نووستن ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە دابەزاندنی كێشی لەش

نووستن ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە دابەزاندنی كێشی لەش

 خەو یەكێكە لە فاكتەرە گرنگەكانی بەرنامەی دابەزاندنی كێش، چەندێتیی نووستن بەقەد ڕیجیم و مەشقی وەرزشی گرنگە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش. نووستنی شەوانە كە كەمتر بێت لە حەوت كاتژمێر، ئەوا بە كەمنووستن هەژمار دەكرێت، نووستن كەمتر لە 6-7 كاتژمێر لە هەموو تەمەنێكدا، هۆكارە بۆ زیادبوونی كێشی لەش بە چەندین ڕێگا و میكانیزمی جیاواز، بۆنموونە: ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش لە منداڵاندا دەگاتە 30-45%، لە گەورەكانیش ڕێژەكەی دەگاتە 30%. كەمنووستن هاندەرە بۆ زیادبوونی ئارەزووی خواردن و زیادكردنی لانی كەم 400 كالۆری ڕۆژانە بەهۆی گاریگەریی لە سەر هۆرمۆنەكانی هەستكردن بە برسیبوون و تێربوون، بۆنموونە كەم نووستن هاندەرە بۆ زیادبوونی هۆرمۆنی گهرێلین Ghrelin كە هۆرمۆنی هەستكردنە بە برسیبوون و، كەمبوونی هۆرمۆنی لێپتین Leptin كە هۆرمۆنی هەستكردنە بە تێربوون. لە لایەكی دیكەوە، كەمنووستن ڕێگە خۆش دەكات بۆ خواردن لە درەنگانی شەودا، كە هاندەرێكی دیكەیە بۆ زیادبوونی كێشی لەش، هەروەها كرداری میتابۆلیزم Metabolism خاودەكاتەوە، كە هۆكارە بۆ زیادبوونی كێشی لەش. ماوە بگوترێت كە كەمنووستن مەشقی ڕۆژانە قورس و ناڕەحەت دەكات، بۆیە كەمتر ئەنجام دەدرێت، دەرەنجام كێشی لەش زیاد دەبێت.

 

 

Top