هونەرمەندان بۆ دەبێت وابن ؟!

هونەرمەندان بۆ دەبێت وابن ؟!

ئامانج غازی

پیرۆزی و گەورەیی هونەرمەندان لەوەدا خۆی دەنوێنێت كە تا چەند دەتوانن لە باوەشی كوردپەروەری و شاكاری كولتووری و كەلەپووریی نەتەوایەتیدا بژین.

هونەرمەندانی كورد كە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت سەرگەردان و وێڵن، بۆیە هەمیشە بەدوای كەنارە ئارامەكانی ژیاندا دەگەڕێن و بە بەردەوامی لە دەرگاكانی پرسیار دەدەن، بەڵام ئەفسووس هیچ كام لە وەڵامەكان تینوێتییان بەرەو ئاسۆیەكی مژدەبەخش و زادەی هەست و عەقڵێكی نوێخوازن نابەن، بەڵێ مخابن ڕەشەبای دەوروبەر بەرەو بیركردنەوەیەكی دیكەیان دەبەن و هەرزوو دایان دەماڵن لە ڕابوون و ڕامانی فیكریی و هونەری، لە بۆنەو ئاهەنگ و لە نێو گەلەری و شانۆیی پڕشكۆدا زۆر بەهەیبەت و جەسوورن، بەڵام لە دەرەوەی بازنەی ژیانی هونەرییان بەچاوێكی دیكە سەیر دەكرێن كە هەر خۆمان دەزانین چۆن چاوێكە.

بۆ ڕازاندنەوەی ژیانی كەسانی دی یەكەمین توێژن كە پرسیان پێ دەكرێت، بەڵام بۆ پرسە هەنوكەییەكان و مەسەلە چارەنووسازەكانی میللەت، دواچین و توێژن كە گوێیان لێ دەگیرێت، وەلێ هیچ كاتێك ڕاكانیان بەهەند وەرناگیرێت، هەمیشە مشتومڕی وجودییانە دەكرێت لەسەر ئەوەی ئایا هونەرمەند لە كانیاوی زادەی بیركردنەوە و ڕۆشنبیری خۆیانەوە شاكارەكانی پێشكەش دەكەن، یان دەبێت هەموو كاتێك داببەزێتە ئاست بیركردنەوە و تێگەیشتنی كۆمەڵگە، ئەم ڕەوتە دژ بەیەكە گرێكوێرەیەكی ئەستەمی دروستكردووە و چارەسەرێكی بنەڕەتی گەرەكە.

ئەم ڕاستییانەی سەرەوە پێویستی بە گفتوگۆیەكی هێمنانە هەیە، بەڵام لەگەڵ كێ؟ نازانین!، لەگەڵ ئەم هەموو تێڕوانینانەش ئێمەی هونەرمەندانیش لە نێوان خۆماندا ئەوەندە ناتەباو دڵڕەق و بێ بەزەیین كە ناتوانین لەگەڵ یەكدا هەڵبكەین و ببینە هاوەڵ و هاوڕێی یەك.

ئێمە هەمیشە بەدوای خاڵە نێگەتیڤەكانی یەكتریدا دەگەڕێین و، لە هەر شوێنێك هونەرمەندێك بگاتە پلە و پایەیەكی شیاو، هەوڵدەدەین بە هەموو شێوەیەك كارە پڕ ئاكام و بەرزو پڕ ئەفراندنەكانی نەگاتە ئەنجام و، ئامانجی هونەریی خۆی، هەر زوو بەدوای چكۆڵەترین بیانوودا دەگەڕێین تا شوێنەكەی پێ لەق بكەین و فڕێی بدەینە ئەودیوی مەبەستە پیرۆزەكان.

زۆربەی كاتەكان بێ ئەوەی بنەماو پێگەیەكی ئەكادیمیمان بەدەستەوە بێت، لە ڕاگەیاندن و كەناڵە كانی هەواڵدا ڕەخنەی ڕووخێنەر و مەسەلە تایبەتییەكان ئاراستەی یەكتری دەكەین و، دەیانخەینە بەردەم قەڵەمی بێ بەزەیی و مایكرۆفۆنی حەیابەر!

لەهەمووشیان گرنگتر ئەوەیە هەرهەموومان بەیەكەوە لە چەندین دەزگای هونەریی و پەروەردەیی (حكومی و حزبی) كار دەكەین و لەبەر كەمیی كات و بیركردنەوە و ڕامانی هونەری، ناپڕژێینە سەر كارەكان و ناتوانین لە هیچ كام لە كارەكانماندا مافی تەواوی خۆی پێ ببەخشن.

دواكارەساتی هەنوكەش ئێستا وشەی پیرۆزی (هونەرمەند)ە كە وەكو شتێكی زۆر ئاسایی بە هەڕەمەكی دابەشكراوەتە سەر ئەو هونەرمەندانەی زیاتر لەچل ساڵە شەو و ڕۆژ بەیەكەوە گرێدەدەن، تا لە كاروانی داهێنان دانەبڕێن و ئەوانەی لە ژیانی ڕۆژانەشیاندا تەنیا چەند كارێكیان پێشكەشكردووە، كە لەپەنجەی دەستێكمان تێپەڕ ناكات، لەگەڵ ئەو ئارەزوومەندانەی كە بۆ مەبەستێكی تاك و تەریك، بەرهەمێكی كرچ و كاڵ دروست دەكەن.

بۆیە پرسیاری هەرە گەورە لێرەوە دەبێت بكرێت : ئایا ئێمە هەر بەو حاڵە پڕ شپرزەییەوە دەمێنینەوە؟

Top