لە پێناوی دیموكراتی، جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سەروەریی یاسادا ئێمە پێویستمان بە ڕیفۆرمێكی یاسایی مرۆیی هەیە

لە پێناوی دیموكراتی، جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سەروەریی یاسادا  ئێمە پێویستمان بە ڕیفۆرمێكی یاسایی مرۆیی هەیە

 

 

« یاسا» بە شێوەیەكی گشتی لۆژیكی مرۆڤایەتییە

 

مونتیسكۆ (1689-1755) لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا: ڕۆحی یاساكان 1748

 

 

 

 پێشەكی

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا كە ڕۆژی 8ی كانوونی یەكەمی 2021 لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی دادگای تەمیز و سەرۆكی ئەنجومەنی داداوەری پێشكەشی كرد، جەختی لە سەر خاڵگەلێك كردەوە دەربارەی كاروانی هەرێم بەرەو سەقامگیری و حوكمی قانوون و ڕێكخستنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەكان و كۆمەڵێك پرسی گرنگ و هەستیاری فیكری (یاسایی) پراكتیكی ورووژاند، كە ئەمانە گرنگترینیانن:

1- پێكەوە گرێدانەوەی دیموكراتی و پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و چۆنیەتی جێبەجێكردنی لە هەرێمی كوردستاندا.

2- بە دامەزراوەییكردنی ئەزموونی حوكمڕانیی هەرێم.

3- جەختكردنەوە لەسەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و ئەو لق و پۆپانەی بۆ سەربەخۆیی دادەوەری لێی دەبێتەوە.

4- ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی دادوەری لەلایەن دەسەڵاتەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانەوە.

5- سەروەریی یاسا لە هەرێمدا وەك پێویستییەك بۆ چەسپاندنی دیموكراتی و پێشكەوتنی ئابووری.

6- ڕۆشنبیری بناخەیە بۆ سەروەریی یاسا.

7- ددانپێدانان بە پرەنسیپی یەكسانی لە بەردەم یاسادا.

8- ڕەچاوكردنی پرەنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ لە دادگاكاندا.

9- هاریكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری فیدڕاڵی و دادگای باڵای فیدڕاڵی.

 دەوڵەتی یاسا (Rechtsstaat)

بە هەڵوەستەكردن لەسەر ئەو پرەنسیپانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ كردن، دەتوانین بڵێین: ئەو پرەنسیپانە ڕەنگدانەوەی پرەنسیپە گەوهەرییەكانە بۆ (دەوڵەتی یاسا – Rechsstaat)، كەواتە پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئەو دەوڵەتە كامەیە؟ سرووشتی چۆنە؟ ئایا لایەنە ئیجابییەكانی چین كەوا سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیان لەسەر دەكاتەوە؟

لە ساڵی 1962 دادگای باڵای دەستووری ئەڵمانیای فیدڕاڵی ئەوەی ڕوون كردووەتەوە كە دەوڵەتی یاسا پشت بەم پرەنسیپە گەوهەرییانە دەبەستێت كە گرنگترینیان بریتین لە:

1- ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و گرنگترینیان مافی ژیان.

2- پێشكەوتنی ئازادانەی كۆمەڵگە و هاووڵاتیان.

3- سەروەریی گەل.

4- جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان.

5- بەرپرسیاریەتیی حكومەت.

6- سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.

7- فرەیی حزبی.

8- دابینكردنی هەلی یەكسان لەسەر بنەمایەكی بونیادی و پیادەكردنی مافی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەر حزبێكی سیاسی بە پێی دەستوور.

سەرباری ئەمانەش، (دەوڵەتی یاسا) سیفەتێكی پێكەوەلكێنراویشی هەیە كە ئەویش سیفەتی دیموكراتییە، ئەمەش وەك دوو شتی پێكەوە گرێدراوی تەواوكاری یەكتری و لە بەر ڕۆشنایی پرەنسیپە باڵاكانی كەرامەتی مرۆیی تەفسیر دەكرێن.

