حکومەتی ئیسپانیا مانگانە 250 یۆرۆ  بۆ گەنجان دابین دەكات

حکومەتی ئیسپانیا مانگانە 250 یۆرۆ  بۆ گەنجان دابین دەكات

 

 

حکومەتی ئیسپانیا مانگانە 250 یۆرۆ  بۆ یارمەتیدانی گەنجانی ئەو وڵاتە دابین دەکات، بۆ ئەوەی سەربەخۆ  و بەجیا لە دایک و باوکیان بژین، گەنجەكانی  ئیسپانیا بەهۆی نەتوانینیان لە پێدانی کرێی خانوو زیاتر لەگەڵ دایک و باوکیان دەژین.

ڕاکل سانچز وەزیری نیشتەجێکردنی ئیسپانیا ڕۆژی سێشەممە 18ی کانوونی دووەم دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی کابینەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کە ئیسپانییەکانی لە خوار تەمەنی 35 ساڵ و بە داهاتی ساڵانەی خوار 24318 یۆرۆ لەم مانگەدا دەتوانن بۆ كرێی خانوو بۆ ماوی 2 ساڵ داوای هاوكاری بكەن.       

گوتیشی: پارەدان و هاوكاری زۆر زۆر گرنگە بۆیە نابێت کرێی خانوو ببێتە ڕێگر لە بەردەم سەربەخۆیی گەنجان" بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2020دا نزیکەی لەسەدا 55ی گەنجانی ئیسپانیا لە تەمەنی 25 بۆ 29 ساڵی لەگەڵ دایک و باوکیان ژیاون کە بەراورد بە ساڵی 2013دا لەسەدا 6.5 زیادی کردووە.

ئەم ژمارەیە پەیوەندی بە بێکاری گەنجانەوە هەیە لە ئیسپانیا کە لەسەدا 29ی خەڵکی خوار تەمەن 25 ساڵ وەک بێکار تۆمار کراون.

هەرچۆنێک بێت فرانسیسکۆ ئینارتا، وتەبێژی گەورەترین ماڵپەڕی خانووبەرەی ئیسپانیا، پێی وایە کە یارمەتیدانی راستەوخۆ بۆ پێدانی کرێ لەوانەیە کەمتر کاریگەر بێت لە هیواکانی حکومەت، بە وتەی ئەو، زیادبوونی داواکاری بۆ شوقە بچووکەکان ئەگەری زۆرە کرێ زیاد بکات.

ئەو لە بەردەوامیی قسەكانیدا گوتی: كرێنشینانی پێشوو دەریانخست كە ئەنجامی سەرەكیی ئەم بەرنامەیە بەرزبوونەوەی ڕاستەوخۆی نرخەكانە.

وتیشی: ئەو کرێنشینانەی کە داهاتەکانیان تەنها کەمێک زیاترە لە داهاتی ئاشکراکراو هەست بە جیاوازی دەکەن چونکە ڕێژەی کرێکانیان زیاد دەبێت بەبێ وەرگرتنی هیچ یارمەتییەک.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top