هەروەها دەشزانن سەرەنجام موقتەدا سەدر هەر ئەو ڕێگەیە هەڵدەبژێرێت كە كۆماری ئیسلامی بۆی دیاری دەكات، هەروەك لە ساڵی 2010 ناچاریان كرد پشتگیریی كابینەی دووەمی مالیكی بكات، بۆ ئەوەی حوكمڕانی لە دەستی ئیسلامی سیاسیی شیعە دەرنەچێت، ئەمجارەش بێگومان هەر وادەبێت، ئەوەی ئێران بە خەتی سووری بزانێت، نەك تەیار، بەڵكو ئیتاریش ناتوانن بیبەزێنن، بۆیە مەزندە دەكرێت، سەدریش هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و، وەك لایەنەكانی ئیتاریش ئەو گەواهییەی بۆ دەدەن كە هەتا سەر پرسە گەوهەرییەكان سەدر نەرمی دەنوێنێت، بەڵام خاڵی گرنگ لە پشتگیریی ئێران بۆ پڕۆژەكەی سەدر ئەوەیە، كۆماری ئیسلامی مەبەستیەتی سەركردەیەكی وەك حەسەن نەسروڵا لە ناو شیعەی عێراقیشدا دروست ببێت، بۆ ئەوەی پرسی حوكمڕانیی شیعە و گەشەكردنی ئیسلامی سیاسیی شیعە لە دەستێكی ئەمیندا بێت.

Top