دیالۆگی مەنامە هەوڵەكان بۆ ڕۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی سەقامگیر

 دیالۆگی مەنامە  هەوڵەكان بۆ ڕۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی سەقامگیر

 

كۆڕبەندی دیالۆگی «مەنامە» كە لە بنەڕەتدا بۆ دووبارە سەقامگیركردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرێ دراوە، ئامانجی ئەوەیە لە سەر دوو ئاست كار بۆ گێڕانەوەی سەقامگیریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات:

- مەزندە و بیروبۆچوونی باش بۆ ئەم پرۆسەیە چین؟

- لە ئێستادا چی باشە بكرێت، بۆ ئەوەی ئەم پاشاگەردانییە كۆتایی بێت و هەموو پێكەوە سیستمێكی نوێ دابڕێژنەوە؟

ئەم دوو ئامانجە پێویستی بە دوو كاراكتەری گرنگ هەیە، كە لەو دیالۆگە ئامادە بن، كە ئەوانیش بریتین لە:

 كاراكتەری ناو خودی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 كاراكتەری نێودەوڵەتیی خاوەن بەرژەوەندیی ژیاری لەم ناوچەیە بە گشتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە تایبەتی.

ئەگەر لەسەر بنەمای ئامانجەكان و بەشداریی كاراكتەرەكان خوێندنەوەیەك بۆ كارەكانی دیالۆگی مەنامە بكەین، ئەوا دەگەینە دوو دەرەنجامی دیكە:

1- مەزندە و بیروبۆچوونە باشەكان لە پەنێڵەكان دەخرێنەڕوو.

2- چی بكرێت باشە لە میانەی ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی باس دەكرێن، كە لە نێو ئەو كۆڕبەندە ڕێك دەخرین.

ئەوجا ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەیەك لەسەر بەشداریی شاندی هەرێمی كوردستان بكەین، لەم دیالۆگەدا، ئەوا شاندی كوردستان پێكهاتووە لە بەڕێزان (مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان).

مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانەی بەشداریكردنی لە پەنێڵێكی ئەم كۆڕبەندە چەند پرسێكی گرنگی ورووژاند:

 سەبارەت بە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم سەقامگیرییە قوربانی بۆ دراوە و، ئەگەر بمانەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەقامگیر بێت، ئەوا ئەم پرسە پێویستی بە كاری پێكەوەیی و قوربانیدان هەیە.

 سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە پەیكەربەندییەكی ئاسایشی تازەیە، ئەم پەیكەربەندییە تازەیەش دەبێت فراوان بكرێت و، ئێرانیش لەناو ئەو پەیكەربەندییەدا بێت.

 سەبارەت بە دروستبوونی سەقامگیری لە عێراقدا و سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردووتەوە كە نابێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە سیاسییەكان پەنا بۆ چەك ببردرێت و دەبێت میلیشیاكان چەكەكانیان لە بەرژەوەندیی وڵات دابنێن.

ئەگەر سەرنج لەسەر ئەم سێ تەوەرە گرنگەی پەنێڵەكەی سەرۆكی حكومەت بدەین، دەبینین كاتێك باس لەوە دەكات كە دابینكردنی سەقامگیری پێویستی بە قوربانیدان هەیە و، لە سەر ئاستی ناوچەكەش پێویستی بە كاری پێكەوەیی هەیە، ئەوا وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری سەرۆكی حكومەتن و هەم بۆ هاریكاری سەربازی ئامادەین، هەمیش بۆ كاری پێكەوەیی.

لایەنێكی دیكەی بەشداریی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەم كۆڕبەندە، ئەو دیدار و كۆبوونەوە فراوان و هەمەلایەنانەیە كە لەگەڵ شاندەكانی وڵاتانی ناوچەكە و گەورە وڵاتانی وەك ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و.. هتد دوایی ئەنجامی دەدات.

سەرۆكی حكومەت لە میانەی بەشداریكردنی لە پەنێڵەكەدا بیروبۆچوونی مەزندە باشەكانی هەرێمی كوردستانی بە كۆڕبەندەكە گەیاند، بەڵام لە میانەی كۆبوونەوە و دیدارە فراوانەكانی لەگەڵ شاندە جیاوازەكان باس لەوە دەكرێت: «لە ئێستا چی دەتوانێت بكرێت و چۆن بەشداری بكرێت؟» بە وردی باسی لێوە دەكرێت.

لەم چوارچێوەیەدا كاتێك سەیری كۆی كارلێكی نێوان بەشداریی ڕاستەوخۆ و دیدار و كۆبوونەوە فراوانەكانی بەڕێز مسرور بارزانی لەگەڵ شاندی وڵاتە جیاوازەكان دەكرێت، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەوەی سەلماندووە كە «قەوارەیەكی سیاسیی بچووك، توانای هەیە هێزی گەورە بۆ چارەسەركردنی كێشە قورس و ئاڵۆزەكان بەرهەم بهێنێت.»

Top