ئایە حەسەن بۆ گوڵان: شانازییە بۆ من لەگەڵ هونەرمەندانی كورد كار بكەم

ئایە حەسەن بۆ گوڵان:  شانازییە بۆ من لەگەڵ هونەرمەندانی كورد كار بكەم

ئایە حەسەن یەكێكە لەو كچە مۆدێلانەی كە لە ئەوروپا بەشداریی لە چەندین ڤیدیۆ و ڕیكلامی جلوبەرگ و كەرەستەی جوانكاریدا كردووە، لە هەمان كاتدا لە بواری پەرستیارییشدا كار دەكات، ئایە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانە و چەندین ساڵە لەگەڵ خانەوادەكەیدا ڕوویان لە هاندەران كردووە، تا ئێستا دەرفەتی نەبووە سەردانی كوردستان بكات و، وەك خۆی دەڵێت یەكێك لە ئاواتەكانی ئەوەیە كوردستان ببینێت، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد، كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* چ جیاوازییەك لە نێوان كچە مۆدێلە بیانی و كوردەكاندا هەیە ؟
- جیاوازیی سەرەكی ئەوەیە كە مۆدێلە بیانییەكان دەرفەتی زیاتریان بۆ دەڕەخسێت، بەڵام كچانی كورد ئەوانەی لەو بوارەدا كار دەكەن، ژمارەیان زۆر كەمە، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە توانایان نییە، بەڵكو كەس هاوكارییان ناكات.
* بۆچی تا ئێستا گرێبەستت لەگەڵ كۆمپانیایەكی بواری مۆدێل نییە؟
- من بە دوای دەرفەتێكی گونجاودا دەگەڕێم، نامەوێ هەنگاوێكی خێرا بنێم و دواتر سەركەوتوو نەبم، دەمەوێ لە كاتی گونجاودا بە ئامانجەكانی خۆم بگەم.
* ئایا ئافرەتی كورد لە بواری مۆدێل و جوانكاریدا توانیوەتی تایبەتمەندی و ناسنامەی خۆی بپارێزێت، بەتایبەتی لە ئەوروپا؟
- لە ئێستادا كەسەكان شێوەیان زۆر لە یەكتری دەچێت، ئافرەت بەشێوەیەكی گشتی پێویستە بە تایبەتمەندییەكانی خۆیەوە گرنگی بە جوانیی خۆی بدات، بەڵام لێرە هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوان كچە مۆدێلەكاندا و لە ڕووی زمان و نەتەوە و یەكسانن، سەرەڕای ئەوەش نابێ ناسنامەی خۆمان لە بیر بكەین.
* ئامۆژگاریت چییە بۆ ئافرەتە كوردەكان لە بواری جوانیدا؟
- پێیان دەڵێم خۆتان خۆشبوێ، گرنگی بە ڕوخسار و جوانیی جۆتان بدەن، وەرزش بكەن و هەر شتێك لێی دڵنیا بن و ئارەزووی دەكەن، بێ دوودڵی ئەنجامی بدەن، متمانەتان بە خۆتان هەبێت، لە هەمان كاتدا پێویستە لە خۆبایی بوون دوور بكەونەوە.
* زۆر لە كچە مۆدێلەكان بەشداریی لە كاری نواندندا دەكەن، لەو بوارەوە هیچ هەنگاوێكت ناوە؟
- بەڵی، بەشداریم لە نزیكەی حەوت ڤیدیۆ كلیپدا كردووە، لەوانە (كلیپی كوردی، ئەفغانی، و عەرەبی) ڤیدیۆ كلپی مامۆستا شەیدا، دوایین كاری كلیپیش لەگەڵ شیار و دژوار بووە، هەروەها لەچەندین ڕیكلامی مەیكئاپ ئارتیست و جلوبەرگدا بەشدار بووم.
* هیچ مەرجێكت هەیە بۆ بەشداریكردن لە كلیپەكاندا؟
- ئەوەی ڕاستی بێت ناتوانم مەرج دابنێم، چونكە هەر كلیپێك چیرۆك و سیناریۆی خۆی هەیە و وا دەخوازێت بەشێوەیەكی جیاواز دەربكەوم.
* هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە بۆ بەشداریكردن لە فیلمدا؟
- بەڵی، دەستەوارەی زۆرم بۆ هاتووە، بەتایبەتی لە فیلمدا، بەڵام واهەست دەكەم لە ئێستاد ئامادە نیم بۆ بەشداریكردن لە فیلمدا، نەخاسمە لە كاتی كۆرۆنا و كەرەنتینە، كە بە هۆی زۆر مانەوە لە ماڵ و دووركەوتنەوە لە كار، مرۆڤی تا ڕادەیەك دوچاری خەمۆكی كردووە،.
* هیچ زانیارییەكت دەربارەی كچە مۆدێلەكان لە ئەوروپا و كوردستان هەیە ؟
- زانیاریم نییە، زۆرتر لە سۆشیال میدیا دەیانبینم، بەڵام هەر ئەوەندەیە كاتم نییە، چونكە من كار دەكەم و دەخوێنم لە یەك كاتدا و كاتی پشووم بە پێویستی دەزانم لەگەڵ خانەوادەكەم بەسەر بەرم و، لە ئەنیستاگرامیش چالاكم.
* ئامادەیت هاریكاریی كچە مۆدێلەكانی كوردستان بكەیت؟
- بێگومان هەر كەسێك پێویستیی بە یارمەتی من هەبێت ئامادەم بەگویرەی توانای خۆم، چونكە من زۆر حەز دەكەم یارمەتی خەڵك بدەم، جگە لە كاری مۆدێل من لە بواری پەرستاری كار دەكەم و یارمەتی نەخۆش و بەساڵاچووان دەكەم و، ڕۆژانە پەیوەندیم لەگەڵیاندا هەیە.
* ئایا هونەرمەندێكی دیاریكراو هەیە كە حەز دەكەی لە كلیپەكەیدا بەشداریی بكەیت؟
- نەخێر كەسێكی دیاریكراو نییە، چونكە ئێمە هونەرمەندی زۆرمان هەیە كە زۆر بە توانان و دەنگیان خۆشە، لەوانە كاروان كامل، هەڤاڵ ئیبراهیم، بڵند ئیبراهیم، نازدار و چەندانی دیكەش، بەڵام مایەی شاناییە بۆ من كە لەگەڵ هەموو هونەرمەندانی كورددا بەشداریی بكەم.
* ئایا سەردانی هەرێمی كوردستانت كردووە؟
- بەداخەوە تا ئێستا ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە سەردانی بكەم و جوانی كوردستان بە چاوی خۆم ببینم و لە نزیكەوە خەڵكەكەی بناسم، چونكە فۆلۆوەری زۆرم هەیە كە لە هەرێمی كوردستانن و هەمیشە پاڵپشتیم دەكەن، لێرەوە دەمەوێ سوپای هەموویان بكەم.

Top