پێشمەرگە ،شانازى ومێژووییه‌كى هه‌میشه‌یی..

پێشمەرگە ،شانازى ومێژووییه‌كى هه‌میشه‌یی..

پێشمەرگە، ئەو ناوە پیرۆزە، یان ئەو زاراوە پڕ بەهایەیە كە زۆر لە سەرۆكی وڵاتانی دنیا، زۆر لە بەرپرسانی جیهان لە راگەیاندن و كۆڕ و كۆبوونەوەكانیاندا بێ وەرگێڕانی بۆ زمانەكەی خۆیان وەك خۆی باس لە پێشمەرگە دەكەن و بە دۆست و رزگاركەری مرۆڤایەتی و خۆبەختكەرە لە پێناو پاراستنی شوناس و رزگاركردنی خاك و شكۆی نەتەوەكەی .. پێشمەرگە، وشەیەكی پڕاوپڕ لە ئازایەتی و خەبات و قارەمانیەتی و بەرخۆدان و شەهید بوون لە پێناوی كورد و كوردستاندا.
پێشمەرگە، ناوی تایبەتی شۆڕشگێر و گیانبەخشان و هەموو ئەوانەی بەشدارییان كردووە لە بزاڤی رزگاری یخوازی و ئازادیخوازی دژ بە داگیركەران و چەوسێنەرانی گەلی كورد، پێشمەرگە بۆ خۆی هەڵۆ ئاسا، بە تەنیا ناوە پڕ شكۆ و مەزنەكەی هێزو توانای لەشكرێكی مەزن و ئەفسووناوی بوو لە بیروهزر و لێكدانەوەكانی سوپای دوژمناندا، هەر بۆیە بە بیستنی ناوی پێشمەرگە سوپای دوژمن چەند لە قەبارە و تەكنەلۆژیای سەربازیدا بەهێزتر بووبن، چەند خاوەنی تۆپ و فڕۆكە و تانك و چەكی پێشكەوتوو بووبن، نەیانتوانیوە خۆیان لەبەر دەم وزەو توانا و هەڵمەت و بەرەنگاری پێشمەرگەدا راگرن، مەزنی و گەورەیی پێشمەرگە . . ئەم شۆڕشگێڕە كوردانە . . وایكردبوو كە بە هەزاران چیرۆكی ئەفسانەییان لەسەر پێكبهێنرێت و لە نێو سوپاكانی دوژمندا باسیان بكرێت و بۆ خێزانەكانیان بگێڕنەوە، هەروەك چیرۆكێكی سەرنج راكێشی دەم قارەمان و خۆنەویستە دەگمەنەكانی مێژووی جیهان و ناوچەكە گوێیان بۆ را دەگیرا، كە بەراوەرد ناكرێت لەگەڵ هیچ سوپای هیچ وڵاتێكی دیكە بەتایبەت لەرووی نیشتیمانپەوەری و كوردپەوەری ..
هەروەها پێشمەرگەلەگەڵ ئازایەتیی و قارەمانییەتی خۆیدا ، پێشمەرگە، مرۆڤ دۆست بوو، هێزی مرۆڤایەتییەكەی شان بە شانی توانا و بڕوا شۆڕشگێڕیەكەی پتەو بوو، هەرگیز دیلی نەدەكوشت و یاسا و رێساكانی مافی جیهانی مرۆڤ، مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرا و رێزیان لێ دەگیرا، ئەمە ئەو جیاوازییە گەورەیە بوو لە نێوان پێشمەرگەی كوردستان و لەشكر و سوپاكانی دیكەی جیهاندا ، كەچی لە بەرامبەر هەموو ئەمانەشدا دەسەڵاتی داگیركەرانی خاكی كورد و وڵاتانی هاوبەرژەوەند لەگەل دوژمنانی كورد و كوردستاندا، سەردەمانێك لە دیدی بەرژەوەندیەكانیانەوە دەیانڕوانیە شۆڕش و پێشمەرگە و لە راگەیاندنەكانیاندا شۆڕشیان بە یاخیبوون ناوزەد دەكرد و پێشمەرگەش بە چەتە و رێگر، تا ئەو دەمەی ناراستگۆیی و تەفرەدانی هاوپەیمانانی هاوبەرژەوەند لە نێو یەكدا وایكرد مل بۆ راستییەكان بدەن و كورد وەك گەلێكی بەشخوراو و پارچەكراو و داگیركراو بناسن و پێشمەرگەش بە رزگاركەری مرۆڤایەتی و خەباتگێڕانی دژ بە تاریكی و دواكەوتن و سونبولی ئاشتی و بەرخۆدان پێناسە بكەن، بە تایبەت لە دەیەكانی ئەمڕۆدا لە عێراقێكی وێرانی پاش رووخانی رژێمی بەعسی دیكتاتۆردا، لە عێراقێكی فرە ئایین و مەزهەب و فرە نەتەوەدا كە كێشمانكێش و ململانێیەكی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، پێشمەرگە رۆڵی بیناكردنەوە و تەبایی و هێور كردنەوە و ئاشتەوایی دەگێڕێت و بە تەواویش بەشداری دەكات لە پاراستنی نەك ناوچە كوردستانیەكان، بەڵكو هەموو ئەو ناوچانەی دیكەی عێراقیش كە دەستی تیرۆر و میلیشا پێیان دەگات و عێراقیان خستۆتە بەردەم دوڕیانەكانی مردن و تۆقاندن و ئاوارە بوونەوە.
پێشمەرگە، ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا . . پێشمەرگەی هەموو پارچە پڕ ئازارەكانیتری كوردستانە و هەر شوێنك پێوستی بەهاوكاری وپاڵپشتی بوو بێت ئەوا هەڵۆ ئاسا و پڵنگ ئاسا وەك فریاد ڕەس گەیشتۆتە ئەوەێ‌. پێشمەرگە هێمای سەركەوتن و ئاشتی و نەمانی چەوساندنەوەیە. . لە پێناو شەڕنا بەڵكو گەڕانەوەی ماف وخاكی زەوتكراو و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی هەمیشەییمان .‬

Top