بناخەی ئەم دەوڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ چەمكێكی دێرین كە دەڵێت: «حوكمی یاسا باشترە لە حوكمی كەسەكان كە پێویستە لە سەریان پاسەوان و خزمەتكاری یاسا بن»، ئەم چەمكەش سەرچاوەیەكە بۆ دەركەوتنی ئەو فیكرانەی كە پەیوەندیدارن بە كۆمەڵگەی ئازاد و حكومەتی مەدەنی و پشتبەستوو بە ڕازیبوونی هاووڵاتیانەوە. لای ماكس ڤیبەر «دەوڵەتی یاسا واتە ئاستیكی بەرز لە ئەقڵانییەتی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و پلەیەكی باڵای گەرەنتی یاسایی»، لە تێگەیشتنی هابرماس-یش «دەرهێنانی بواری كۆمەڵایەتیی تایبەت و تاكی لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتی و دەسەڵاتەكانی دەوڵەتی یاسایی دەبێتە هۆكاری دامەزراندنی پەیوەندییەكی نادادپەروەرانە و نائەقڵانی لە ناو ئەو دەوڵەتەدا».

لە چوارچێوەی ئەم تێگەیشتنە بۆ دەوڵەتی یاسا و سەروەریی یاسا لە ناویدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت: «ئامانجی ئێمە ئەوەیە سیستەمێكی دیموكراسی بنیات بنێین، كە لەگەڵ هاووڵاتیاندا بە نەرمونیانی مامەڵە بكات، بەڵام سیستەمێكی دیموكراسی تەنیا كاتێك دەتوانێ بێتە ئاراوە كە یاسا سەروەر بكات. سەروەریی یاساش تەنیا كاتێك دەستەبەر دەبێت، كە سێ دەسەڵاتەكەی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری لە یەكتر بە تەواوەتی جیا بكرێنەوە. واتە بەبێ ناساندن و سەربەخۆیی و بەهێزبوونی دەسەڵاتی دادوەری، مەحاڵە سیستەمێكی دیموكراسی لە هیچ وڵاتێك دروست ببێت».

لەمەش زیاتر دەڵێت: «چاوەڕوانیی ئێوە لە هاووڵاتیان ئەوەیە كە پابەندی یاسا بن، جا ئەگەر پێیان خۆش بێت، یان پێیان ناخۆش بێت! هەمیشە ئەوەتان بەبیر بێت، هاووڵاتی تەنیا كاتێك دەتوانێ ڕێز لە یاسا بگرێت، كە ببینێت یاسا لە سەرووی سیاسەتەوەیە و توانای ئەوەی هەیە سنوور بۆ دەسەڵات دابنێت. تەنیا ئەو كات یاسا ئەو متمانەیە لای هاووڵاتی دروست دەكات كە دەتوانێ بیپارێزێت. بۆیە، چاوەڕوانیی هاووڵاتیان لە ئێوە ئەوەیە كە یاسا بۆ هەمووان و بۆ هەموولایەك وەك یەك جێبەجێ بكەن.»

 پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان كە بناخەیەك بۆ دامەزراندنی سیستمی دیموكراتی پێكدەهێنێت گوتی: «ئامانجمان ئەوەیە ئەم دەسەڵاتانە لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك جیا بكرێنەوە و پەیوەندییان بە جۆرێك ڕێك بخرێت كە هیچ كامیان هەژموون نەكاتە سەر ئەوەی دیكەیان و دەست نەخاتە كاروباری ناوخۆی یەكتر. ئەمە بۆ ئێمە گرنگترین هەنگاوی بەدامەزراوەییكردنی ئەزموونی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و بنیاتنانی دیموكراسی و كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و پێشكەوتووە.» ئەم جیاكردنەوەیەش بناغەیە بۆ سیستمی دیموكراتی و بونیادی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، ئەم جیاكردنەوەیە وەك دەروازەیەك دادەنرێت بۆ بونیادنانی دامەزراوەكانی حوكمڕانی.

لە ڕاستیدا، هەر لە مێژەوە پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتە گشتییەكانی دەوڵەت بووەتە جێگەی بایەخی فقهی سیاسی و دەستووری ئەمەش لەبەر ئەوە بووە كە ئەو پەیوەندییانە كاریگەری هەبووە لەسەر ئایندەی كۆمەڵگە و بونیادنانی دەوڵەت، هەر بۆیەش تیۆری جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵاتەكان هاتووەتە ئاراوە و بانگەشە بۆ سەربەخۆیی، هەر كارو هەر دەسەڵاتێك لە دەسەڵاتەكانی دەوڵەت دەكات، لە پێناوی ئەوەی كە هەر دەسەڵاتێك بەپێی تایبەتمەندیی دەستووری خۆی ئەو ژینگەیەی بۆ بێتە ئاراوە كە كارەكانی پیادە بكات.

