وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاریی ڕێكخراوی یوونیسێف هەوڵی گەڕانەوەی قوتابییە دابڕاوەكان دەدات

وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاریی ڕێكخراوی یوونیسێف هەوڵی گەڕانەوەی قوتابییە دابڕاوەكان دەدات

 

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی ڕێكخراوی یوونیسێف دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەڕانەوەی قوتابییە دابڕاوەكان، یان ئەو قوتابییانەی كە هەرگیز نەچوونەتە بەر خوێندن، پڕۆژەكەش لە ڕێگەی 100 ڕێنماییكار بە چەندین تیم ئەنجام دەدرێت، كە كۆڵان بە كۆڵان لە سەرجەم گوند و ناحیە و قەزاكان و سەنتەری پارێزگای هەولێر دەگەڕێن و، لە دەرگای هەموو ماڵێك دەدەن و لە ڕێگەی فۆڕمێكی داتابێسەوە زانیاری وەردەگرن، بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتر بۆ پڕۆژەكە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سەرەتا بەهزاد تاهیر سەلیم كە مامۆستای زانكۆیە، هێما بۆ ئەوە دەكات: «پرۆسەی خوێندن و فێربوون لە سەردەمی ئێستامان لە سێ قۆناغ پێكدێت، كە بریتین لە خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی، خوێندنی زانكۆیی و خوێندنی باڵا، ئەم قۆناغانەی خوێندنیش ئامراز و هۆی پێشكەوتن و بەرەوپێشچوونی هەر كۆمەڵگەیەكن. بەڵام قۆناغی یەكەم كە بریتییە لە خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی كە تاكو پۆلی شەشەمی ئامادەییە، قۆناغی زۆر گرنگ و هەستیارن و پەیوەندە بە ئاستی هوشیاری و تێگەییشتوویی و ئاگایی خەڵكی ئەو وڵاتە. واتە سەرەڕای ئەوەی كە ئەم جۆرە خوێندنە بریتییە لە سەرەتا و بناغە بۆ پتەوكردن و دەستپێكردنی قۆناغەكانی دی، بەڵكو زۆر پێویستە و گرنگیشە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەیەكی پێگەیشتوو و هوشیارمان هەبێت لە هەموو بوارەكانی ژیان. هەتا ژمارەی تاكەكانی كۆمەڵگە كە قۆناغی خوێندنی بنەڕەتییان بڕیوە، زیاتر بێت، كۆمەڵگەكە لە ئاستێكی بەرزی مەعریفی و سەقافی و هوشیاریدا دەبێت. خوێندنی زانكۆیی یان خوێندنی باڵاش زۆر گرنگە بۆ وەرگرتنی پسپۆڕییەكی تایبەت، كەواتە زۆر پێویستە كە گرنگیەكی تەواو بدرێت بەوەی كە هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە بە لانی كەمەوە خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی تەواو بكەن. بەڵام مەرج نییە و پێویستیش نییە كە هەموو كەسێك خوێندنی زانكۆیی و خوێندنی باڵا تەواو بكات.» سەبارەت بەو هەوڵەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتیی ڕێكخراوی یوونیسێف كە دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەڕانەوەی قوتابییە دابڕاوەكان، یان ئەو قوتابییانەی كە هەرگیز نەچوونەتە بەرخوێندن، گوتی: «پڕۆژە و كارێكی زۆر گرنگ و پێویستە كە هیچ كات نابێت سوودەكانی بۆ كۆمەڵگە نادیدە بگرین. بە گرنگیشی دەبینم كە تەواوی وەزارەتەكان و ئەنجومەنی وەزیران بە تایبەتی پاڵپشتیی ئەم هەوڵ و پلانە بن. چونكە وەك گوتم كۆمەڵگەی تەندروست بریتیە لە كۆمەڵگەی خوێندەوار و خوێنەر، نەك كۆمەڵگەیەك كە كەسانێكی زۆر بڕوانامەی بەرز و بێ ناوەرۆكیان هەیە و، هیچ كاریگەرییان لە سەر پێشكەوتن و بەرەوپێشبردنی زانست و تەكنەلۆجیا و تەواوی بوارە پێویستەكانی وڵات نییە.»

عوبێد خدر سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بابەتی گەڕاندنەوەی قوتابیانی دابڕاو، یان ئەو قوتابیانەی لە خوێندن بێبەش بوون، كە وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی و پاڵپشتیی ڕێكخراوی یوونیسێف لەم ماوەیە ئەنجامی دەدات، پڕۆژەیەكی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ ئەو كەسانەی لە پرۆسەی خوێندن بێبەش بوون، یان تەمەنیان گونجاو نییە بۆ ئەوەی وەك قوتابیەكی ئاسایی درێژە بە خوێندن بدەن، من دەستخۆشی لە وەزارەت و ڕێكخراوی یوونیسێف دەكەم بۆ ئەم كارە، هەرچەندە پرۆسەیەكی پڕ لە ئاستەنگ و ناخۆشە، بەڵام ڕۆژانە لە گەڕەك و ماڵان دەگەڕێن و تیمی گەڕۆكیان بۆ پێكهێناون لە كەسانی شارەزا و لێهاتوو، بەتایبەت وەك توێژەر و ڕێنماییكاری پەروەردەیی، بۆ ئەوەی فۆڕم بۆ ئەو قوتابیانە پڕ بكەنەوە كە دابڕاون، یان هەر نەچوونەتە قوتابخانە، ئەوەش هەڵمەتێكە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئەو كەسانە بۆ ناو پرۆسەی خوێندن، تا لە بوارە هەمە چەشنەكانی ژیان دانەبڕێن و، بتوانرێت دەرفەتێكی دیكەیان بۆ بڕەخسێندرێ و سوود لەو هەلە ببینن. من بە كارێكی گرنكی دەزانم، دەستخۆشی لە پەروەردەی شارەكان و كارمەند و تیمە گەڕۆكەكان دەكەم، كە بەشداری لەم كارە جوانە دەكەن.»

