ئیسرائیل دروستکردنی دیواری ژێرزەویی لەسەر سنووری غەزە بە كۆتایی هێنا

ئیسرائیل دروستکردنی دیواری ژێرزەویی لەسەر سنووری غەزە بە كۆتایی هێنا

 

 

 

ڕۆژی سێشەممە حکومەتی ئیسرائیل بەفەرمی ڕایگەیاند: کە دروستکردنی دیوارێکی ژێرزەوی  بە كۆنكرێت لەسەر سنووری غەزە تەواوکردووە.

پێدەچێت دیوارەکە بۆ ڕێگریکردن لە چەکدارانی حەماس و چەکدارانی فەلەستینی لە ڕێگەی تونێلی ژێرزەویەوە بۆ ناو خاکی ئیسرائیل دروست كرابێت، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە نزیک کەرتی غەزە.

لە ماوەی شەڕی 2014ی غەزەدا، چەکدارەکانی فەلەستینی بە بەردەوامی لە ڕێگەی تونێلی ژێرزەویەوە چوونەتە ناو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی  ئیسرائیل  و زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی ئیسرائیل گەیاندووە، ئەمەش ڕەخنە لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەوکات و فەرماندەکانی سوپای ئیسرائیل دەگیرا.

دروستکردنی دیواری ژێرزەویی ئیسرائیل لەسەر سنووری غەزە کە ئامانجی سەرەکی ڕێگری کردنی ڕێگای چوونە ناو سنوورەکەیە  لە ڕێگەی تونێلەکانەوە.

بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل، پرۆژەکە پەرژینی ژێرزەوی، بەربەستی دەریایی، سیستەمی ڕادار و ژووری فەرمان و کۆنترۆڵ دەگرێتەوە .

بەنی گانتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە مەراسیمێکدا بە بۆنەی ئاشکراکردنی پرۆژەکە وتی:  ئەم دیوارە 65 کیلۆمەتر درێژە و بە سەدان کامێرای هەستیاری بەرز و ڕادار بەستراوە، کە بەربەستی ئاسنین لە نێوان ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس و دانیشتووانی باشووری ئیسرائیل پێکدێنێت.

پاشان كۆسپەكەی بە پڕۆژەیەکی پێشکەوتوو و داهێنەرانە وەسفکرد، کە پێی وایە هەستی ئاسایشی هاووڵاتیانی ئیسرائیل بەهێز دەکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، بەشی ژێرزەویی دیوارەکە ڕێگری دەکات لە هەڵکەندنی تونێلی نوێ لە نێوان کەرتی غەزە و باشووری ئیسرائیل، هاوکات ڕێگاکانی پێشوتر لە ژێرزەویدا پتەوتر دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە بەشێکی دیوارەکە لە کۆنکرێت دروست کراوە و بەشی دەریایی بە سیستەمی چەکی کۆنترۆلکراوی ڕێگای دوورەوە گرێدراوە.

ئیسرائیل لە ساڵی 2007ەوە گەمارۆی کەرتی غەزە دەدات دوای ئەوەی حەماس دەستی بەسەریدا گرت، بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی فەلەستینیەکان  بەربەستی لە کەرتی غەزە دروست کرد.

حەماس و سوپای ئیسرائیل لە ساڵی 2008ەوە چوارجار پێکدادانیان کردووە، دوایین ڕوبەروبونەوە سەربازییەکانی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ و لەو ماوەیەدا بەهۆی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی ئیسرائیلەوە بەلایەنی کەمەوە 260 کەس لە غەزە گیانیان لەدەستداوە.

بەنی گانتز لە درێژەی  مەراسمەكەدا وتی:  ئێمە زۆر وشیارین بۆ پوچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی حەماس بۆ زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی ئیسرائیل بەتایبەتی لە ڕێگەی موشەکییەوە.

لە ئێستادا دوو ملیۆن فەلەستینی لە غەزە لە هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و خۆشگوزەرانیدا دەژین  هەلومەرجی ژیان بۆ دانیشتوانی ئەم ناوچە داخراوەی نێوان ئیسرائیل و میسر و دەریای ناوەڕاست لەلایەن چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە زۆر سەخت و نیگەرانی وەسف دەکرێت.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top