رائیدی پۆلیس سەركەوت كاڕەش وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ گوڵان:   پێشبینی دەكرێت ڕووداوە سرووشتییەكان زیاتر ببن، پێویستە ئێمەش لە ئاستی ئەو گۆڕانكارییانەدا بین

رائیدی پۆلیس سەركەوت كاڕەش  وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ گوڵان:     پێشبینی دەكرێت ڕووداوە سرووشتییەكان زیاتر ببن، پێویستە ئێمەش لە ئاستی ئەو گۆڕانكارییانەدا بین

 

 

گرنگە دەزگا خزمەتگوزارییەكان لە ئاست گۆڕانكارییە ژینگەییەكاندا بن و، ڕۆڵ و ئەركی بەرگریی شارستانییش ڕۆڵێكی گەورە و گرنگە لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییاندا، كە شایستەی ئەوەیە هەموو بایەخێكی پێ بدرێت، بۆ ئاشنابوون بە ڕۆڵی ئەم لایەنە گرنگە و ئەرك و كارەكانیان، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ڕائیدی پۆلیس سەركەوت كاڕەش وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر ئەنجام دا.

 

* ئایا ئێوە وەك بەرگریی شارستانیی هەولێر لە ڕووی ئامێر و لۆجستێك لە چ ئاستێكدان، وەك دەزانین لە دونیای پێشكەوتن و تەكنەلۆژیادا ئەو بوارەش پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە؟

- بەرگریی شارستانی دەزگایەكی خزمەتگوزاریی گشتییە، كە كار دەكات بۆ كەمبوونەوەی قەبارەی زیانەكان، چ گیانی بێت، یان ماددی، ئێمە ئەرك و كارمان زۆرە، وەك وەڵامدانەوەی ڕووداوە سرووشتییەكان و كارەساتە دەستكردەكان و قەیرانەكان و ئەو ڕووداوانەی كە ڕۆژانە ڕوودەدەن، كە هاووڵاتیان پێویستیان بە یارمەتی هەیە. بەرگریی شارستانی چەندین ئەركی دیكە لەخۆ دەگرێت، وەك ئاگركوژاندنەوە و دەركردنی ڕێنماییەكان بۆ هۆشیاریی هاووڵاتیان و ڕزگاركردنی هاووڵاتی لە خنكان، ئەویش لە ڕێگەی تیمەكانی ژێرئاو و...هتد. لە هەرێمی كوردستانیشدا تا ئەندازەیەكی باش گرنگی بە بەرگریی شارستانی دراوە و ئامێر و كەلوپەل و پێداویستیمان لە بەردەستدایە، بەڵام دەبێت بەپێی گەشەكردن و بەرفراوانبوونی دەزگا خزمەتگوزارییەكان، بەتایبەت بەرگریی شارستانی لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا بڕوات. لەلایەكی دیكەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی حەفتا و هەشتا و نەوەتەكان و بەشێكی دوو هەزارەكانیش، لە ناو شاری هەولێردا ئەو جۆرە باڵەخانە بەرز و گەورانەمان نەبوو، بەڵام ئێستا باڵەخانەی بەرز و ستوونی دروست دەكرێت، بۆیە دەبێت لە ئاست ئەو گەشەكردنەدا ئێمەش بەرەوپێشەوە بچین و، پێویستە لە ڕووی هەموو پێداویستییەكانی بەرگریی شارستانی وەك دابینكردنی ئۆتۆمبێلی پەیژەی ڕزگاركردن و، هێزی مرۆییەوە گرنگیی زیاترمان پێ بدرێت، بەتایبەتی كە پێویستمان بە كارمەند و بنكەی زیاتر هەیە. ئێستاش بە هۆی گۆڕینی كەشوهەوا و ژینگەی هەموو جیهانەوە، كارەساتە سرووشتییەكان زیاتر بوون، هەر وەك ئەوەی لە ماوەی ڕابردو و لەساڵی ڕابردوودا دوو لافاوی زۆر گەورە لە شاری هەولێر ڕووی دا، هەروەها بومەلەرزە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە سنووری چەمچەماڵ و قەرەداخ و شاری سلێمانی چەندین بوومەلەرزە بە پلەی جیاواز ڕوویان دا و، پێشبینی دەكرێت كارەساتە سرووشتییەكان زیاتریش ببن، بۆیە گرنگە لە ئاست ئەو گۆڕانكارییە ژینگەییە جیهانییانەدا دەزگا خزمەتگوزارییەكانیش ئامادەكاری و پلانی تەواویان بۆ دابڕێژدرێت.

