خراپترین چەوری لە لەشی مرۆڤدا

خراپترین چەوری لە لەشی مرۆڤدا

چەوریی هەناو Visceral fat لە شوێنە قووڵەكانی سكدا خەزن دەكرێت و، لە نزیك ئەو خوێنهێنەرەدا كۆدەبێتەوە كە خوێن لە گەدە و پەنكریاس و سپڵەوە بۆ جگەر دەگوازێتەوە Portal vein، واتە لە دەوری ئەندامەكانی هەناو، كە جگەر و ڕیخۆڵەش دەگرێتەوە. چەوریی هەناو تەنیا 10%ی هەموو چەوریی خەزنكراوی لەش پێك دەهێنێت، بەشە زۆرەكەی دیكەی چەوریی لەش لەژێر پێستدا خەزن دەكرێت. چەوریی هەناو كە بە چەوریی شاراوە Hidden fat ناوزەد دەكرێت بەشێكە لە چەوریی ورگ، كە بە خراپترین چەوریی لەش دادەنرێت، چونكە لە چەوریی بەشەكانی دیكەی لەش چالاكترە بۆ دروستكردنی ماددە كیمیاییەكانی هەوكردن Inflammatory chemicals و چەند هۆرمۆنێك، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی زیاد دەكات وەك: زیادبوونی چەوریی جگەر Fatty liver، نەخۆشیی دڵ، جەڵتەی مێشك، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی ئەلزهایمەر، پەیدابوونی بەرگری بۆ هۆرمۆنی ئینسولین، كە ئەگەری تووشبوون تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو زیاد دەكات. هۆكارەكانی زیادبوونی چەوریی هەناو بریتییە لە: هۆكاری بۆماوەیی، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول و شلەمەنییە شیرینكراوەكان، كەم خەوی، كەمیی چالاكیی جەستەیی و مەشقی هەوایی.

Top