مەلا موزەفەر سورچی: ئایینی ئیسلام هەڵگری پەیامی ئاشتی و لێبووردەیی و ئارامگرتنە دژی هەموو توندوتیژی و خوێنڕێژییەكە بەتایبەتی خۆكوشتن

مەلا موزەفەر سورچی: ئایینی ئیسلام هەڵگری پەیامی ئاشتی و لێبووردەیی و ئارامگرتنە دژی هەموو توندوتیژی و خوێنڕێژییەكە بەتایبەتی خۆكوشتن

 

گەورەترین تاوان لە دوای شیرك و هاوەڵدانان بۆ خوای پەروەردگار كوشتنی نەفسێكە كە لەلایەن خوداوە پێمان دراوە و زانایان بە دووەم گەورەترین تاوان لە ئیسلامدا هەژماریان كردووە، ئیسلام كە ئایینی ئاشتی و لێبووردەییە بە توندترین شێوە دژی هەموو توندوتیژی و خوێنڕێژییەكە بەتایبەت خۆكوشتن، كەچی لەبەر دووربوونمان و پابەندنەبوونمان بە ئایینەوە، ئەمڕۆ زۆرترین خۆكوشتن و توندوتیژی لەناو موسڵمانان ئەنجام دەدرێت، بە ڕاستی دیاردەی خۆكوشتن هەم لەناو موسڵمانان، هەمیش لە ناو میللەتی كورد دیاردەیەكی نامۆ بوو بەم میللەتە، كاتی خۆی زیاتر لە ناو چینی ئافرەت ڕووی دەدا، بەڵام ئێستا خەریكە پیاوان لە ڕێزبەندی یەكەمن لە خۆكوشتن، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەكمان هەوڵ بدەین بۆ كەمكردنەوەی ئەم تاوانە مەترسیدارە و پێویستە بزانین هەموو ئەو تاوانی خۆكوشتن و خوێنڕێژییانەی ئەمڕۆ موسڵمانان ئەنجامی دەدەن، شەرعی و ڕێگا پێدراو نییە لە ئاییندا، جا ئەوەی زۆر جێگای داخە خۆكوشتن لەسەر شتی بچووك و كەم نرخ بووە بە دیاردە لە ناوماندا، وەك خۆكوشتن لەسەر دەرنەچوون لە خوێندن، یان قەرزاری، یان كێشەی كۆمەڵایەتی و...هتد، وای لێهاتووە لە كەمترین حاڵەتدا پەنا بۆ خۆكوشتن ببەن.

خۆكوشتن یەكێكە لە تاوانە هەرە گەورەكان و خوای گەورە دەفەرموێ: (وَلَا تَقْتُلُوا أَنْفُسَكُمْ إِنَّ اللَّهَ كَانَ بِكُمْ رِحِيمًا) خۆتان مەكوژن بە دەستی خۆتان، خوای گەورە بە بەزەیی و میهرەبانە لەگەڵتان، پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرموێ: (من قتل نفسه بشيءٍ في الدنيا عُذِّب به يوم القيامة) واتا مرۆڤ بە چ شتێك لە دونیا خۆی «انتحار» بكات، لە ئاگری دۆزەخ بەو شێوەیە و بەوشتە سزا دەدرێت. بۆ نموونە: كەسێك لە بەرزاییەك خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، لە ئاگری دۆزەخ سەكۆیەكی بڵندی بۆ دادەنێن و بەم شێوازە خۆی دەكوژێتەوە.

ئیسلام بۆ چارەسەری خۆكوشتن ئومێدی داناوە و، مروڤەكان دەبێت ئومێدیان بە ژیان هەبێت، بۆ نموونە پێغەمبەری(د.خ) خوا دەفەرموێ: (ئەگەر لە دەستی ئێوەدا نەمامێك، دارێك بوو بۆ چاندن، زانیتان قیامەت داهات، ئەو دارە بچێنن)، ئەوە ئەو پەڕی ئومێد و هیوایە بە ژیان، بۆ نەهێشتنی خۆكوشتن پێویستمان بە دروستكردنی هیوا و ئومێدە لای تاك، بێ ئومێدبوون مرۆڤ دووچاری شكەست و بێهێزی و لەنێوچوون و تیاچوون و خۆسووتاندن و خۆكوشتن دەكات. ئازایەتی لەوەدایە مرۆڤ لە پێناو هیوا و ئەمانجەكانی بەردەوامی بە ژیان بدا، بێهێزی لەوە دایە مرۆڤ خۆی لە نێو بەرێ و بەردەوامی بە ژیان نەدات، بۆ ئەوەی ترووسكەی هیوامان درەوشاوە بێت، پێویستە خاڵێك ڕەچاو بكەین كە مرۆڤ نابێت بێ ئومێد بێت لە میهرەبانیی خوای پەروەردگار: (قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَىٰ أَنْفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِنْ رِحْمَةِ اللَّهِ ۚ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا ۚ إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيم). ئەی پێغەمبەر (صلي الله عليه وسلم). واتە، بەو بەندانەم بڵێ كە زیادەڕۆییان كردووە لە تاوان و سەرپێچیدا، بێ ئــومێد نەبن لە ڕەحمەتی خوا، بەدڵنیاییەوە خوای گەورە لە هەموو تاوانێك خۆش دەبێت، (ئەمە ئومێدبەخشترین ئایەتە لە كتابی خوای گەورە، و سەحابە زۆر دڵیان پێ خۆش بووە.)

