شێخ نیاز ڕاغب بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:   زیادكردن و كەمكردنی ژمارەی هاووڵاتیان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە

شێخ نیاز ڕاغب  بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     زیادكردن و كەمكردنی ژمارەی هاووڵاتیان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە

 

 

هەروەك ئاشكرایە پەتای كۆرۆنا كاریگەری لەسەر هەموو بوارەكانی ژیان هەبووە و، پرسی ئەنجامدانی ئەركی فەریزەی حەج و عومرەش لەم كاریگەرییە بەدەر نەبووە، لەم ڕووەوە پرسی چۆنیەتی ڕێكخستنی میكانیزم و ڕێوشوێنەكانی ئەنجامدانی ئەم عیبادەتانە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری گفتوگۆییەكی گوڵان لەگەڵ شێخ نیاز ڕاغب بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان.

 

* پلان و بەرنامەتان چۆن ڕێكخستووە بۆ وەرزی ئەمساڵی فەریزەی حەج و عومرە و، ئەو كێشەو گرفتانەی لەوبارەوە دێتە پێشتان چین و چۆن چارەسەرتان كردووە؟

- لە سەرەتادا ئومێد دەكەم، خوا پشتیوان بێت بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكەین، بەتایبەتی ئەو هاووڵاتیانەی ئامانجیانە هەم عومرە و هەم فەریزەی حەج جێبەجێ بكەن. من كە لێرە دەستبەكاربووم، بەرنامەمان ئەوە بووە و ئەوەش دەبێت، هەرچی ئاسانكاری هەیە بتوانین بە شێوەیەكی یاسایی بیگرینەبەر بۆ عومرەكار و بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت فەریزەی حەج جێبەجێ بكەن. بەڵام بە حوكمی ئەوەی دوو ساڵ- 2020 و 2021- ڕێوڕسمی حەج بە هۆی نەخۆشی كۆڕۆنا لە سەرتاسەری دنیا وەستا و سعودیە نەیتوانی پێشوازی لە حاجییان بكات، ئەوەش هاووڵاتیانی ئێمەشی گرتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە 20/8/2021 سعودیە دەرگای بۆ عومرەكردن كردەوە، لەو كاتەوە تا ئێستا بە هەزاران كەس لە هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی عومرەكردن لە ڕێگای كۆمپانیاكانی تایبەت و بە ڕێی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی هەولێر و سلێمانی گەشتیان كردووە، لەپاڵ ئەوانیش هەریەك لە دانیشتووانی شاری مووسڵ و كەركووك و دیاڵە بەشێكیان دێن لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی سەفەر دەكەن. بۆیە ئێمە بەرنامەمان داناوە بۆ ئەو كەسانەی عومرە دەكەن، ئەگەر حەجیش بێتە پێشەوە، ئەوا بەرنامەی زۆر تۆكمەمان هەیە، تاوەكو كەمترین گرفتمان هەبێت و بۆ ئەوەی بەئاسانترین شێوە ئەو خەڵكانە فەریزەی حەج ئەدا بكەن، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی لە عەربستانی سعودیە نەدراوە سەبارەت بەوەی كە ئەو ساڵەی كە دێت ڕێورسمی حەج دەبێت یان وەك دوو ساڵی پێشتر بۆ ژمارەیەكی دیاریكراوی خەڵكی ناو عەرەبستانی سعودیایە. بە حوكمی ئەوەی لە ساڵانی پێشوو لە وەرزی حەج خەڵكێكی زۆر لە هەموو وڵاتانی دنیا بۆ فەریزەی حەج ڕوویان لە عەرەبستانی سعودیە دەكرد، كە ساڵ هەبوو چوار ملیۆن كەس، یان سێ ملیۆن و نیو كەس دەچوون بۆ ئەو ڕێوڕسمە، لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش 35 هەزار كەس و هەندێ ساڵ دەبووە 45 هەزار كەس بەشداریی فەریزەی حەجیان دەكرد و، لە هەرێمی كوردستان پێنج هەزار و هەندێ ساڵ دەگەیشتە حەوت هەزار كەس لەو گەشتە بەشداریی فەریزەی حەجیان دەكرد. بێگومان ئەو ژمارە زۆرە بۆ شوێنێك دەگوازرێنەوە، كێشە و گرفت دێتەپێش و لەوانەیە گرفتی خزمەتگوزاری و تەكنیكی ڕوو بدات، هەر بۆیە بۆ هەموو كێشە و گرفتەكان خۆمان ئامادە دەكەین، تاوەكو زۆرترین ژمارە لە هاووڵاتیانمان بە ئاسانی بگەیەنینە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە بۆ ئەوەی ڕێوڕسمەكانی حەجی خۆیان ئەنجام بدەن، ئێمەش چاودێری و هاوكاری و هەماهەنگیی حاجیانمان دەكەین هەر لەو كاتەی سەفەر دەكەن و خزمەتگوزارییەكانیان و پێدانی ڕێنوینی بە دانانی ڕێبەر بۆیان، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی یەكەم جارە ئەو گەشتە دەكەن، یەكێكیش دەبێت بە سەرپەرشتیاری كاروانی حاجیانمان و كۆمپانیا تایبەتمەندەكانی ئەو ڕێوڕسمانە بە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی حاجیان دەبن.  