زانایانی سیاسەت و یاسای گشتی، چوارچێوەیەكی ڕاشكاوانەیان بۆ پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان داناوە، كە تیایدا جیاكردنەوەیەكی هاوتەریبی لە نێوانیان دروست كردووە و لەگەڵ ڕێژەیەكی ماقووڵ لە هاوكاری لە ‌نێوانیاندا. لە هەمان كاتدا بوونی جۆرێك لە چاودێری كە كار دەكات بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی دەسەڵاتێك بەرامبەر ئەوی دیكە.

پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەوە تێپەڕیوە كە بە تەنیا پرەنسیپێكی یاسایی بێت، بەڵكو لە ئێستادا وەك بنەمایەك لە بنەماكانی هونەری سیاسەتی حوكمڕانی لە قەڵەم دەدرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە كاروبارەكانی دەوڵەت بە شێوەیەكی باش بەڕێوەبچن و مافە تاكەكەسییەكان بپارێزێت و ڕێگری لە سەركوتكاریی فەرمانڕەواكان‌ بكات.

 بونیادنانی دامەزراوەكان

بونیادنانی دامەزراوەكانی حوكمڕانی پرسێكی زێدە گرنگە و زۆر بە قووڵی بیرمەندی ئەمریكی فرانسیس فۆكۆیاما لە كتێبی (بونیادنانی دەوڵەت) جەختی لەسەر كردووەتەوە و، تەئكید دەكاتەوە كە دەوڵەت لە پێناوی بەدیهێنانی دوو ئەركی گرنگ دامەزراوە كە ئەوانیش بریتین لە:

1- دابینكردنی پاراستنی هاووڵاتیان و پاراستنی بەشێكیان لە بەشەكانی دیكە.

2- دابیكردنی بەرگریلێكردنیان لە دژی دوژمنە دەرەكییەكان.

زانای سیسیۆلۆژیی ئەڵمانی ماكس ڤیبەر (Max weber) لە دیراسەتێكی گرنگدا بە ناونیشانی (سیاسەت وەك پیشە Politik als Beruf) جەخت دەكاتەوە كە ئەركی دەوڵەت پاراستنی هاووڵاتیانەو ڕێگرتنە لە تۆڵەسەندنەوەی كەسی، تەنیا دەوڵەت بە ڕێگەی مۆنۆپۆڵكردنی مافی شەرعیەت مافی ئەوەی هەیە كێشەكان چارەسەر بكات و بەرگری لە هاووڵاتیانی بكات، بەمجۆرە دەوڵەت لە بە ڕێگەی توندوتیژی و مۆنۆپۆلكردنی هێزی شەرعیەت و دەسەڵات هاووڵاتیانی دەپارێزێت، ئەم حاڵەتەش حاڵەتێكی باشەو ئامانجی ئەوەیە ئاشتی لە كۆمەڵگە بێنێتە ئاراوە، ئەمەش كارێكی لۆژیكییە و پرسێكی گەوهەرییە، لەبەر ئەوەی توانایەك دەبەخشێت بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و كۆمەڵگە و دامەزراوەكان، سەرەنجامیش دەسەڵاتێكی مۆڕاڵی لێ دەردەچێت، بە جۆرێك حاكم و پێكهاتەی دەسەڵات لایەنگری هاووڵاتیان دەبن و دەسەڵاتی هێزی شەرعیەتیش بۆ بەرگریلێكردنیان بەكار دەهێنێت.

ئەوجا بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە گرنگە لە ژیانی دەوڵەت و كۆمەڵگەكاندا، فۆكۆیاما لە كتێبی (بونیادنانی دەوڵەت 2004) نموونەیەكی تایبەت سەبارەت بە چۆنیەتی دەستكردن بە پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت دەخاتەڕوو، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هەنگاوهەڵگرتن بۆ پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت لە ناوەوە و بە ڕێگەی ڕیفۆرمی كارگێڕی و دامەزراوەیی.

سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە وتارەكەیدا بانگەشە بۆ ئەوە دەكات: «هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ چاكسازی لە دەسەڵاتی دادوەریدا. ئەوە دەبێتە هەنگاوی یەكەم و پێویست بۆ چاكسازی لە بوارەكانی دیكەشدا».

بوونی شەرعییەت بۆ دامەزراوەكان بایەخێكی گرنگی هەیە بۆ پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت، لەبەر ڕۆشنایی ئەمە فۆكۆیاما وای دەبینێت كە دیموكراتیەت تەنیا سەرچاوەی دروستكەری شەرعییەتە لە جیهاندا، هەر بۆیەشە سیستمە تۆتالیتار و سەركوتكارەكان بە دەست كێشەی شەرعییەتەوە دەناڵێنن، هەتا سەركردەی ئەو جۆرە سیستمانە هەوڵیش بدەن بە ڕێگەی پەرەپێدانی ئابووری شەرعییەت بە دەست بهێنن، ئەوا زۆر بە زوویی بە هۆكاری لەبەریەكهەڵوەشانی ئابووری و شكستی پەرەپێدانەوە ئەو شەرعییەتەش بوونی نامێنێت. ئەمە لە كاتێكدا دەوڵەتانی دیموكراتی توانای مانەوەو تێپەڕاندنی تەنگژەكانیان زیاترە، ئەمەش لە بەر ئەوەیە شەرعییەتەكەیان لەناو خودی دیموكراتییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەبەر ئەوەی لە ئێستا دیموكراتی تەنیا سەرچاوەی جددییە بۆ شەرعییەت لە جیهاندا، هەر بۆیە شەرعییەتی هەر سیستمێكی سیاسی پەیوەندیدارە بە دەستكەوتەكانی و هەستی هاووڵاتیان بەرامبەر ئەو سیستمە.

پێویستە پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت ئەو هەستە دروست بكات كە پێویستمان بە بونیادنانی دامەزراوەی بەهێز هەیە، لە ناوخۆوە دەست بە ڕیفۆرم بكات. فۆكۆیاما پێیوایە شكستهێنان لە بەدیهێنانی ڕیفۆرمی دامەزراوەیی و بونیادنانی دەوڵەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر و خراپ حاڵیبوون لە ڕەهەندەكانی پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت، ئەمە سەرباری ئەوەی كە دەبێت ڕەچاوی ڕۆشنبیریی ئەو دەوڵەتە بكرێت كە ئامانج بونیادنانیەتی.

لای فۆكۆیاما پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت دوو ڕەهەندی سەرەكی هەیە:

1- هێزی دەوڵەت لە كاراكردنی حوكمی یاسا و مافی مۆنۆپۆلكردنی شەرعییەت بۆ بەكارهێنانی هێز و جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی، هێزیش لێرەدا واتە ئاستی كاریگەریی توانای دامەزراوە دەوڵەتییەكان، لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە جیاوازی هەیە و، پشتی بە شەفافییەتی كارگێڕیی حكومەت و ئاستی نزمیی گەندەڵی و جێبەجێكردنی یاسا و لێپرسینەوە بەستووە.

2- ئاست و قەبارەی و چوارچێوەی توانا و چالاكییەكانی دەوڵەت، ئەمەش خۆی لە فراوانكردنی چالاكی و ئەركەكانی حكومەتدا بەرجەستە دەكاتەوە، ئەم چوارچێوە پشت بە سرووشتی ئەو كارانە دەبەستێ كە دەوڵەت هەموو هەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی، یەكەمیان بەدەستهێنانی لانیكەمی پرۆسەكانە وەك: (یاسا و سیستەم، بەڕێوەبردنی ئابووریی هەمووەكی، تەندروستیی گشتی).

لەسەر بنەمای ئەوانەی ئاماژەمان پێ كردن، فۆكۆیاما موناقەشەی ئەوە دەكات كە تاچەند دەتوانرێت ئاست و قەوارە و چالاكیی دەوڵەت كەم بكرێتەوە، لە بەرامبەر زیاتر بەهێزكردنی لە پێناوی فراوانكردنی ڕووبەڕووی دیموكراتی، ئەم كێشەیەش لە زۆربەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا بوونی هەیە، لە بەر ئەوەی ناتوانن هاوتەریبی و هاوسەنگی لە نێوان ئەو دوو ڕەهەندە بكەن، ئەمەش واتە جەخت لە سەر كەمكردنەوەی ئاستی دەوڵەت دەكەن، بەبێ ئەوەی هاوكات هێزی دەوڵەتەكە زیاتر بكەن.

