ئەزموونی كوردستانی عێراق خاڵی پرشنگداری خەباتی گەلی كورد

ئەزموونی كوردستانی عێراق خاڵی پرشنگداری خەباتی گەلی كورد

 

 پێشەكی

ئەزموونی كوردستانی عێراق لە ڕووی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە زۆر كۆن و دێرین و دەوڵەمەندە، ئەو خەباتە بەر لە سەدەو نیوێك دەست پێ دەكات، لە لاپەڕە پرشنگدارەكانی مێژووی ئەو خەباتە ئەو ڕووداوە گرنگانەن كە لە چەند ناوچەیەكی كوردستان بە دیاریكراویش لە دەڤەری بارزان ڕوویان داوە، كە لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسەكانی پێشان لەوانە ویگرام قەشەی ئەمریكی- ئینگلیكانییەوە تۆمار كراون، ئەمانە وەك بەڵگەی زیندوون كە مەحاڵە لەبیر بكرێن، بە تایبەتیش ڕۆڵی بەرچاوی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە بەرجەستەكردنی ئیرادەی كورددا، هەروەها تێكەڵكردنی خواست و ئاواتە كۆمەڵایەتییەكانی هەموو ناوچەكە، ئەویش كە خۆی لە بانگەشەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییدا دەنواند، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە، ئەو یاداشتە بەناوبانگەیە كە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عوسمانی كرد، لەو یاداشتەدا داوای كرد، خواست و ئامانجە نەتەوەییەكان بێتەدی لە ڕووی ئیداری و كەلتووری و ئازادییەوە، بۆیە گیانی خۆی كردە قوربانیی ئەو ئامانج و داخوازییە ڕەوایانە، لە بەرانبەر سەرسەختی و پێداگری و شۆڤینییەت و ستەمكاریی دەسەڵاتی عوسمانی، كە بڕیاری دا، شێخی شۆڕشگێڕ لە بەندیخانەی مووسڵ لە سێدارە بدات.

 

 درێژەدانی خەبات

بە هەموو شێوەكانییەوە

لە سەرەتای سەدەی حەڤدەیەمەوە تاكو ئەمڕۆ گۆڕەپانی كوردستانی عێراق هیچ هێورییەكی بە خۆیەوە نەدیوە، گەلی كوردستان بگرە هەر لە زاخۆوە تاكو سلێمانی و بەرەو بارزان بەردەوام بووە لە خەباتی دادگەرییانەی خۆی بە هەموو شێوازو ئامرازێكی بەردەست و بەپێی ئەو توانایەی كە هەیبووە، هەر لە ڕاپەڕینی چەكداری و شۆڕش و بزاڤە سیاسییەكان و ڕێكخراوە نهێنی و ئاشكراكان، هەروەها كۆمەڵە ڕۆشنبیرییەكان (تا ڕاگەیاندنی پاشانشینی)، لەپاڵ ڕێكخراوە نەتەوەییەكانی ناوخۆ كە لە كوردستانی عێراق سەریان هەڵدا، وەك ڕێكخراوی (هیوا) و.. تاد، دواجار پارتی دیموكراتی كوردستان كە بارزانیی نەمر یەكەم سەرۆكی ئەم حزبە بوو، دەبینین سەركردەی بزووتنەوەكانی (بارزان) دوای شێخی شەهید عەبدولسەلام بارزانی، بەتایبەتیش سەردەمی خوا لێی خۆش بێت مستەفا بارزانی پەیوەندیی هاریكارییان هەبوو لەگەڵ بزووتنەوە نەتەوەییەكانی كورد لە توركیا(شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران)، لە ئێران (كۆماری كوردستان لە مەهاباد)، لە سووریا (بزووتنەوەی خۆیبوون).

 

  ئەزموونی كوردستان

وەك یەكەم و تاقانە لە وەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵیدا

لەنێو سەرجەم ئەو ئەزموونە جیاوازانەی بەشەكانی كوردستان، تاكە ئەزموون كە سەركەوتوو بووە و قوربانیی گیانی زۆری بۆ دراوە، بەڵام داستانی قارەمانێتی و بەرخۆدانی تۆمار كردووە، نموونەیەكی گەشی سەركردەی مەزنی وەك مەلا مستەفا بارزانی و چەندان خەباتگێڕی دلێر و نەبەزی دیكەی پێشكەش كردووە، لە سەردەمی نوێدا و لەسەر ئەرزی واقیعدا دەستكەوتی زۆری مێژوویی بەدی هێناوە، هەر لە ئۆتۆنۆمیی ساڵی 1970، تا دەگاتە دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی ئازادی ساڵی 1992، هەروەها ڕاگەیاندنی فیدڕاڵی كە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری بە فەرمی لە دەستووری عێراقدا چەسپێنرا، بەمەش بۆ یەكەم جارە لە مێژووی نوێدا بگەنە چارەسەری دۆزی كورد لە بەشێكی كوردستاندا، ئەمەش لەسەر بنەمای دیالۆگ و تەوافوقی نێوان كورد و عەرەب لە عێراق، هەروەها دداننان بە بوونی كوردستان لە نێو دەستووردا، هاوكات فیدڕاڵی وەك سیستەم و شێوەیەكی سیاسی و یاسایی.

