پاشای سعودیە داوا لە ئێران دەكات کۆتایی بەسیاسەتی دوژمنكارانە و ناسەقامگیری بهێنێت
شا سەلمان لەوتارێکی ساڵانەیدا لەبەردەم ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی سعودیە هیوای خواست حکوومەتی ئێران کۆتایی بە سیاسەتە ناسەقامگیر و دوژمنكارانەی لە ناوچەکەدا بهێنێت و ڕێگەی دیالۆگ و هاوکاری بگرێتەبەر .
پاشای سعودیە نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هاوکاری نەكردنی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکەکانی.
لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی گوت: ئێران وڵاتێکی دراوسێی عەرەبستانی سعودییە و بە نیگەرانییەوە سەیری سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران دەكەین لە ناوچەکەدا.
پاشای سعودیە، گوتیشی: حكومەتی ئێران بە پشتگیریكردنی تائیفەی چەكداری و حیزبوڵا، دەسەڵاتی سەربازیی خۆی لە ناوچەكەدا فراوانتر دەكات.
پاشای سعودیە لە لێدوانەکەیدا ڕەخنەی لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی حیزبوڵا لە لوبنان گرت کە هاوپەیمانی سەرەکی ڕژێمی ئێرانە و داوای لە سەرکردەکانی لوبنان کرد، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی خەڵی لوبنان کۆتایی بە دەسەڵاتی تیرۆریستانی حیزبوڵا بهێنن.
پاشان پاشای سعودیە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو وڵاتە بەنیازە کۆتایی بەجەنگی یەمەن بهێنێت و چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە بدۆزێتەوە.
سەلمان پاشا ، پشتیوانی سەربازیی سوپای پاسداران و حزبوڵای بۆ حوسییەکانی یەمەن ئیدانەکرد و ڕایگەیاند: بەکارهێنانی مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێفڕۆكەوانی لەلایەن حوسییەكان لە دژی دەزگا گرنگەکانی سعودییە و دانیشتوانی مەدەنی نیشانەیەكی ڕوونە بۆ پشتگیریی ئێران.
گوڵان: سەردار خەلیل