فۆكۆیاما لە سەر بنەمای دوو پێوەری سەرەكی (هێز و چوارچێوە) دەوڵەتانی جیهان بۆ چوار بەش پۆلین دەكات:

1- دەوڵەتانی پێشكەوتوو كە تیایدا ئاست و قەبارەی چالاكییەكانی دەوڵەت سنووردارە، بەڵام هێز و توانای زۆر بەرزە.

2- دەوڵەت كە تیایدا ئاست و قەبارە و چالاكییەكانی دەوڵەت فراوانە، هێزی دامەزراوەكانی بەهێزە.

3- دەوڵەت، ئاست و قەبارەی چالاكیی دەوڵەت سنووردارە، بەڵام هێزی دامەزراوەكانی لاوازە.

4- دەوڵەت، ئاست و قەبارەی چالاكییەكانی دەوڵەت فراوانە، هێزی دامەزراوەكانیشی لاوازە.

 سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسێكی گرنگی سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری ورووژاند و وای دەبینێت: «سەربەخۆیی دامەزراوەی دادوەری: بەو مانایەی ئەنجومەنی دادوەری وەك دامەزراوە سەربەخۆ بێت و لە ژێر هەژموونی هیچ یەك لە دامەزراوەكانی حكومەت، یان پەرلەماندا نەبێت. بە هیچ شێوەیەك لە ژێر كاریگەریی دەسەڵاتی سیاسیدا نەبێت و نەبێتە ئامرازی دەستی سیاسەت. پەیوەندیی دامەزراوەیی لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی یاساداناندا هەبێت).

ئەم پەیڤە گەلێك پرسیاری گرنگ و هەستیاری ورووژاند كاتێك گوتی: «ئایا واقیعی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان ئاوایە؟ ئایا سەربەخۆیە و لە ژێر هەژموونی دەسەڵات و سیاسەت و هیچ كاریگەرییەكدا نییە؟ ئایا هاووڵاتی بە تەواوی بڕوا و متمانەی بە دەسەڵاتی دادوەری هەیە؟ ئایا دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجومەنی دادوەری و دادوەرانی بەڕێز وەك پێویست دەسەڵاتی یاسایی خۆیان بەكار هێناوە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان كە بە یاسا ئەم سەربەخۆییە پارێزراوە؟»

پێدەچوو زۆر بە وەزعی دامەزراوە دادوەرییەكان دڵخۆش نەبێت، بەمجۆرە وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە: «وەڵامی ئەم پرسیارانە‌ قسەی زۆر و بۆچوون و لێكدانەوەی جیا هەڵدەگرن»، بەڵام لە هەمانكاتدا وەڵامێكی ئەرێنی دایەوە و گوتی: «وەڵامی ئەمە، دادوەرییەكی دروست و یاساپارێزی و سەربەخۆیی دادگایە‌. هەر سەرنج و تێبینییەكیش هەبێت، دەسەڵاتی دادوەری یەكێك لە بنەما پتەو و سەرەكییەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستانە. ئامادەیی و ڕۆڵ و پێگەیەكی گەورەی هەیە و خزمەتێكی زۆر دەكات. ڕۆڵی گەورەی لە دامەزراندنی بنیاتی یاسایی هەرێمی كوردستاندا گێڕاوە و دەگێڕێت».

لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی سەبارەت بە سەربەخۆیی دەسەڵات بكەین، بەپێی بڕیاری ڕێكخراوی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان 40/32 لە 29ی تشرینی دووەمی 1985، هەروەها بڕیاری 40/ 146 لە 13ی كانوونی یەكەمی 1985 كە تیایاندا هاتووە:

1- دەوڵەت دەبێت دەستەبەری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بكات.

2- دەسەڵاتی دادوەری بە شێوەیەكی بێلایەنانە ئەو پرسانە یەكلا دەكاتەوە كە بۆی بەرز دەكرێنەوە.

3- دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتی لەسەر هەموو ئەو پرسانە هەیە كە خەسڵەتێكی دادوەرییان هەیە.

4- ناكرێت هیچ دەستێوەردانێكی نەشیاو، یان بێ پاكانە، لە ڕێوشوینەكانی دادەوەری بكرێت.