لەلای خۆیەوە حەسەن سامی حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە پەروەردەی گشتیی هەولێر، وردەكاریی پڕۆژەكە دەخاتەڕوو و هەر لەو بارەیەوە بە گوڵانی ڕاگەیاند: «پڕۆژەی گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییانەی كە دابڕاون، ڕێكخراوی یوونیسێف لە ڕووی داراییەوە پشتیوانیمان دەكات و تیمەكانی خۆمان جێبەجێی دەكەن، تیمەكانیشمان لە پارێزگای هەولێر لە 100 ڕێنماییكار پێكهاتوون بەسەر 20 تیم دابەش كراون، هەڵمەتەكە هەموو قەزا و ناحیە و گوندەكانی سنووری پارێزگای هەولێری گرتووەتەوە، پرۆژەكە لە سنووری پەروەردەی گشتیی هەولێر بەڕێوە دەچێت، كە یازدە پەروەردەی قەزا و ناحییەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، حەوتی ئەم مانگە یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی پڕۆژەكە بوو، بۆ ماوەی 70 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. بەپێی ئەو ئامارانەی كە لەبەر دەستمانن، ئامارەكان دڵخۆشكەرن، ئامانجمانە نزیكەی حەوت هەزار قوتابی بە لانی كەمەوە بگەڕێنینەوە بەر خوێندن، دڵنیام ژمارەكە لەوەندەش زیاتر دەبێت، چونكە تیمەكانمان چالاكانە ڕۆژانە سەردانی دایك و باوكەكان دەكەن، پڕژەكەمان گشتگیرە و ئامانجمان هەم گەڕاندنەوەی قوتابیی دابڕاوە، هەم منداڵی تۆمار نەكراو، دابڕاو ئەو قوتابییانە دەگرێتەوە بە هۆكارێك لە هۆكارەكان لە خوێندن دابڕاون، تۆمار نەكراویش ئەو منداڵانەن كە بە هیچ شێوەیەك نەچوونەتە قوتابخانە و تا ئێستا ناونووس نەكراون.» گوتیشی: «ئەو قوتابیانەی كە دەگەڕێنەوە دووبارە ناویان تۆمار دەكرێتەوە، ئەو قوتابیانەش كە ئارەزوومەند نین بگەڕێنەوە، فایلیان بۆ دەكەین و هەوڵ دەدەین ساڵی داهاتوو بە هەمان شێوە كار لەسەر ئەو كەیسانە بكرێت، لەبەر ئەوەی هەموو تاكێك مافی خوێندن و فێربوونی هەیە، ئەو هەڵمەتە وادەكات لە هەموو قۆناغەكانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی قوتابی لەو پۆلەی كە جێی هێشتووە، دەست بە خوێندن بكاتەوە، ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئاسانكارییان بۆ دەكەین، تەنانەت بۆ ئەمساڵ وادەی گەڕانەوەی قوتابییان 1 ی 11 دوا دەرفەت بوو بۆ گەڕانەوەی قوتابییانی دابڕاو، بەڵام ئێمە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە ماوەكەمان بۆ 31ی 12 درێژ كردەوە».

بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە پەروەردەی گشتیی هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو: «ساڵی پار پڕۆژەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو ڕێكخراوی یوونیسێف و یونسكۆ و دەزگای خێرخوازیی بارزانی جێبەجێ كرا، بەڵام پڕۆژەكە تەنیا لە پێنج پەروەردە جێبەجێ كرا، لە كۆی 3500 قوتابی ئامانجمان بوو 2500 قوتابی بگەڕێنینەوە بەر خوێندن، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە توانیمان 2840 قوتابی بگەڕێنینەوە بەر خوێندن. هاوكات ئەو پڕۆژەیە لە پەروەردەی گشتیی دهۆك و سلێمانی بە هەمان شێوازی كاركردن و لە هەمان كات جێبەجێ دەكرێت. ئێمە بە هەموو توانایەكمان هانی دایك و باوكان دەدەین بۆ ئەوەی ناوی منداڵەكەیان تۆمار بكەن، هەروەها داواكارین لە ڕێگەی میدیاوە هانی دایك و باوكەكان بدرێت، بۆ ئەوەی منداڵەكانیان لە دەرفەتی فێربوون بێبەش نەبن.

 

وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاریی ڕێكخراوی یوونیسێف هەوڵی گەڕانەوەی قوتابییە دابڕاوەكان دەدات
Top