دێكان یاسین: 80%ی خێزانەكان شەرم لە كەمئەندامیی منداڵەكەیان دەكەن و پیشانی خەڵكی نادەن، بەتایبەت ئەگەر كچ بێت

دێكان یاسین:  80%ی خێزانەكان شەرم لە كەمئەندامیی منداڵەكەیان دەكەن و پیشانی خەڵكی نادەن، بەتایبەت ئەگەر كچ بێت

 

 

لەم چەند ساڵەی دواییدا خانمانی كوردستان بە كردەیی بۆ سەلماندنی تواناكانیان و وەستان لەسەر پێی خۆیان، هەنگاوی باشیان ناوە، ئەویش لە ڕێگەی بڕوابەخۆبوون و كاركردنەوە، تاوەكو ببنە خاوەن داهاتی سەربەخۆی خۆیان. دێكان یاسین كچە گەنجێكی نابینایە و بۆ سەلماندنی توانا و دەرخستنی بەهرەكەی، هەر لە منداڵییەوە كاری دەستی دەكات و هاوكات ئافرەتانی نابیناش فێری دەستڕەنگینی دەكات. ئەو دانیشتووی شاری سلێمانییە و ساڵی 1996 لەو شارە لە دایك بووە، دێكان لە ئێستادا قوتابیی قۆناغی دووی كۆلیژی زمانە لە بەشی ئینگلیزی لە زانكۆی سلێمانی و، لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باسی هەوڵ و كۆششە بێسنوورەكانی خۆی بۆ خوێنەران دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«تا تەمەنی چوار ساڵی هیچ كێشەیەكی بینینم نەبووە، لە تەمەنی چوار ساڵی تووشی چاوئێشە دەبم و ئەوكات خێزانەكەم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات چەند دكتۆرێكم پێ دەكەن، بەڵام هیچ چارەسەرێك نەبووە هۆكاری چاكبوونەوەم، لە تەمەنی پێنج ساڵی لە بەغدا نەشتەرگەرییەكم بۆ ئەنجام درا، لە ڕێگەیەوە توانرا وەكو كەمبینایەك ڕووناكییەكی كەم بۆ چاوم بگەڕێننەوە، لە تەمەنی شەش ساڵی خرامە بەر خوێندن، بەڵام منداڵێكی هەراسانكار بووم، كە دایكم دەیگەیاندمە قوتابخانە لە دوای ئەو یەكسەر دەگەڕامەوە ماڵەوە و پێش دایكم لە ماڵەوە بووم، پۆلی یەكم بە شەڕە شەق تەواو كرد، لە خوێندن زۆر زیرەك بووم. دایك و باوكم و خوشك و براكانم زۆر یارمەتیدەرم بوون، توانیم تا پۆلی سێی سەرەتایی بخوێنم و هەر سێ ساڵەكە یەكەمی پۆلەكەم بووم، لە وانەی بیركاری زۆر زیرەك بووم، لە قۆناغی ئامادەیی بیركاریم هیچ نەدەخوێند، لە وەرزی دووەمی پۆلی سێ چاوم تەواو كز بوو و خەتی دەفتەرەكەم نەدەبینی، زۆر زەحمەت بوو منداڵێكی نابینا لەگەڵ قوتابی چاوساغ بخوێنێت، قوتابخانەی تایبەت بە نابیناش لە ماڵی ئێمەوە دوور بوو، بۆیە بە ناچاری وازم لە خوێندن هێنا، كاتێك سەرەتای ساڵ قوتابخانە كرایەوە، هاوڕێ و خوشك و براكانم دەچوونە قوتابخانە من زۆر خەمم دەخوارد و هەمیشە بۆ قوتابخانە دەگریام».

دێكان یاسین لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «دوای تەمەنی 10 ساڵی چاوەكانم بیناییان نەما تەنیا هەستم بە ڕووناكی و تاریكی دەكرد، تا ئێستاش هەروام. لە تەمەنی 12 و 13 ساڵی دایكم و خوشكە گەورەكەم كاری دەستیان دەكرد و جلوبەرگیان لە سوف دەچنی، منیش داوام كرد فێرم بكەن، ئەوانیش فێریان كردم، زۆر باش فێر بووم، تا وام لێ هاتبوو، خۆم مۆدێلاتی تازەم دروست دەكرد و بیرۆكەی تازەم بە دایكم و خوشكەكەم دەدا. یەكێتی نابینایان یارمەتییان دام تاوەكو پیشانگایەك بكەمەوە، یەكەم نابینا بووم پیشانگای كاری دەستیم كردەوە، دوای ئەوە كە ئەزموونم زیاتر بوو، بەردەوام خۆبەخشانە خولی فێركاریم بۆ كچان و ئافرەتانی نابینا دەكردەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش شتێك فێر ببن، لە تەمەنی 16 ساڵی لە ڕێگەی یەكێتی نابینایان دەستم كردەوە بە خوێندن، بە خوێندنی خێرا دەستم پێكرد، واتا بە ساڵێك دوو پۆلم دەبڕی، لە پۆلی حەوتەوە لە قوتابخانەیەكی ئاسایی دەستم بە خوێندن كرد، تەنیا من نابینا بووم لە سەرەتاییەوە تا تەواوكردنی ئامادەیی هەموو ساڵێك یەكەم بووم، ئەوەش بۆ خۆم و بۆ خانەوادەكەم و بۆ قوتابخانەكەشم مایەی شانازی بوو».

