وزە و هێز

وزە و هێز

لە گەردووندا سەرچاوەی سەرەكیی وزە ئەستێرەكانن، بۆ نموونە: خۆر، ئێمە لە قۆناغێكی زۆر سەرەتایی داین لە ڕووی بەرهەمهێنانی وزەوە، تا ئێستا بە گشتی هەموو سەرچاوەی وزەكانمان بریتین لە سوتەمەنییە بە بەردبووەكان، كە نەوت و غاز و خەڵوزی بەردینە، ئەم جۆرە جگە لەوەی بڕێكی زۆركەم وزە دەبەخشن، ژینگەش وێران دەكەن بەراورد بە سەرچاوە نوێبووەكانی دیكە وزە، بەپێی پێوەرە گەردوونییەكان بێت، لە چاوتروكانێكدا سووتەمەنییە بە بەردبووەكان تەواو دەبن، مەبەست لەوەش نزیكەی 100 ساڵی دیكەیە، بەڵام بۆ پارێزگاریكردن لەو بڕەی سیستەمی ژینگەیی كە ماوە، پێویستە هەرچی زووترە مرۆڤ دەست بكات بە سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر، ئەو كاتە دەتوانرێت بڕی ملیۆنەها ئەوەندەی ئێستا لە وزەیەكی پاك و نوێ بووەوە بەرهەم بێنێت، ئەو وزەیەش لەگەڵ تەمەنی خۆر دەمێنێت، واتە بۆ ملیارەها ساڵی دیكە بەردەوام دەبێت، هەروەها مرۆڤ لە ڕێگەی بەكارهێنانی ئەم وزەیەوە دەتوانێت هەنگاوی گەورەتر بهاوێت، بۆ ئەوەی بگات بە شارستانییەتی پلە دوو، بۆ ئەوەی ئەمە ئەنجام بدات دەبێت بتوانێت دروێنەی هەموو وزەی خۆر بكات، ئەمەش بە دروستكردنی سیستەمێك دەبێت كە ئێستا فیزیاناسان پێێ دەڵێن دایسۆن سفیر Dyson.Sphere، ئەو كاتەش توانای بەرهەمهێنانی وزەی بە ملیارەها جاری دیكە زیاد دەكات و، شارستانییەتی مرۆڤ پەل دەهاوێت بۆ ئەستێرەكانی نزیك لە دەوری كۆمەڵەی خۆر، كە لە چوار بۆ 20 ساڵی تیشك دوورن لە ئێمە، دەستنیشانكردنی ئەو كاتەش كە مرۆڤ دەگاتە ئەو قۆناغە ئاسان نییە، بە گشتی پێشبینی دەكرێت مرۆڤ لە نێوان ساڵی 2500 بۆ 3000 ی زایینی بگاتە قۆناغی شارستانیی پلە دوو.

 

Top