فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا Education for Climate Day

فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا  Education for Climate Day

 

  هاوكات لەگەڵ كۆتاییهاتنی كۆنگرەی لایەنەكانی (26)ی سەركردەكانی جیهان، ناسراو بە (COP 26)، لە شاری (گڵاسگۆ Glasgow)، (ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئەورووپی European Commission) كە بەرپرسە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی (یەكیەتی ئەوروپا European Union) و بەڕێوەبردنی كارەكانی ڕۆژانەی، لە دەستپێشخەرییەكدا دامەزراندنی (فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا Education for Climate Day)ی ڕاگەیاند.  ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئەوروپی ڕۆژی (25)ی تشرینی دووەمی دیاری كرد، وەك ڕۆژی «فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا».

   دامەزراندنی «فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا»و دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ «فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا» لە لایەن (ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئەوروپی)، نیشانەی گرنگیی (ئاو و هەوا)یە بۆ مرۆڤایەتی و بایەخدانە بە پرسی (گۆڕانكارییە ئاو و هەواییەكان) و كاریگەرییە نەرێنییە ترسناك و زیانبەخشەكانیەتی لە سەر مرۆڤ و ژینگەكەی و هەموو شێوكانی ژیان لە سەر گۆی زەوی.

   (كۆمەڵەی جوگرافیناسانی ئەوروپا EUROGEO)، داوای لە جوگرافیناسانی ئەوروپا كرد، بە جۆشەوە یارمەتیی دامەزراندنی ئەو ڕۆژە بدەن، كە بۆ یەكەم جار لە (25ی تشرینی دووەمی 2021) چالاكییەكانی ئەنجام دەدرێت.

  ئەگەر دامەزراندنی «فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا» بۆ ئەوروپییەكان گرنگ بێت، بێگومان بۆ ئیمە گرنگی و بایەخی زۆر زیاترە، چونكە:

1 - هۆشیاریی (ئاو و هەوایی و گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان) لای ئێمە لە ئاستێكی زۆر نزمدایە.

2 – هەر چەندە ئێمە هۆكار و بەرپرسی ڕوودانی (گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان) نین، كە هۆكاری سەرەكیی ڕوودانی بریتییە لە دەرپەڕاندنی (گازە خانووە شوشیەكان Greenhouse Gases) بۆ نێو بەرگی گازی لەلایەن دەوڵەتە پیشەسازییە پێشكەوتووەكان، واتە لەلایەن دەوڵەمەندكان و هەژارەكان باجەكەی دەدەن، بەڵام مەترسییەكانی (گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان) لە سەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەترسیی ڕاستەقینە و ترسناكن.

3 – لاوازیی تواناكانی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی (گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان)، كە لە سەر هەرێمی كوردستان هەن.

4 – هەرچەندە بابەتی (گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان) نوێ نییە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەمێكە چەندین تیمی لێكۆڵینەوە و دەزگای چاودێریكردنی ئاو و هەوای نێودەوڵەتی پێكهێناوە، كە گرنگتر ودیارتریان «تیمی حكوومیی نێودەوڵەتی تایبەت بە گۆڕانكاریی ئاو و هەوایە (IPCC)»، كە لە ساڵی 1988 دامەزێندرا، بەڵام ئەم بابەتە تا ئەمڕۆ لە پڕۆگرامەكانی خوێندندا لای ئێمە، وەك پێویست بایەخی پێ نەدراوە.

    بە پشتبەستن بەو خاڵانەی ئاماژەیان بۆ كرا، بە باش و پێویستی دەزانین، سوود لە دامەزراندنی «فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا» وەربگرین و لە 25ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێكدا، بەشەكانی جوگرافیا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان (كە ژمارەیان كەم نین)، جوگرافیناسانی كوردستان، بەتایبەتی مامۆستا بەڕێزەكانی ناوەندەكانی خوێندن، هاوشێوەی هاوكارە ئەوروپییەكانیان، بە ڕۆڵی خۆیان هەڵسن و بایەخ بە «فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا»بدەن. دیارە ئەمساڵ لەبەر كەمی ماوە، كە تەنیا چەند ڕۆژێكی كەممان لەبەردەستە، دەكرێت چالاكییەكان تەنیا بریتی بن لە سازدانی (سیمنار و كارگەی كار Work-shop)، لە ناوەندەكانی خوێندن و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە، هەروەها نووسینی وتاری زانستی و بلاوكردنەوەی لە دەزگاكانی ڕاگەیاندندا. هیوادارین لە ساڵانی ئایندەدا بتوانرێت بە شێوەیەكی باشتر سوود لە دامەزراندنی «فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا» وەربگرین.

لە وتارە زانستییەكان و Work-shop وئەو سیمنارانەی كە ئەمساڵ دەكرێت ئەنجام بدرێن، بە باش دەزانرێت، كۆمەڵگە ئاشنا بكرێت بەم خاڵانە:

1. گرنگیی (ئاو و هەوا) بۆ مرۆڤ و چالاكییەكانی.

2. گرنگیی (ئاو و هەوا) وەك دەرامەتێكی سرووشتی.

3. سیما سەرەكییەكانی گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان لە جیهاندا.

4. سیماكانی گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان لە هەرێمی كوردستاندا.

5. هۆكارەكانی ڕوودانی گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان.

6. مەترسییەكانی گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان لە سەر ئاستی جیهان.

7. ناساندنی گرنگترین ئەو (هەڕەشانەی Challenges) ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە بە هۆی گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان.

8. بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان لەسەر هەرێمی كوردستان لە ڕێگای:

- هێوركردنەوەی ڕوودانی گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان و ئەنجامە زیانبەخشەكانیان.

- خۆگونجاندن لەگەڵ دەرهاویشتەكانی گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان.

بێگومان پشتگیریكردن و بەشداریكردنی دەزگا فەرمیەكانی هەرێم، وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە، ڕۆشنبیری و لاوان و دەستەی ژینگە و.. تاد، لە بیرۆكەی سوودوەرگرتن لە دامەزراندنی (فێركردن لە پێناو ڕۆژی ئاو و هەوا) و ئەو چالاكییانەی لە 25ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵیك ئەنجام دەدرێن، هۆكاری سەرخستنی پرۆسەكە دەبێت.

دیارە بەشداریكردنی فراوانی دەزگاكانی ڕاگەیاندن زۆر گرنگە بۆ هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگەی كوردستانی سەبارەت بە گرنگیی ئاو و هەوا، وەك دەرامەتێكی سرووشتی، بۆ مرۆڤایەتی و چالاكییەكانی و ئاشناكردنی كۆمەڵگە بە مەترسی و هەڕەشەكانی (گۆڕانكارییە ئاو و هەوایەكان) لە سەر هەرێمی كوردستان و شێوەكانی بەرنگاربوونەوەیان.

Top