بۆ دووەم جار لە میانی ساڵێكدا کۆریای باکوور مووشەکێکی دیکە تاقی دەكاتەوە

بۆ دووەم جار لە میانی ساڵێكدا کۆریای باکوور مووشەکێکی دیکە تاقی دەكاتەوە

 

دەنگی ئەمەریکا لە هەواڵێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە کۆریای باشوور و ژاپۆن دەڵێن ڕۆژی سێشەممە کۆریای باکوور مووشەکێکی دیکەی باڵیستیکی تاقی کردووەتەوە، ئەمەش دووەمین جارە لەم ساڵدا کۆریای باکوور چەکەکانی تاقی بکاتەوە.

لە لای خۆیەوە دەزگای هەواڵی کیۆدۆی ژاپۆن دووپاتی كردووەتەوە مووشەکەکە کەوتۆتە دەریایەکەوە لە دەرەوەی ناوچەی ئابووری ژاپۆن، هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو کۆریای باکوور ڕایگەیاند مووشەکێکی دەنگبڕی بە سەرکەوتوویی تاقیکردووەتەوە، بەڵام حکومەتی کۆریای باشوور باس لەوە كرد كە کۆریای باکوور زیادەڕۆیی کردووە لە بانگەشەی سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکەدا.

ئەم تاقیکردنەوە مووشەکییەی کۆریای باکوور چەند کاتژمێرێک دوای کۆبوونەوە داخراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هات سەبارەت بە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەمەریکا و پێنج وڵاتی دیکەی ئەندام لە ئەنجومەنەکەدا سەرکۆنەی تاقیکردنەوەکانیان کرد و گوتیان " تاقیکردنەوەکان هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە."

 

 

Top