سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌ياندا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و خاتوو كريستينه ‌لامبرێشت وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا هاوڕا بوون كه‌ شه‌ڕى دژى داعش هێشتا كۆتايى نه‌هاتووه‌ و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر له‌ ناوچه‌كه‌، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌ورووپا و ڕۆژئاواشن.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2022/1/9 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو كريستينه ‌لامبرێشت وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا به‌ ياوه‌ريى سه‌رۆكى ليژنه‌ى به‌رگريى له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا و شاندێكى سه‌ربازى و ديپلۆماسى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاوبه‌شى و هاريكاريى نێوانيان، دوايين پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش، پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌ركى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌ عيراق و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى خۆى و حكوومه‌تى نوێى ئه‌ڵمانيا و ساڵى تازه‌ى له‌ خاتوو لامبرێشت و له‌ هێزه‌كانى ئه‌ڵمانيا كرد و سه‌ردانه‌كه‌ى له‌م قۆناغه‌ هه‌ستياره‌ى عيراقدا به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ پشتگيريكردنى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا، جه‌ختى له‌وه‌ش‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى داعش كۆتايى نه‌هاتووه‌ و نه‌هێشتنى تيرۆر ته‌نيا له‌ رێى سه‌ربازييه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكوو هه‌نگاوى سياسيشى پێويسته‌.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها سوپاسى گه‌ل و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و ڕۆڵ و ئاماده‌ييى ئه‌ڵمانياى له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ پشتگيريى سياسى و سه‌ربازى و مرۆيى و هاريكارى و په‌ره‌پێدان، به‌تايبه‌تى يارمه‌تيى مرۆيى بۆ لێقه‌وماوان و قوربانييانى شه‌ڕ له‌ هه‌ردوو پێكهاته‌كانى ئێزدى و كريستيان.

لاى خۆيه‌وه‌ خاتوو ‌لامبرێشت وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، گه‌شبينيى خۆى به‌ داهاتووى‌ كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاس و پێزانينى ئه‌ڵمانياى بۆ ڕۆڵ و قوربانييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعشدا، دووپات كرده‌وه‌.

دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، جموجۆڵى داعش له‌ سووريا، ڕه‌وشى كه‌مپى ئه‌لهۆڵ و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌ورێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.

Top