چارەسەری بێ ئومێدی

پێویستە بزانین دونیا بۆ تاقیكردنەوە و بەڵا و ناخۆشی دانراوە، بۆیە پێویستە كەسی ژیر و تێگەیشتوو نەفس و دەروونی خۆی نیشتەجێ بكات لە سەر ئارامگرتن.

پێغەمبەری خوا لە ئامۆژگاری بۆ عەبدوڵڵا كوڕی عەباس فەرمووی:(وَاعْلَمْ أَنَّ فِي الصَّبْرِ عَلَىٰ مَاتَكْرَهُ خَيْرًا كَثِيرًا، وَأَنَّ النَّصْرَ مَعَ الصَّبْرِ، وَأَنَّ الْفَرَجَ مَعَ الْكَرْبِ، وَأَنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا)، واتە بزانە لە ئارامگرتن و خۆڕاگرتن لە سەر ئەوەی بەسەرت دێت و پێت ناخۆشە، خێر و چاكەی زۆری تیایە، بێگومان سەركەوتن لە هەموو كارێك لەگەڵ خۆڕاگرتندا بە یەكەوە بەستراون، هەروەها دەرچوون لە ناخۆشی هەر لەگەڵ ناخۆشیدایە و بۆت دەبێ، هەموو كارێكی سەختیش ئاسانییەكی لەگەڵدایە وناخۆشی لادەبا.

ئیمامی عومەر (ڕ.خ) دەیفەرموو باشترین ژیانمان لە خۆڕاگریدا دۆزییەوە.

ژیان ژانە، ژانیش سەرەتای ژیانە، مرۆڤ هەر سەرەتا ژیانی بە ژانی دایكی دەست پێ دەكا، دواتر چەندین ژان لە ژیانی خۆی دەبینێ، بەڵام هەر لەگەڵ ژاندا ژیان هەیە، چۆن كرێكارێك بە ژانی دەستی خۆی ژیانی خۆی و خێزانی دابین دەكا. ئەوەش بزانە هەموو شتێك لە ژێر توانایی خوای گەورەدایە ( وَإِنْ يَمْسَسْكَ اللَّهُ بِضُرٍّ فَلَا كَاشِفَ لَهُ إِلَّا هُوَ ۖ وَإِنْ يَمْسَسْكَ بِخَيْرٍ فَهُوَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ)نەهێشتنی بێكاری و فەراغ زۆر گرینگە، ئەویش بەوە چارەسەر دەكرێ: دروستكردنی هەلی كار و چەسپاندنی دادپەروەری لە نێوان كۆمەڵگە، بە جۆرێك كە كەس هەست بەوە نەكات كە هاووڵاتیی ڕێزلێگیراو نییە، واتە جیاوازییان لەگەڵ نەكرێت و بە دادپەروەری یاسایان لە نێوان جێبەجێ بكرێ. خوای گەورە دەفەرموێ: (إِنَّ ٱللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَن تُؤَدُّواْ ٱلْأَمَٰنَٰتِ إِلَىٰٓ أَهْلِهَا وَإِذَا حَكَمْتُم بَيْنَ ٱلنَّاسِ أَن تَحْكُمُواْ بِٱلْعَدْلِ) لە كۆتاییدا دەڵێین خۆكوشتن هیچ كاتێك چارەسەری كێشەكان ناكات، بە ئارامیگرتن و هەوڵدان و ئومێد، كێشەكان چارەسەر دەبن، بۆیە بە خۆكوشتن دونیا و دواڕۆژت لە دەست دەدەی، خوای گەورە هەموو لایەك لە دڵتەنگی بە دوور بگرێت و چارەسەری كێشەی كێشەدارانمان بكات.

 

Top