* وەك دەزانین بەرگریی شارستانی ئەركێكی مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتمانیی گەورە لە ڕزگاركردنی هاووڵاتیان بەڕێوە دەبات، چ لە خنكان و چ لە سووتان و چەندین بارودۆخی دیكە، ئایا ئەو كەموكووڕییانەی كە زۆر پێویستن چین و چیتان بۆ ئەو مەبەستە كردووە؟

- لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر سێ تیمی گەورەی غەواسمان لە قەزاكانی خەبات و شەقڵاوە و كۆیە هەیە، بەڵام بۆ چەندین شوێنی دیكە لە سنووری پارێزگای هەولێر پێویستمان بە زیاتركردن و گەورەكردنی ئەو تیمانە هەیە، بەتایبەت بۆ وەرزی هاوینان كە خەڵكێكی زیاتر لەكاتی مەلەوانی و لە ئاوەكاندا تووشی نوقمبوون و خنكان دەبن، چونكە لەو حاڵاتانەدا كێشەی نەبوونی ئامێری پێشكەوتوو و تەواومان هەیە، تاوەكو ژیانی هاووڵاتیانمان زیاتر پارێزراو بێت. بێگومان بەهۆی گەشەكردن و بەرەوپێشەوەچوونی شارەوە، پێویستمان بە پێداویستی و ئامێری باشتر و زیاتر و هاوچەرخ هەیە، چ ئاوی چ ئاسمانی چ زەمینی، هەر بۆ نمونە: ئێمە فڕۆكەخانەمان لە شاری هەولێر هەیە، بۆی هەیە ڕووداوی ئاگركەوتنەوە، یان ئاگرگرتنی فڕۆكە ڕووبدات، لەو كاتەدا بەرگریی شارستانی پێویستی بە ئامێر و پێداویستیی تایبەت بەو جۆرە ڕووداوە هەیە، هەر بۆیە پێویستە ئەو پێداویستییانە دابین بكرێت، پێش ئەوەی ڕووداوەكان ڕوو بدات، هاوكات پێویستە ئیمكانیات و بودجەمان زیاتر بۆ تەرخان بكرێت، چونكە تا دەزگا خزمەتگوزارییەكان و، بەتایبەتیش بەرگریی شارسانی بەهێزتر بێت، ئەوە زیاتر سەر و ماڵی هاووڵاتیان پارێزراو دەبێت.

* ئایا خولی فێركردن و ڕاهاتن بۆ كارمەندانتان چۆنە و بەشداریی خولی نێودەوڵەتیتان هەیە، یان هەماهەنگیتان لەو بارەوە لەگەڵ وڵاتان لە چ ئاستێكدایە؟

- پێش ئەوەی پەتای كۆڕۆنا بڵاو ببێتەوە، خولی مەشق و ڕاهێنانمان بەردەوام و زۆر باش بوو، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی هەرێم، وڵاتانی پێشكەوتوو و ڕێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام خولی ڕاهێنان و مەشقیان بۆ كارمەندانی بەرگریی شارستانی دەكردەوە، بەمەش بەهۆی دەستكەوتنی زانیاریی زیاتر و هاوچەرخ و لێڕاهاتنی كارمەندانمان لە جۆر و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەكان و پاراستنی سەرو ماڵی خەڵك، سوودێكی زۆرمان دەبینی، هەر بۆ نموونە: هاوكاری و هەماهەنگیی بەردەواممان لەگەڵ ڕێكخراوی(THW)ی ئەڵمانی هەبوو، كە خولی ڕاهێنان و مەشقیان بۆ كارمەندانمان دەكردەوە، هاوكات وەك كارمەندانی بەرگریی شارستانی بۆ بەشداریكردنی خول، سەردانی وڵاتانی پێشكەوتوومان كردووە، هەر خۆم لەساڵی 2018 بەشداریی خولێكی سێ مانگیم كرد لە وڵاتی یابان، ئەفسەر و كارمەندانمان لە وڵاتی بیلاڕووسیا و چەندین وڵاتی دیكە بەشداریی خولی ڕاهێنان و مەشقیان كردووە، ئەگەرچی لەگەڵ هاتنی پەتای كۆڕۆنا هەموو شتێك وەستاوە، بەڵام پێویستە حكومەتی هەرێم هەوڵ بدات، كارمەندانی بەرگریی شارستانی لەسەر ئاستی جیهان ڕاهێنان و مەشقیان پێ بكرێت، تا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووداوە سرووشتییەكان توانا و ئیرادە و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییان زیاتر بێت، پێویستە ئاست و توانای دەزگا خزمەتگوزارییەكان بەرز بكرێتەوە، ئەمەش بە بەشداریكردنی كارمەندان لە خولی جۆراجۆر دەبێت، لەو وڵاتانەی كە پێشینەی باشیان لە ڕووبەڕووبونەوەی ڕووداوە سرووشتییەكاندا هەیە، تا بزانین ئەوان بە چ ئەزموون و ئاقارێكدا ڕۆیشتوون، بۆ نموونە وڵاتێكی وەك یابان كە من بەشداریی خولێكم تێدا كردووە، وڵاتێكە زۆرترین ڕووداوی سرووشتیی وەك لافاو و بوومەلەرزە لەوێ و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ڕوودەدات، بۆیە بەشداریكردن لە خولەكانی فێركردن و مەشق لەو وڵاتانە كە شارەزایی و ئەزموونیان زۆرە، بۆ كارمەندان و ئەفسەرانی بەرگریی شارستانی هەرێمی كوردستان زۆر پێویستە.