5- هەموو تاكێك مافی ئەوەی هەیە لە بەردەم دادگایەكی ئاستی، یان دەستەیەكی دادوەری دادگایی بكرێت، كە تیایاندا ڕێوشوێنە یاساییە بڕیارلێدراوەكانی تێدا جێبەجێ بكرێت.

6- دەستبەری پرەنسیپی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەم دەسەڵاتە، پێویستی بەوەیە كە گەرەنتی بەڕێوەچوونی ڕێوشوێنەكانی یاسایی بە دادپەروەرانە بەڕێوە بچن و ڕێز لە مافی هەموو لایەنەكان بگیرێت.

7- ئەركی هەر دەوڵەتێكی ئەندامە كە سەرچاوەی پێوست دابین بكات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری بە شێوەیەكی ڕاست جێبەجێ بكات.

 دەرەنجامەكان:

لە چوارچێوەی یاسادا، دەق و ماددە بوونیان هەیە، كە مرۆڤ دەكەن بە مرۆڤێكی یاسایی، وەك (ئالان باسیۆ) ئوستادی زانكۆی فەرەنسی ئاماژەی پێ كردووە، بەمەش كەسێتی یاسایی بۆ مرۆڤ دەردەكەوێت و ئاكاری ڕێكدەخات. هەر بۆیە وەك هانا ئەرندت ئاماژەی پێ كردووە، دوای نەمانی هەر ڕژێمێكی تۆتالیتاری كە مرۆڤ لە مرۆڤایەتی دادەماڵێت، ئەوا مرۆڤ پێویستی بەوەیە گەرەنتی بۆ كەسایەتییە یاساییەكەی بكرێت (ماددەی 6 لە جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ ساڵی 1948). لێرەوە پێویستیمان بە یەكسانیی یاسایی دەردەكەوێت، ئەمانەش بەرهەمی مرۆڤە كە خاوەنی مەلەكەی ئیدراكە، كە كانتی گەورە فەیلەسووف بە مرۆڤ دەڵێت: «بوێر بە لە بەركارهێنانی تێگەیشتنی تایبەتیی خۆت»، ئەمەش مانای ئەوەیە مرۆڤ توانای بیركردنەوەی ئازادانەی هەیە.

بەمجۆرە، ئێمە پێویستمان بە فەلسەفەیەكی یاسایی هەیە كە لە سەر ئەو بنەمایە داڕێژدرابێت كە مرۆڤ كائینێكی ئازادە و كۆمەڵگەكەشی لە سەر بنەمای ئازادی و یەكسانی ڕێكدەخات، ئازادییش وەك خاتوونی فەیلەسووف ئەرندت جەختی لەسەر دەكاتەوە، گەوهەری سیاسەتە، بۆیە دەبێت سیاسەتی قانوونیش لە ئازادییەوە سەرچاوە بگرێت بۆ ڕێكخستنی ئازادیی مرۆڤ.

لە سەر ئەم بنەمایە، ئەوا پێویستە لە سەر دادگا و دادوەرەكان ئەم پرسە زۆر بە جددی وەربگرن و ببنە پاسەوانی یاسایی مرۆیی، نەك یاسایەكی زاڵم، ئەمەش واتە لە ڕێگەی تەفسیری هەڵە و زاڵمەوە بۆ ماددە یاساییەكان زیان بە مرۆڤ نەگەیەنن، بەڵكو دەبێت هەمیشە تەفسیری ماددە یاساییەكان بەرگی مرۆڤایەتی و دادپەروەری و یەكسانییان لەبەردا بێت، بڕیارەكانیش بەو شێوەیە دەر نەكەن، كە لە بەهای مرۆڤایەتی داماڵدرا بن، ئەمەش بە بیانووی خۆبەستنەوە بە دەقەكان، یان تەفسیری ئەو دەقانە بە بێ ڕەچاوكردنی بەها مرۆییەكان.

بەڵێ، پێویستییەكی زۆرمان بە ڕیفۆرمی یاسایی (سیستمی یاسایی لە هەرێمی كوردستان هەیە، لە سەر بنەمای دادپەروەری و یەكسانیی مرۆڤایەتی، داماڵدراو لە لایەنگری بۆ چینێك، یان توێژێكی كۆمەڵایەتی).

 

Top