سەباح دوای مردنی ناوی چووە نێو كتێبی گینس

سەباح دوای مردنی ناوی چووە نێو كتێبی گینس

كەناڵی ئەلعەرەبییە لە سەر ئەكاوەنتی خۆی لە ئەنستاگرام رایگەیاند، خانمە ئەكتەر و گۆرانیبێژی كۆچكردووی لوبنانی (سەباح) دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر كۆچی دواییدا، ناوی چووە نێو ئینسكلۆپیدیای گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان.

تۆماركردنی ناوی سەباح لە گینس بۆ زۆرترین بەرهەمی هونەریی بووە، دوای ئەوەی زیاتر لە چوار هەزار گۆرانیی پێشكەش كرد و، بەشداریی كرد لە 85 فیلم و 27 شانۆگەریدا، بەمەش دەبێتە خاوەنی زۆرترین بەرهەمی هونەریی جۆراوجۆر لە نێو گشت هونەرمەندانی جیهاندا، ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هونەرمەندێكی لوبنانی كە تەواوی ژیانی خۆی بۆ كاری هونەری تەرخان كردبوو.

شایەنی بیرهێنانەوەیە سەباح لە ساڵی 1927 لە دایكبووە و لە ساڵی 2014 لە تەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، لە تەمەنی خۆیدا لە بەردەم (شا فاروق) پادشای میسر بە زاراوەی لوبنانی گۆرانیی گوتووە، بەر لە كۆچی دواییشی لە دیمانەیەكدا رایگەیاند بوو كە زۆر حەزی لە دەنگی خانمە گۆرانیبێژی میسری (شادیا) كردووە، هەروەها پەیوەندییەكی زۆر بەهێزی لەگەڵ خاتوو (جیهان سادات) هاوسەری سەرۆكی كۆچكردووی میسری (ئەنوەر سادات) دا هەبووە و) چەندین جار چووەتە ماڵیان و خودی ساداتیش یەكێك بوو لەو كەسانەی كە زۆر سەرسام بوو بە جوانییەكەی و، زۆری حەز لە گۆرانییەكانی دەكرد.

سەرچاوە: گولولی

Top