* ئەگەر وەك داتاو زانیاری هەندێك لەو كار و چالاكییانەتان لە ساڵی ڕابردوو تا ئێستا بخەیتە ڕوو، چیمان پێ ڕادەگەیەنیت، بەتایبەتی لە وەرزی گەرما و دروێنە و ڕزگاركردنی خەڵك و گەشتیاران لە ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەكانی دیكەدا؟

- ئێمە ساڵانە لە مانگی دوودا پلانی ساڵانەی خۆمان دەنێرین بۆ پارێزگای هەولێر، كە بە شێوەیەكی گشتگیر بەرنامەرێژیی یەك ساڵی تێدایە و، ساڵانە لە 15ی مانگی پێنج تیمەكانمان دەردەچن بۆ هەموو قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری پارێزگای هەولێر، بۆ پارستنی گەنم و جۆی هاووڵاتیان لە سووتان، و ئەو تیمانە لەو شوێنانە جێگیر دەكرێن و دەمێننەوە تا ڕێككەوتی1ی مانگی 7، هەروەها هەموو ساڵێك لە مانگی 9 بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ دەست بە پاككردنەوەی مەنهۆل و ئاوەڕۆكان دەكەین، بۆ ڕێگرتن لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو، بە بەرنامەڕێژی دەستمان بە كار و پاككردنەوەی ئاوەڕۆیەكان كردووە، بەتایبەت لەو شوێن و گەڕەكانەی كە ئاوی لێ كۆدە بووەوە، بۆ نموونە وەك گەڕەكەكانی گڵكەند و تەیراوە و سێتاقان، هەر ئەمەش وای كرد كە بەو بارانە زۆر و بەلێزمەیەی لافاوەكانی ڕابردوو هیچ كێشە و گرفت لەو شوێنانە بەدی نەكرا. سەرەڕای ئەوەی لە ناو شاری هەولێر هەشت بنكەی بەرگریی شارستانیمان هەیە، بەڵام پێویستمان بە شەش بنكەی دیكەش هەیە كە لە ناو شاری هەولێر بكرێتەوە، لەوانە لە گەڕەكی هەولێری نوێ كە یەكێكە لە گەڕەكە گەورەكان و تا ئێستا بنكەی بەرگریی شارستانیی نییە، بە هەمانشێوە گەڕەكی بەختیاری و نووسەران و ژیان و ناحیەی دارەتوو پێویستیان بە بنكەی بەرگریی شارستانی هەیە، هاوكات لە چەندین ناحیە و شوێنی دیكە پێویستە بنكەی بەرگریی شارستانی دابنرێت، بۆ نموونە ناحیەی دارەتوو تەنیا تیمێكمان لەوێ هەیە، ئەگەرچی پێویستی بە بنكەیەكی شایستە هەیە. هاوكات لە ناحیەی ڕزگاری بنكەمان نییە و كردنەوەی بنكەش پێویستی بە دامەزراندنی كارمەند و دابینكردنی باڵەخانە و هەموو ئامێر و پێداویستییەكی بەرگریی شارستانی هەیە، كە ئەمەش كارێكی زۆر قورسە لەسەر حكومەت، بەڵام لێرەدا داواكارین لە لایەنی پەیوەندیدار، لەو شوێنانەی كە زۆر پێویستە، بنكەیان بۆ بكرێتەوە.

