دڵشاد میران چاودێری سیاسی بۆ گوڵان:   كورد لە بەرامبەر بژاردەی (خراپ و خراپتر)دا، دەبێت لە هەموو كات زیاتر یەكهەڵوێست بێت

دڵشاد میران  چاودێری سیاسی بۆ گوڵان:     كورد لە بەرامبەر بژاردەی  (خراپ و خراپتر)دا،  دەبێت لە هەموو كات زیاتر یەكهەڵوێست بێت

 

پاراستنی ماف و دەستكەوتە كوردستانییەكان و بەهێزكردنی پێگەی كورد لە وڵاتێكی ناسەقامگیر و پڕ لە كێشمەكێشی مەزهەبی كارێكی وا ئاسان نییە، بۆیە كورد لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی هەیە. سەبارەت بەم پرسە چەند پرسیارێكمان لە دڵشاد میران چاودێری سیاسی كرد، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

* تا چەند لە ناو گەمە سیاسییەكەی نێوماڵی شیعە و گێژاوی پاشاگەردانیی سیاسی لە عێراقدا یەكلاكردنەوەی كەسایەتییەك بۆ سەرۆك وەزیران نزیكە؟

- قسەكردن لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لە بارودۆخێكی سیاسیی وەكو عێراقدا كارێكی ئاسان نییە، چونكە وێڕای ئەوەی ئەم بابەتە بە یەكێك لە تەحەدداكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی دادەنرێت، بەتایبەتی لە ناو گێژاوی ناتەبایی نێوماڵی شیعە و لە نێوان سەدر و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەدا، ڕەوتی سیاسەت لە بەغدا ناڕوونی و نادیارییەكی زۆری پێوە دیارە، گۆڕانكاریی زۆر لەناو دەنگی حزب و لایەنە سیاسییەكان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا ڕووی داوە، بۆ نموونە جاران هاوپەیمانێتی «تەقەدوم» لە ناو سوننەكاندا ژمارەیەكی زۆری كورسی هەبوو، ئێستا هاوسەنگییەكە بەلای «عەزم»دا شكاوەتەوە، لەناو شیعەكانیشدا 30 بۆ 40 پەرلەمانتاری بێلایەن بوونیان هەیە و باس لەوە دەكرێت نووری مالیكی لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكاندا دەنگێكی زۆری كۆكردووەتەوە، سەدریش لە شەقامدا جگە لە زۆریی كورسییەكانی دەنگ و جەماوەر و پێگەیەكی خۆی هەیە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەكرێت شرۆڤەی بارودۆخە سیاسییەكە بكەین، وەكو ئاشكرایە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەندێك مەسەلەی نەگۆڕ هەیە، ئەوەش وەكو عورفێكی سیاسی لێ هاتووە و گۆڕانكاریی تێیدا ئاستەمە، لەوانە: دامەزراندنی حكومەتی نوێی عێراق بە تەوافوقی نێوان هەر سێ پێكهاتەكە و یەكلاكردنەوەی هەرسێ پۆستەكە لە نێوان شیعە و كورد و سوننەدا. بۆ نموونە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، ڕاستە تا ڕاددەیەك پرس و ڕا بە هەردوو پێكهاتەكەی دیكەی سوننە و كورد دەكرێت، بەڵام دواجار ئەو كەسایەتییەی دادەنرێت، كەسایەتییەكی ئیسلامی سیاسیی شیعە دەبێت. هەروەها زۆربەری جار ئاراستەی سیاسەت لە عێراقدا پەیوەندی بە دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكاشەوە هەیە، چونكە هێز و گرووپ و حزبێكی زۆر هەیە لە نێوخۆی عێراقدا سەر بە ئێرانن و بەپێی خواست و ویستی ئەوان جووڵە دەكەن. ئەم پەسەندكردنەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تەنیا سەرەتای ڕێگای دانوستانەكانە بۆ دامەزراندنی حكومەتی نوێی عێراق و یەكلاكردنەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە. ڕاستە هەموو ئەگەرەكان لە بارودۆخێكی پڕ لە كێشمەكێش و ئاڵۆزی عێراقدان، بەڵام من پێم وا نییە لە سەر فاكتەرە نەگۆڕەكان هیچ شتێكی وا گرنگ و گەورە ڕوو بدات. هەر خۆی لە خۆیدا مەسەلەی دامەزراندنی حكومەتێكی زۆرینە بە ناوی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی واتا حكومەتێكی شكستخواردووە، دواجار هەر دەبێت هێزە سەرەكییەكانی شیعە و كورد و سوننە حكومەتێكی تەوافوقی دابمەزرێنن و هەمووان ڕێكبكەون، چونكە ڕەوتی سەدریش بە تەنیا ناتوانێت سەركەوتوو بێت، بە پشتگوێخستنی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، كە بە هەمان شێوەی سەدر خاوەنی هێزێكی میلیشیاتی حەشدن و ئیرادەی خۆیان بە سەر حكومەت و دامەزراوەكانیدا فەرز كردووە، یان لە دەركردنی بەیان و لێدوانەكاندا ڕەچاوی خواست و ویستی پێكهاتەی كورد و سوننە ناكەن. كەواتە ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات، پەیوەندی بە هێزی جەماوەری، یان ژمارەی كورسیی هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە پێگەی هێزی چەكدارەوە هەیە، كە هێزێكن لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەت لەسەر خاك بوونیان هەیە و، چەك و توانایەكی سەربازیی باشیان لەبەردەستدایە، پشتگوێخستنیان، یان بوونیان لە دەرەوەی دەسەڵات مەترسی دەبێت لە سەر مانەوەیان، بۆیە شەڕێكی مان و نەمان دەكەن بۆ شكستهێنانی حكومەت و بەوەش ئەگەرەكانی پێكدادان و دروستكردنی نائارامی زیاتر دەبێت، خۆ ئەگەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە حكومەتێك پێك بهێنن و سەدر لە دەرەوەی ئەو حكومەتە بێت، كە جەماوەرێكی زۆری هەیە، ئەوا هەموو پێشبینییەكان بەرەو ئەوە دەچێت، حكومەتی نوێ ئەگەر لەدایكیش بێت، لەماوەی ساڵێكدا كۆتایی دێت.