 

 پرەنسیپی مافی چارەنووس وەك ڕێسایەك بۆ چارەسەری دۆزی نەتەوەیی

لە دەستپێكی سەرهەڵدانی خەباتی نەتەوەیی و دواتر نیشتمانی لە كوردستانی عێراق، بزووتنەوە سیاسییەكان لە سۆنگەی چەمكی مافی چارەی خۆنووسینی گەلانەوە هاتنە مەیدان، ئەمەش وەك پرەنسیپێك كە دەستەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەیماننامەكەیدا بەرجەستەی كردووە و، هەموو بزووتنەوەكانی ڕزگاریخوازیی جیهانیش گرتوویانەتەبەر، هەروەها شۆڕشەكانی فەرەنسا و ئەوروپا و ئەمریكا و شۆڕشی مەزنی ئۆكتۆبەر لەسەری ڕۆیشتوون، تا ئێستاش ئەم پرەنسیپە وەك ترووسكاییەكی ڕووناكییە بۆ گشت گەلانی چەوساوەی پەرۆش بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، بانگەوازەكەی سەرۆك مسعود بارزانی لە ئەیلوولی 2017، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی مافی چارەنووس پابەندبوونێك بوو بەم پرەنسیپە، كە ئەنجامەكەی بریتی بوو لە دەنگدانی 97%ی گەلی كوردستانی عێراق بە بژاردەی سەربەخۆیی، ئەم جارەش دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ئیرادەی گەلی هەرێم و پرەنسیپە مرۆیی و داب و نەریتە مۆراڵییەكان وەستانەوە.

 

 فرە نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئەزموونی كوردستانی عێراقدا

ئەم ئەزموونە هەر لە سەرتاوە، بە گەواهیی هەمووان هەردوو لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی پێكەوە كۆكردەوە، یان شێوەی نەتەوەیی و ناوەرۆكی گشتگیری نیشتمانی، ئەمەش بە ددانپێدانانێكی دەستووری و یاسایی و مافی نەتەوە و پەیڕەوكارانی ئایینەكان، لە دانیشتووانە ڕەسەنەكان لە كوردستان وەك توركمان و كلدان و ئاشووری و ئەرمەن و عەرەب و تایفە جیازازەكان و ئایینزاكانی كریستیان و موسڵمان، بۆیە ناوە فەرمییەكە بریتییە لە(گەلی كوردستانی عێراق) نەك تەنیا گەلی كورد، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكەوە چەمكێكی نیشتمانیی عێراقیش هەیە، چونكە هەرێم بەشێكە لە عێراقی فیدڕاڵ و گەلەكەی كە ڕۆڵ و كاریگەری هەیە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و چارەنووسی وڵات و ئایندەكەی، بەپێی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە دەستووری پەیڕەوكراودا.

 ئەزموون وەك نموونەیەك بۆ چارەسەری دۆزی نەتەوەیی لە ناوچەكەدا

دیارە كە ئەم ئەزموونە، لەوەتەی شۆڕشی ئەیلوولی 1961 و شۆڕشی گوڵان و ڕێككەوتننامەی ئادار بۆ ئۆتۆنۆمی و ڕاگەیاندنی فیدڕاڵی، بەردەوام ڕووبەڕووی پیلان و دەسیسەی ناوخۆیی و ئیقلیمی دەبێتەوە، زۆر جاریش پیلانی لەناوبردنی ئەم ئەزموونە لە پایتەختەكانی ئەو دەوڵەتانەی دەوروبەر دادەڕێژدرێت، كە كوردستانیان بە سەردا دابەش كراوە، بەڵام بە خۆڕاگریی گەلی كوردستانی عێراق و كارامەیی و لێهاتوویی سەركردایەتییەكەی، ئەم ئەزموونە پارێزرا، هەروەها پەرەی پێ درا و زیاتر چەسپا، بگرە ئێستا بووەتە نموونەیەك كە لەسەر ئاستی چارەسەری دۆزی كورد لە دەوڵەتانی دەوربەر چاوی لێ دەكرێت، تەنانەت لەسەر ئاستی تەواوی بزووتنەوەكانی ئەو گەلانەی كە تائێستا ئامانجەكانیان بەدی نەهاتووە.