* خەڵك تا چەند بە ڕێنمایی و داواكارییەكانی ئێوە كە بۆ بەرژەوەندی و سەڵامەتیی ئەوانە، پابەندن؟

- ئەوە گەورەترین كێشەی ئێمەیە كە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردوو لەم بارەوە كێشەمان زۆر بوو و هاووڵاتیان كە ژمارەی تەلفۆنەكەمان (115)یە زانیارییان لە سەری نەبوو، بەڵام ئێستا هاووڵاتیان زۆر باشترن و پابەندن بەو ڕێنماییانەی بەرگریی شارستانی كە بۆیان دانراوە و، خاوەن پڕۆژە و باڵەخانەكان و شوێنە بازرگانییەكانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە ئەوەی بەرگریی شارستانی پابەندیان دەكات، ئەوە بۆ بەرژەوەندی و پاراستن و سەلامەتیی خۆیانە، چونكە ئەوەندە ڕووداو و كارەساتی گەورە و ناخۆش ڕووی دا، هەندێك جار بە چەند چركەیەك شوێن و باڵەخانەیەك سووتان و بوون بە خۆڵەمێش، هەر بۆ نموونە: هەولێر مۆڵ و بازاڕی لەنگە و چەند شوێنی دیكە، هەر ئەو ڕووداو و كارەساتانە وای كردووە كە هاووڵاتیان بە پێویستی بزانن كە پابەندی مەرج و ڕێنماییەكانی بەرگریی شارسانی بن. لەلایەكی دیكەوە زۆر بە دەگمەن لە ماڵەكاندا ئامێری ئاگركوژێنەوە هەیە، چەندین ئۆتۆمبێل دەسووتێن، كەچی خەڵك ئامێری ئاگركوژێنەوەیان پێ نییە.

* لە كاتی ڕزگاركردنی هاووڵاتیاندا تا چەند هەماهەنگیی لایەنەكانتان بەدی كرد و، ڕۆلی جەنابی سەرۆكی حكومەت لە بەدەنگەوەهاتنی لێقەوماوان چۆن دەبینیت؟ هاوكات بڕیار بوو لە ڕێگەی ئەو لێژنەیەی بۆ دەرخستنی هۆكارەكانی لافاوەكە دروست بوو، هەموو كێشە و گرفت و ڕاستییەكان بدۆزرێتەوە و كەسانی سەرپێچیكار دیاری بكرێن، ئایا ئەوە ڕاستییانە هەر هەمووی دركەوتن، یان هێشتا بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت؟

- هەماهەنگیی نێوان دامودەزگاكانی حكومەت زۆر بەهێز و پتەو بوو، كە ئەمەش وای كرد لەو لافاوە گەورەیەدا زەرەر و زیانەكان زۆر كەم بكرێتەوە، ئێمە وەك بەرگریی شارستانی دەستخۆشی لە هەموو دەزگاكانی حكومەت دەكەین، بەتایبەت شارەوانی و كەرتی تەندروستی و پارێزگای هەولێر و خودی پارێزگار و ناوەندی هاوبەشی قەیرانەكان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كە لە یەكەم ساتەوە تا كۆتایی هەوڵ و كاری بەردەوامیان بۆ ڕزگاركردن و كەمبوونەوەی لافاوەكە هەبووە و بە هانای لێقەوماوانەوە هاتن، هەر لە ڕزگاركردنیان تا دابینكردنی ژەمە خواردن و پێداویستیی دیكە. هاوكات ژمارەیەكی زۆر خەڵكی خۆبەخش بەوپەڕی گیانی نیشتمانییەوە هەوڵ و ماندووبوونی زۆریان بەخشی و، ئێمە بۆ ماوەی 20 ڕۆژ دوای لافاوەكە بەدوای ئەو دوو تەرمەدا دەگەڕاین كە ون ببوون، هاوكات لە یەكەم ساتەوە ڕێزدار سەرۆكی حكومەت لەسەر هێڵ بوو لەگەڵ پارێزگار و هەموو دامودەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت، بۆ ئەوەی هەرچی پێویستە بكرێت و هاوكاریی لێقەوماوانی لافاوەكە بە باشترین شێوە بكرێت، هاتنی جەنابی سەرۆكی حكومەت هەر بۆ بەیانییەكەی بۆ دیوانی پارێزگای هەولێر، ئەوە دەگەیەنێت كە چەند خەمخۆری لێقەوماوانی لافاوەكە بوو.

Top