لەم تەنگژە و ناڕوونییەدا هەمووان دەزانن مەرجەعی شیعە و كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریكا سێ لایەنی سەرەكیی هێوركردنەوەی بارودۆخەكەن، بەتایبەتی كە دانوستانەكان و گفتوگۆكانی ئەمریكا و وڵاتە زلهێزەكان لەگەڵ ئێران بەرەو ئەوە دەچێت كە لە بەرژەوەندیی نە ئێران و نە ئەمریكادایە بارودۆخەكە بەرەو توندوتیژی بچێت، هەرچی مەرجەعی شیعەكانیشە بەردەوام جەخت لەسەر خێرا دامەزراندنی حكومەتێك دەكاتەوە كە گرفت و كێشەكانی خەڵكی تێدا چارەسەر بێت.

* لەناو ئەم گێژاوەی ململانێی نێوماڵی شیعە و یەكلاكردنەوەی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، تاچەند ئەوەیان لەبیر كردووە كە عێراق لە بەردەم مەترسی و تەحەددای سیاسی و ئەمنی و ئابووریدایە، كە هەموویان ڕێگرن لە بەردەم ئەوەی عێراق ببێتە دەوڵەتێكی هاوچەرخ؟ ئەمە تاچەند كاریگەریی لەسەر شكستی ئەو دەوڵەتە هەیە كە هەمووان چاوەڕوانی ڕاگەیاندنین؟

- ململانێ و ناكۆكیی سیاسی و حزبی و مەزهەبی لە نێو عێراقیەكاندا بووەتە نەریتێكی باو و بەردەوام، هەر ئەمەشە وایكردووە عێراق نەبێتە دەوڵەتێكی هاوچەرخ و خۆپیشاندانەكانی لێكەوتەوە و بووە هۆی دەست لەكاركێشانەوەی حكومەت و دامەزرانی حكومەتێكی كاربەڕێكەر و دواتر هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، هەرچۆنێك بێت، لە ئێستادا ئەم واقیعە نەگۆڕاوە و ئەوەتا عێراقییەكان بەتایبەتی حزبە شیعەكان ئەوەندەی سەرقاڵی دامەزراندنی حكومەتی نوێی عێراق و دروستكردنی كوتلەیەكی بەهێزن، ئەوەندە خۆیان سەرقاڵی ئەو تەحەددایانە نەكردووە كە ڕووبەڕووی حكومەتی نوێ دەبێتەوە، بەتایبەتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیكرۆن و خراپیی بارودۆخی خزمەتگوزاری و گرانی و ئەگەری دابەزینی بەهای نەوت و دواكەوتن لە بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش، یان باڵادەستیی گرووپە چەكدارەكان كە مەترسییەكانیان هیچی لەداعش كەمتر نییە، ئەمە لە كاتێكدا هاووڵاتیانی عێراق بەتایبەتی گەنجانی ناڕازی چاوەڕوانی حكومەتێكی نیشتمانین كە بە لانی كەمەوە داخوازییەكانی ئەوان لە دەستەبەركردنی كار و باشكردنی بارودۆخی ژیان و كەمكردنەوەی نرخی هەڵاوسان و كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەكان چارەسەر بكات، خۆ ئەگەر باسی دۆخی تەندروستی و پەروەردە بكەین، ئەوە سەیر نییە كە بەراورد بە سی ساڵی ڕابردوو ئەم دوو سێكتەرە زۆر بۆ دواوە گەڕاوەتەوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرت و لێكۆڵینەوە زانستییانەی لەسەر ئاو و وشكەساڵی كراون، عێراقییەكان لە بەردەم مەترسیی گەورەدان، ئەوەتا حكومەتی ئێران كە خۆی بە دۆستی لایەنە شیعەكان دەزانێت، كەچی كاری لەسەر سەرچاوەی كارێز و ڕووبارە گچكەكانیش كردووە و ڕێڕەوەكانی گۆڕیون یان بەنداوی گەورەی لەسەر دروست كردوون، هیچ حیسابێكی بۆ دراوسێتی و یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەكانیش نەكردووە، توركیاش بە هەمان شێوە گەورەترین بەنداوەكانی لەسەر ڕووباری دیجلە دروست كردووە، حكومەتی نوێی عێراق پرسی وشكەساڵی و ئاو و خراپیی بارودۆخی تەندروستی و پەروەردە و دەستەبەركردنی هەلی كار و باشكردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان لە گەورەترین تەحەدداكانی بەردەم حوكمڕانی ئەم چوار ساڵەی داهاتووی دەبێت.

