سەیر و سەمەرەكانی ئەشكەوتی كونەبا

سەیر و سەمەرەكانی ئەشكەوتی كونەبا

ئەشكەوتی كونەبا بە ئەشكەوتی (كریستاڵ) یش دەناسرێت، دەكەوێتە دامێنی شاخی گوڵانەوە بە دووری (15) كیلومەتر لە قەزای دەربەندیخانی شاری سلێمانی، یەكێكە لە شوێنەوارە دەگمەنەكانی كوردستان، بەتایبەتی و جیهان بە گشتی، كە شێوەو پێكهاتە و دروستبونی ملیۆنان ساڵی خایاندووە. بە پێی ڕاپۆرتی لیژنەیەكی ئەمریكی كە سەردانی ئەم ئەشكەوتەیان كردووە، دەڵێن: سێ جێگای هاوشێوەی ئەم ئەشكەوتە لە جیهاندا هەن، یەكێك لە هاوشێوەكانی لە وڵاتی لوبنانە بەناوی ( جعیتا)یە، ناوی (كونە با) لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە وەرزی هاویندا هەوایەكی فێنك لە ئەشكەوتەكەوە ڕووەو دەرەوە دێت، بەڵام لە وەرزی زستاندا پێچەوانە دەبێتەوە هەوا فێنكەكە لە دەرەوە ڕووەو ناوەوە دەچێت، ئەم ئەشكەوتە دەروازەیەكی بچووكی هەیە بۆ چوونە ژوورەوە، لە ناوەوە درێژییەكەی 676 مەترە، لە بەشی لای ڕاستەوە بە شێوەیەكە، كە كۆتاییەكەی دیارنییە و تا ئێستاش كەس نەگەیشتوەتە كۆتاییەكەی، هەروەها بە لای چەپیشدا سێ بەشی دیكەی لێ دەبێتەوە و بە هەر ئاراستەیەكدا دوای چەند مەترێك ڕۆیشتن چەند كونێك دێتە سەرڕێگات، كە بە سنگە خشكێ نەبێت، رۆیشتن بە ناویدا مەحاڵ، كریستاڵەكانی كە بەهۆی تنۆكە ئەوەكانی ئەشكەوتەكەوە دروستبوون، جوانییەكی زۆر سەرنجڕاكێش دەبەخشنە دیمەنی ئەشكەوتەكە، كە هەندێكیان لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕبونەتەوە و، هەندێكی دیكەشیان لە خوارەوە بۆسەرەوە بەرز بوونەتەوە، بەشێكی زۆری ئەم ئەشكەوتە بەردەوام تەڕە، بەتایبەت كاتێك ڕووناكیی بەر دەكەوێت، وەك كریستاڵ دەدرەوشێنەوە، هۆكارێكی دیكەی سەرنج ڕاكێشیی ئەم ئەشكەوتە ئەوەیە كە هیچ جۆرە گیانلەبەرێكی تێدا ناژی و، تا ئێستا هۆكارەكەشی نازانرێت لەبەرچییە. لە هەندێ بەشی ناوەوەی ئەشكەوتەدا شوێنی هەیە كە نزیكەی 30 مەترێك دەچیتە خوارەوە، بەم هۆیەوە ئاوی ناو ئەشكەوتەكە گۆماوی گەورەی دروست كردووە كە ئاوێكی زۆر ڕونی تێداكۆبۆتەوە، تەنانەت بۆ خواردنەوەش دەشێت، ئەم ئەشكەوتە پێكهاتەیەكی سرووشتییە و پێكهاتەی ناوەوەی بەرد و كلس و خۆڵە، كە لە ئەنجامی بوونی ڕادەی زۆری شێ و ئاو بە پێكهاتەیەكی كلسی بەردین داپۆشراوە و، دیمەنێكی جوان و درەوشاوەی ناوازە و ڕەنگی بە ناوەوەی ئەشكەوتەكە بەخشیوە.

Top