دیارە زۆر لەو لایەنە ئیقلیمییانەی كە دژایەتیی هەموو مافێكی كورد، یان كوردستانیان دەكرد لە ناوچەكەدا، ئێستا دەستیان كردووە بە پاشەكشە دوای ئەوەی لە پاكتاوكردنی ئەم ئەزموونە پێشەنگە شكستیان هێنا، یان نا بە ڕقەوەش ددانیان پێ دادەنا، بەڵام تا ئێستا هەندێك لەو لایەنانە دژایەتیی ئەزموونی هەرێم دەكەن بە هەموو ڕێگە و شێوەیەك، لە ڕێی بریكاری پشت پێ بەستراویان (پارتی كرێكارانی كوردستان – پەكەكە) و پاشماوەی یاخیبووان و هەلپەرستان لە هەندێ ناوچەی هەرێمدا.

 

 ئەم ئەزموونە دژی هەموو جۆرە تیرۆرێكە

ئەزموونی گەلی كوردستانی عێراق، تاكە لە نێو ئەزموونەكانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەكانی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناوچەكە و جیهاندا، كە شێوە و ئامرازەكانی پاكتاوكردنی تاكەكەسیی بەكارنەهێناوە و، خەڵكی سڤیل و ناوچەكانی دانیشتووانی نەكردووەتە ئامانج، هەروەها ڕفاندن، یان توندوتیژی نەگرتووەتەبەر، هاوكات هەر لە سەرەتاوە لە نێو هەموو سیستەم و حكومەتەكان و گەل و خەڵكەكە جیاواز بووە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری دەوڵەت و ڕووخاندنی ڕژێمەكان لە ئەولەوییەتی بووە، دیارە چۆن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە پێشەكیی مەرامە چەپەڵەكانیدا ئەوە بوو كە مووسڵی داگیركرد، دواتر بەرەو هەولێر و ناوچەكانی دیكەی كوردستانی عێراق هەڵكشا، بە دیاریكراویش ئەو هێڵەی نێوان مەخموور و هەولێر تا دەگاتە هاوینەهەواری پیرمام و شەقڵاوە، بەرەو باكوورو باكووری ڕۆژئاوا دواجار زاخۆ، ئینجا سنووری عێراق- توركیا، بەڵام گەلی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە تێكۆشەركان لێیان هاتنە دەست و بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، لەم پێناوەشدا بە دەیان شەهیدیان دا، كە گەورە فەرماندەی سەربازییان تێدا بوو، هەروەها بۆ هەموو جیهانیان سەلماند كە ئەزموونەكەیان ناتوانێت لەگەڵ هیچ جۆرە تیرۆرێك هەڵ بكات، چ تیرۆری دەوڵەت، یان میلیشیاكان لە سایەی ئایین و ئایینزاكاندا.

 

 دواهەڵمەت تایبەت بە هەندێ لە كۆچبەران

دوژمنانی ئەزموونی گەلی كوردستانی عێراق بەردەوامن لە هەڵمەتی ڕاگەیاندنیان و هیچ ڕێگایەك نەماوە نەیگرنەبەر بۆ سەرخستنی ئەو هەڵمەتە ستەمكار و چەواشەكارییەیان، دواترینیان هەوڵی قۆستنەوەی ئەو چەند خێزانە كۆچبەرانەیە كە لە سەر سنووری نێوان بیلاڕووسیا و پۆلۆندا گیریان خواردووە، ئەوەی مایەی هەڵوەستەیە ئەوەیە كە گرووپەكانی میلیشیا تایفەگەرییەكانی دەسەڵاتدار لە بەغدا و هەندێ شوێنی عێراق، دڕندەیی و یاخیبوونیان لە یاسا و سیستەمی وڵات، هۆكاری سەرەكی بووە لە ڕووی كۆچ پێ كردنی سەدان هەزار هاووڵاتی عێراقی بۆ شارەكانی كوردستانی عێراق و دەرەوە، كەچی هەر ئەوانن لە پشت ئەو هەڵمەتانەن كە مەرامی سیاسییان هەیە.

هەموو هێزە نەتەوەیی و دیموكراسییەكانی كوردستان و سەرجەم نیشتمانپەروەری ڕاستگۆ لەپاڵ ئەزموونی تازەی براكانیان و ڕێبازی میانڕەویی سەركردایەتیی سیاسی و دروست دەوەستن، پێیان وایە كە بەردەوامبوونی سەركەوتنەكانی ئەم ئەزموونە دەڕژێتە نێو ڕێڕەوی خەباتی گەلی كورد لە هەموو شوێنێكدا. 

 

Top