داوای دامەزراندنی توێژەری كۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ قوتابخانەكان دەكرێت

داوای دامەزراندنی توێژەری كۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ قوتابخانەكان دەكرێت

 

توێژەرانی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان، ساڵانێكی زۆر نییە تێكەڵ بە ناوەندەكانی خوێندن بوون، پسپۆڕانی بواری پەروەردەش بوونی توێژەری كۆمەڵایەتی لە تەواوی قوتابخانەكانی كوردستان بە پێویست دەزانن و ڕایان وایە، ڕۆڵی باشیان لە چارەسەركردنی كێشەی قوتابخانەكاندا هەیە و زۆربەی قوتابخانەكانیش توێژەری كۆمەڵایەتییان هەیە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پەروەردە، ژمارەی قوتابیان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ملیۆنێك و 815 هەزار قوتابی، لەو ژمارەیە ملیۆنێك و 715 هەزار قوتابی لە قوتابخانەی حكومی دەخوێنن و 90 هەزار قوتابیش لە قوتابخانە ناحكومییەكانن. لەلای خۆیەوە دانا شوانی، لە كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستان لە لێدوانێكیدا دەڵێت: نزیكەی 70٪ی قوتابخانەكان لە هەرێمی كوردستان توێژەری كۆمەڵایەتییان نییە، هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە 162 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە قوتابخانە حكومییەكانن و لەگەڵ 10 هەزار مامۆستاش لە قوتابخانە ناحكومییەكان وانە دەڵێنەوە. 21 هەزار مامۆستای وانەبێژیش هەن.

تانیا جەمال سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «گومانی تێدا نییە، قوتابیان لەهەر تەمەنێكدا بن، لە قوتابخانەكان پێویستیان بە ڕاوێژی دەروونی و كۆمەڵایەتی هەیە، جا ئەو كارە مامۆستایان پێی هەستن، وەك هەندێك وڵات كە مامۆستا دەبێت لە هەر دوو بواری دەروونی و كۆمەڵایەتی زانیاریی تەواوی هەبێت، بۆ هاوكاری و تێگەیشتن لە كێشە و گرفتی قوتابیەكان، لە هەندێك شوێنی دیكەش وەك لای خۆمان توێژەری كۆمەڵایەتی و دەروونیمان هەیە، كە لە كۆلێژی تایبەت بەم بابەتانە دەردەچن. لە هەر دوو حاڵەتدا قوتابیان هەر یەكەو لە خێزانێكی جیاواز دێنە قوتابخانە و پەروەردە زرووف و دۆخی جیاوازیان هەیە و، هەر یەكێكیان پێویستی بە گوێگرتن و ئاراستەكردن هەیە. ئەوە جگە لەوانەی كە كێشەی تایبەتتریان هەیە و بەردەوام پێویستیان بە پاڵپشتی و سەردانی خێزانەكان هەیە.» گوتیشی: «هەرچەندە لای ئێمەش كەم و زۆر لە قوتابخانەكان توێژەر هەن، بەڵام ڕەنگە هەموویان نەیانتوانیبێت بە ئەركی خۆیان هەستن، كە ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانە گرنگی پێ نەدان بە ئەرك و كارەكانیان لە لایەن بەڕێوبەر و مامۆستایانەوە، لە لایەكی دیكەوە نەبوونی زانیاریی تەواو لەو ڕووەوە لە لای خودی توێژەرەكان، بە تایبەتی كە لە كۆلێژ تەنیا چەند بابەتێكی وشك دەخوێنن، كاتێك دەچنە ناو كارەوە، هیچ زانیارییەكی وایان پێ نییە كە بیدەنەوە، یا لە كاری ڕۆژانەیان سوودی لێ وەربگرن، بەتایبەتی كە هەندێكیان خۆشیان گوێ بە بەهێزكردنی خۆیان نادەن لە پسپۆڕییەكانیان، لەگەل هەموو ئەمانەشدا هەر باشترە لە قوتابخانەكاندا هەبن و پڕۆگرامی تایبەتیان پێ بدەن و بیانخەنە ناو خول و بەرنامەی تایبەت بۆ بەهێزكردنی تواناكانیان».

جەمال مستەفا بەڕێوەبەری دواناوەندیی ئازایەتیی وێژەیی كوڕانە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە «پێویستە وەزارەتی پەروەردە پلانێكی باشی بۆ گشت قوتابخانەكان لە ڕووی چارسەركردنی گیروگرفتی قوتابیان لە ناوەندەكانی خوێندن هەبێت.» هاوكات دەڵێت: «هەندێك لە قوتابیان بە هۆی گرفتی باری دەروونی هەمیشە لە قوتابخانەكان كێشە و گیر و گرفت دەنێنەوە، ئەمەش ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە، چونكە هیچ قۆتابخانەیەك نییە كە كێشەی هەندێك قوتابیی لاسار و خاوەن گرفتی نەبێت، هەر ئەوانەش دەبنە هۆی تێكچوون و تێكدانی ڕەبت و زەبتی قوتابخانە و گرفتی جۆراوجۆر بۆ كارگێڕی قوتابخانە و مامۆستایان دروست دەكەن. بۆیە پێویستە گشت قوتابخانەكان توێژەری كۆمەڵایەتییان هەبێت و، لە سەر كێسی ئەم جۆرە حاڵەتانە كار بكەن». گوتیشی: «ڕاستە لە هەندێك قوتابخانە توێژەر دانراوە و هەیە، بەڵام بە گشتی زۆرینەی قوتابخانەكان بێ توێژەرن، ئەمەش كەلێنێكی گەورەی دروست كردووە. بێگومان نەبوونی توێژەر لە ناوەندەكانی خوێندن گرفتێكی زۆر دروست دەكات بۆ ئیدارەی قوتابخانەكان و سەرقاڵیی بەڕێوەبەری قوتابخانە بە كێشە و گرفتی قوتابیان. بۆیە بە پێویستی دەزانم وەزارەتی پەروەردە هەرچی زووە هەوڵ بدات بۆ دانان و دامەزراندنی ژمارەیەك گەنجی دەروونناس لە ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە هاوكاریی ئەو جۆرە قوتابییانە بكەن، كە كێشەی دەروونییان هەیە».

 بەڕێوەبەری دواناوەندیی ئازایەتیی وێژەیی كوڕان جەختی لەوەش كردەوە كە «توێژەری كۆمەڵایەتی ئەركێكی زۆر پیرۆز و جوان و ئەخلاقی لە ئەستۆدایە، چونكە بوونی لە قوتابخانە هێزێكی كاریگەرە لە دوو ڕووەوە: یەكەم: بۆ هاوكاریی بەڕێوەبەر و قوتابخانە لە كاتی پێویست و بوونی گرفت لە نێو قوتابخانە. دووەم: بوونی لە نێو قوتابیان هەمیشە زۆر پێویستە، بەتایبەتی لە ڕووی دەروونناسی كە لەم بارودۆخەی ئێمە تیایدا گوزەر دەكەین، زۆرینەی قوتابیان تووشی حاڵەتی دەروونی هاتوون.» گوتیشی: «توێژەر بە هۆی پیشەكەی و شارەزایی لەو جۆرە بابەتانەی ڕوو لە هەستی قوتابی دەكەن، لە نزیكەوە لەگەڵ قوتابی دادەنیشێت و گوێی لێ دەگرێت و بە دوای چارە سەری گرفتەكەیدا دەگەڕێت».

Top