كۆدی قارەمانیەتی پێشمەرگە بە كارە تیرۆریستییەكانی داعش ناكرێتەوە

 كۆدی قارەمانیەتی پێشمەرگە  بە كارە تیرۆریستییەكانی داعش ناكرێتەوە

 

تۆماس فریدمان ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی نیویۆرك تایمز، سەبارەت بە ئامانجی ئوسامە بن لادن (سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە) دەڵیت: «ئامانجی ڕێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە تەنیا تەقاندنەوەی هەردوو باڵەخانەی ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرك نەبووە، بەڵكو وەك بەڵگەكان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی تالیبان لە 2001 ئاشكرای دەكەن، تیرۆریستانی ئەلقاعیدە لە بەرنامەیاندا بووە كە دوای تەقاندنەوەی ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرك، بورجی ئیڤل لە پاریس و كاتژمێری بیگبن-یش لە لەندەن بتەقێننەوە، ئەمەش وەك لە بەڵگەكان ئاماژەیان پێ كراوە، ئامانجیان ئەوە بووە كە شكۆی ڕۆژئاوا بشكێنن، لە بەر ئەوەی ئەو شوێنانە هێمان بۆ بەها و پێشكەوتنەكانی ڕۆژئاوا.

ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە خوێندنەوە بۆ ئامانجی هێرشە تیرۆریستییەكانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەین، ئەوا وەك ڕۆژنامەنووس و بیرمەندی عێراقی عەدنان حوسێن لە وتارێكیدا لە ساڵی 2015 لەسەر قارەمانیەتیی پێشمەرگە بۆ «گوڵان»ی نووسیبوو، دەڵێت: «پێشمەرگە تەنیا ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی بەتاڵ نەكردەوە، بەڵكو شەرەفی عەسكەریشی بۆ سوپای عێراق گێڕایەوە». نووسەر لەم وەسفە بەرزەی بۆ قارەمانیەتیی پێشمەرگە مەبەستێتی ئەوە بڵێت: چۆن سوپای عێراق بە تەسلیمبوونی پێنج فیرقەی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی بە تیرۆریستانی داعش هەموو شكۆیەكی سەربازیی خۆی لەدەست دا، سوپای تێكشكاویش زۆر ئەستەمە دووبارە ڕاست بكرێتەوە، بەڵام سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەر تیرۆریستانی داعشدا وای كرد، سوپای عێراقیش لەناو ئەو شكستە هەڵبستێتەوە و ببێتە بەشێك لە سەركەوتنەكان بە سەر تیرۆریستانی داعشدا.

ئەم ڕاستی و هەقیقەتە لای خودی تیرۆریستانی داعشیش نكۆڵیلێكراو نییە و، باش دەزانن هەتا هێزی پێشمەرگەی كوردستان تیرۆریستانی داعشی لە دەروازەكانی شاری مووسڵ تێكنەشكاند، نە سوپای عێراق و نە هێزەكانی حەشدی شەعبی نەیاندەتوانی بچنە ناو شاری مووسڵەوە، لەمەش زیاتر دوای چەندین مانگ لە ڕاگەیاندنی سەركەوتن لە بەرەكانی كوردستانەوە، هێشتا هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی نەیانتوانی ئەو یەك دوو گەڕەكەی مووسڵ كە بە دەستی تیرۆریستانی داعشەوە بوون، پاك بكەنەوە.

