عێراق و كوردستان 41 ملیۆن كەسی تێپەڕاند

عێراق و كوردستان 41 ملیۆن كەسی تێپەڕاند

هەرچەندە حكومەتی عێراق لە ئەنجامدانی سەرژمێری شكستی هێناوە بەڵام وەزارەتی پلاندانی عێراق ژمارەی دانیشتوانی بۆ ساڵی 2021 بەپێی خەمڵاندنێك راگەیاند كە 41 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە. هەرێمی كوردستانیش بەهاوشێوەی عێراق سەرقاڵی خەمڵاندنێكە بەپێی چەند پێوەرێك كە پشتی پێ دەبەسترێت و بەهاوكاری سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نیشتەجێكردن. ئەو پێوەرانەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پشتی پێ بەستووە بەپێی رێژەی گەشەی ساڵانەی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بووە كە وای مەزەندە كردووە ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە گەیشتۆتە 41 ملیۆن و 190 هەزارو 658 كەس و نزیكەی 21 ملیۆن كەسی نێر كە دەكاتە 51% كۆی ژمارەی دانیشتووان و زیاتر لە 20 ملیۆن كەسی دیكەش لەرەگەزی مێ واتا لە 49%ی ژمارەی دانیشتوانی عێراق. هەروەها ژمارەی دانیشتوانی بەغدای بە 8 ملیۆن و 780 هەزار و 422 كەس داناوە واتا رێژەب لە 21.3% سەرجەم دانیشتوانی عێراق و پارێزگای موسەنناشی بەكەمترین ژمارە داناو كە 880 هەزار كەس دەبێت و دەكاتە لە 2.1%ی كۆی ژمارەی دانیشتوانی عێراق .
لەم خەمڵاندنەدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەوەی لەبیر كردووە كەژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەو پەناهەندە ئەوەندە زیاد بووە كە هەندێك سەرچاوە بەنزیكەی 7 ملیۆن كەسی دادەنێت.

Top