* دواجار لەناو ئەم كێشمەكێش و ململانێ توندەی نێوماڵی شیعەكان ئەوەی بۆ ئێمەی كورد گرنگە بەدەستهێنانی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانێتی، لەناو هەموو ئەم گرژی و ناتەباییەی شیعەكاندا كورد لە كوێی ئەم هاوكێشەیەدایە؟

- پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هێزێكی سەرەكیی عێراق و كوردستانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش وەكو هێزی دووەم، ئەم دوو هێزە سەرەكییە دەبێت پێكەوە ڕۆڵی گرنگیان هەبێت لە دامەزراندنی حكومەتی نوێی عێراق، پۆستی سەرۆك وەزیران كە پۆستێكی گرنگە نابێت ئەم دوو لایەنە ئەم پرسە گرنگە بە تەواوەتی بەجێی بهێڵن بۆ لایەنە شیعەكان، واتا گەورەترین و بەهێزترین پۆستی جێبەجێكاری عێراق بەجێدەهێڵن بێ ئەوەی ئەمان ڕۆڵیان تێدا هەبێت و دواتر كاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان نابێت. پارتی و یەكێتی لە بەغدا كەی تەبا و یەكدەنگ بوون، كورد پێگەیەكی بەهێزو كاریگەریی دەبێت، ئەوەتا سوننەكان لە ئێستادا یەكڕیزیی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەتایبەتی لە نێوان هاوپەیمانێتی عەزم و تەقەدوم، بۆیە دەبێت ئێمەش بەو شێوازە بچینە بەغدا، چونكە دواجار ئەوە كوردە بە هەموو هێز و حزبە سیاسییەكانیەوە دەكەونە بەردەم گفتوگۆكانی حكومەتێك كە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای لەلایە، من هەرگیز باوەڕ ناكەم حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو بەشە كەمەی 200 ملیار دینارەی مانگانە بەغدا دەینێرێت، بتوانێت ئەو هەموو خەرجی و پێداویستییانەی خۆی دابین بكات، هەرچەندە تا حكومەتی نوێی عێراق دادەمەزرێت و بودجەی نوێی 2022 پەسەند دەكرێت، ئەو بەشە كەمەی بودجەی هەرێم لە بەغداوە هەر دێت، بەڵام دواجار ئەگەر كورد یەكگرتوو نەبێت و، هەمووان بە یەك دەنگ لە بەغدا داكۆكی لە مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان نەكەن، توانایەكی ئەوەندە بەهێزمان نابێت، ئەم مەسەلەیە یەكلا بكەینەوە و هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان چارەسەر بكەین.

بەشێوەیەكی گشتی تا ئەم ساتە كورد دوو بژاردەی لە بەردەمدایە: یەكەمیان ڕێككەوتنە لەگەل ڕەوتی سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەت، یان بژاردەی دووەم لەگەڵ بەرەكەی دیكە ڕێكبكەوێت كە بریتییە لە كوتلەی مالیكی وفەتح و هاوپەیمانەكانیان. یەكەمیان كورد ناتوانێ متمانەی پێ بكات، بە هۆی ئەوەی سەركردەكەی كە موقتەدا سەدرە لە هەر ساتێكدا ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت، واتە بۆچوونەكانی ڕوون و چەسپاو نین، یەك شت تا ئێستا ڕوونە، دەیەوێ خۆی بكات بە مەرجەعی سیاسیی عەقائیدی شیعە و لە پشت پەردەوە حكومەت بەڕێوە ببات، بە پێی هەوەس و عەقیدەی خۆی. دووەمیان هەموومان دەیانناسین، ئەوەی خراپە و لە دەستیان هاتبێ دژ بە كورد كردوویانە، هەر لە بودجە بڕین و هێز بەكارهێنان و پشتگوێخستنی دەستوور و .. هەتا دوایی، هەردووكیشیان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو هۆكاری سەرەكی بوون لە گەیاندنی عێراق بەم بارودۆخە خراپ و نالەبارەی ئێستای، بەمەش دوو بژاردە بەرامبەر كورد هەیە (خراپ و خراپتر). هەرچۆنێك بێت وەكو ئاماژەم پێ دا، یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی كورد لە بەغدا ڕەنگ بێ لەم قۆناغەدا لە هەموو كاتێكدا زێتر پێویست بێت.

Top