دەستپێكردنەوەی جووڵە تیرۆریستییەكانی داعش ئەمجارەش لە ناوچەكانی دیالەوە دەستی پێ كردەوە، پاشان وەك باسی لێوە دەكرێت، ژمارەیەك تیرۆریستی دیكە لە وڵاتانی دیكەوە گەڕاونەتەوە، ئەمەشیان نەتوانراوە لەو سەنگەرانەوە دەروازە بكەنەوە كە بە دەست هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوەیە، هەر بۆیە تیرۆریستانی داعش زۆر بە جوانی سوودیان لەو بۆشاییە وەرگرتووە كە لە نێوان سەنگەرەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقدا هەیە، ئەو ناوچەیە وەك بۆشایی «نەبوونی دەوڵەت» تێدای لێ هاتووە و، لەویۆە بۆشایی دیكەیان دروست كردووە كە مانەوەی خۆیان لەو ناوچانە مسۆگەر بكەن، ئەم واقیعەی سەر ئەرز پێمان دەڵێت، داعش بۆیە كارە تیرۆریستییەكانی لە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە ئەنجام دەدات، ئامانجی ئەوەیە شكۆی ئەو كۆدی قارەمانیەتەی پێشمەرگە بشكێنێت، كە نەك هەر كوردستان، بەڵكو تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی دژی تیرۆریستانی داعش شانازی بەو كۆدی قارەمانیەتەی پێشمەرگەوە دەكەن.

لە دوای هەر دوو كارە تیرۆریستییەكەی هەفتەی ڕابردوو، سەرۆك مسعود بارزانی وەك ڕابەر و پێشمەرگەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، جارێكی دیكە خۆی هاتەوە سەرخەت و ڕاشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە خوێنی پێشمەرگە شەهیدەكان بەفیڕۆ ناچێت و زۆر بە زوویی تۆڵە لە تیرۆریستانی داعش دەكرێتەوە، هەر لە بەر ڕۆشنایی ئەم ئیرادە پۆڵایینەی سەرۆك بارزانی كە قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیەتی، مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانەی سەردانەكەی بۆ ماڵێك لە گوندی «خدرجیجەك» كە سێ برا پێكەوە شەهید بوون، ڕایگەیاند، هەتا ئەگەر حكومەتی عێراقیش ئامادەباشی تەواوی تێدا نەبێت كە ئەو بۆشاییەی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراق هەیە بە هەماهەنگی پڕ بكاتەوە، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بە تەنیا هەموو ڕێگەیەك دەگرێتەبەر بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە و وەرگرتنی ڕێوشوینی پێویست بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی تیرۆریستانی داعش.

ئەم ئیرادەیەی سەرۆك بارزانی لە دوای هێرشەكانی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر هێزی پێشمەرگە پیشانی دا، بووە هۆی ئەوەی لە سەر ئاستی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جووڵە بۆ پشتگیری لەم ئیرادەیە بێتەئاراوە و لە ساتی نووسینی ئەم دێڕانەدا، شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق لە كۆبوونەوەدان، بۆ ئەوەی میكانیزمی خێرا و هاریكاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپا بگرنە بەر و ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە، هەروەها لە سەر ئاستی نێودەوڵەتییش پشتیوانی بۆ هێزی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان دووبارە كرایەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرپەرچێكی توندی تیرۆریستانی داعش بداتەوە.

لە دوماهی ئەم نووسینەدا، جارێكی دیكە دەخوازین، ئەم كۆتاییە بە سەرەتای نووسینەكەوە گرێ بدەینەوە و بڵێین: تیرۆریستانی داعش خۆیان نەخۆشییەكە نین، بەڵكو دەرهاویشتەی نەخۆشییەكی دیكەن، كە ئەویش دروستبوونی حاڵەتی نادەوڵەتییە لەناو دەوڵەتدا، ئێستاش كە دووبارە لەو ناوچانە دەستیان بە جموجۆڵ كردووەتەوە، دیسان ئەو ناوچانەش ناوچەیەكن وەك بۆشایی و حاڵەتی نادەوڵەتی تێیدا باڵادەستە، بۆیە لە كاتێكدا حاڵەتی نادەوڵەتی لە عێراق و سووریا هەیە، داعش دروست دەبێتەوە، یان دووبارە زەمینە بۆ چالاكبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەڕەخسێنێت، ئەوا دروستبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەرهاویشتەی زۆر خراپتری دەبێت، كە نەك هەر عێراق و سووریا و ناوچەكە دەگرێتەوە، بەڵكو تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی دژی تیرۆریستانی داعشیش دەگرێتەوە.

Top