دێكان یاسین جگە لەوەی دەستڕەنگینە، هاوكات شارەزاییەكی باشیشی لە بەرنامەكانی مۆبایلدا هەیە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «چەند خولێكم كردووەتەوە، تا نابینایان فێری سیستمی مۆبایل بكەم، بەتایبەت ئەو مۆبایلانەی تایبەتن بە نابینا، هەروەها لەو ماوەیەدا كۆمەڵێك خەڵاتی ڕێزلێنانم وەرگرتووە، چەند ساڵێك پێش ئێستا خەڵاتی چالاكترین گەنجی ساڵم پێ بەخشرا، تاكە كچی نابینا بووم لە كوردستان توانیم بەشداری یادی گۆچانی سپی بكەم، ئێستاش سوپاس بۆ خوا قۆناغی دووی كۆلێژی زمان بەشی ئینگلیزی دەخوێنم لە زانكۆی سلێمانی».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا خێزان و ئەندامانی بنەماڵەت تا چەند هاوكارت بوون؟ دێكان یاسین گوتی: «خێزانەكەم زۆر هاوكارمن، هەر شتێكم پێویست بێت ئەوان زیاد لە توانای خۆیان هەوڵم بۆ دەدەن و یارمەتیم دەدەن و هەمیشە پاڵپشتیم دەكەن، ئەوان زۆر شانازی بەوە دەكەن كە وێڕای نابیناییم سەركەوتووم».

دێكان یاسین ئەوە ناشارێتەوە كە بۆ ڕاهاتنی خۆی و خێزانەكەی بە نابیناییەكەی خۆی ئاریشەی زۆر بووە. «سەرەتای نەخۆشییەكەم دایكم و باوكم زۆر بێتاقەت بوون و بە جارێك ڕووخان، بەڵام وردە وردە بەپێی تێپەڕبوونی كات و دوای ئەوەی زانیان كە نابینا بوونم لە بەردەم خواستەكانم ڕێگر نییە، دۆخەكە بەلایانەوە ئاسایی بووەوە، دایكم لە تەمەنێكی زوودا فێری كاروباری ماڵەوەی كردم بۆ ئەوەی بتوانم پشت بەخۆم ببەستم».

ئەو خاتوونە لە كۆتایی قسەكانیدا بەم جۆرە باس لە گرنگیی ئیرادە بۆ سەركەوتن دەكات و دەڵێت: «ئەگەر مرۆڤ متمانەی بە خۆی نەبێت، هیچ كاتێك سەركەوتوو نابێت، تاكە شتیش كە بۆ سەركەوتن پێویست بێت ئیرادەیە، ئەگەر بڕوابەخۆبوون هەبێت، ئیرادەش دروست دەبێت، بە هۆی بڕوابەخۆبوونم هەر شتێكم ویستبێت بە دەستم هێناوە، من هەمیشە دەڵێم ڕاستە چاومان نییە، بەڵام عەقڵمان هەیە و دەتوانین بیر بكەینەوە، ئێمە كەمئەندامین، بەڵام زیاد بیرین. بەداخەوە كە خاوەنپێداویستیی تایبەت گۆشەگیر بوو، یەكەمجار خەتای خودی خۆمانە كە خۆمان داماو و بێ توانا كردووە، دووەم جاریش خەتای خێزانەكانمانە كە پاڵپشت نین بۆ تێكەڵبوونمان بە كۆمەڵگە، 80%ی خێزانەكان شەرم لە كەمئەندامیی منداڵەكەیان دەكەن و پیشانی خەڵكی نادەن، بەتایبەت ئەگەر كەمئەندامەكە كچ بێت، من خێزانی وا دەناسم كە میوانیان دێت، منداڵە كەمئەندامەكەیان دەشارنەوە، لەلایەكی دیكەوە ئێمەی كەمئەندام لەلایەن كۆمەڵگەوە تانەمان لێ دەدرێت، خەڵك بە چاوی بەزەیی سەیرمان دەكەن و ڕاستەوخۆ پێمان دەڵێن: ئێوە كوێرن بۆ دێنە درەوە؟ لەو حاڵەتانەدا كەمئەندام تەریق دەبێتەوە، لێرەوە داوا لە هەموو ئەوانە دەكەم كە بە هەڵسوكەوتی خراپیان ئەو كەسانە نەڕووخێن و ئێمە و كەسانی وەك ئێمەش نابێت تەسلیمی ئەو جۆرە ڕەفتارانە بین، پێویستە لە ڕێگەی تواناكانمان و سەركەوتنەكانمان و متمانە بەخۆبوونمان خۆمان بۆ كۆمەڵگە بسەلمێنین، بۆ ئەوەی تێكڕای تاكەكانی كۆمەڵگە بە شێوەیەكی ئاسایی لە ئێمەی كەمەمئەندامان بڕوانن».

 

Top