* ئەو كۆمپانیایانەی ئەركی حەج و عومرە دەگرنە ئەستۆ، بە چ ڕێنماییەك پابەندتان كردوون و، هەمانگییان لەگەڵ ئێوە وەك لایەنی پەیوەندیداری سەرەكی چۆنە؟

- ئێمە دوو جۆرە كۆمپانیامان هەیە، كۆمپانیایەك تەنیا ڕێوڕسمی حەج ئەنجام دەدات، كۆمپانیایەكیش كاری گەشتی حەج و عومرە ڕێك دەخات، كە ئێستا لە وەرزی عومرەداین، لە سەرەتای وەرزەكە تەندەرمان ڕاگەیاندووە بۆ ئەو كۆمپانییانەی كە ویستوویانە كاری عومرە بكەن، تاوەكو سەردانمان بكەن و، داواكاری پێشكەش بكەن، پاشان بارمتەیەك لە بانك دادەنێن و گرێبەستی لەگەڵ ئەنجام دەدەین، هەندێك خاڵ لەو گرێبەستە هەیە كە بەشی یاسایی پێی هەڵدەستێت و، هەندێك لەو خاڵانەی لە گرێبەستەكە هەیە، ئێمە دەبێت لە بەرانبەر كۆمپانیاكان پابەندی بین و، هەندێكیشی دەبێت كۆمپانیاكان لەبەرانبەر ئێمە و عومرەدارەكان پابەندی بن و لە ژێر ڕۆشنای ئەو گرێبەستەدا دەبێت كۆمپانیاكان ئەو گەشتە ئەنجام بدەن. ساڵ هەبووە پشتبەستراوە بە باشیی كار و چالاكییەكانی كۆمپانیاكانی ئەو بوارە، ساڵیش هەبووە تیروپشك كراوە كە كامە كۆمپانیا هەستێت بە گەیاندنی خەڵكەكە بۆ عەرەبستانی سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج. بەڵام بۆ ئەمساڵ دەستنیشانی میكانزمێك نەكراوە بۆ ئەو مەبەستە، لەبەر ئەوەی هێشتا دیار نییە ئەو ڕێوڕەسمە دەكرێت، یان وەك دوو ساڵی ڕابردوو دەبێت، ئێمەش بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان و ئامارمان هەیە و، ئەوان دیراسەی دۆخەكە دەكەن بە هەماهەنگیی ئێمە و ڕەزامەندیی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەرنامە و میكانیزمی گەشتەكە دادەنرێت. 

* ئایا تێچووی حەج و عومرە دیاری كراوە، بەتایبەتی گە لەلایەن ئێوەوە سەرپەرشتی عومرەكان دەكرێت و بڕیار بوو نرخی ئەو توافە كەم بكرێتەوە؟

- سەبارەت بە نرخی حەج و خزمەتگوزارییەكانی، ئەوا لە هەموو عێراق بە یەك سیستەم بەڕێوەدەچێت و، ئەو پارەی لە هەر حاجییەك وەردەگیردرێت، لە بەرانبەر ئەو گەشتەیە كە دەیكات، كە ئەمەش نرخی گواستنەوە و ڤیزا و تەئمیناتی تەندروستی و گواستنەوە لە ناو عەرەبستانی سعودیە و شوێنی مانەوە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و.. تاد لەخۆ دەگرێت. هەروەها دیاریكردنی نرخی حەج ساڵ بە ساڵ دیاری دەكرێت، كە هەندێ ساڵ زیاد دەبێت و ساڵیش هەیە كەمتر دەبێتەوە. ئێمە وەك لایەنی پەیوەندیدار هەوڵ دەدین باشترین خزمەت و بە كەمترین نرخ پێشكەش بە حاجیانمان بكرێت. نرخەكانیش دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارەكانی سعودیە، بۆ نموونە: ساڵی پار بڕیاری دا كە تەنیا 60 هەزار كەس كە 15هەزاریان خەڵكی سعودیە بوون و 45 هەزاریشیان خەڵكی وڵاتان بوون كە لە سعودیە دەژین، ئەو ڕێورسمە بەجێ بگەیەنن، خۆ ئەگەر ئەمساڵ ژمارەكە كەم بێت و لە هەرێمی كوردستان تەنیا هەزار كەس بچن بۆ حەج، ئەوە لەبەر پەتای كۆڕۆنا ڕێنمایی تایبەت دەگیرێتەبەر و گەشتەكە و مانەوەیان لە شوێنی حەوانەوە بە ڤی ئای پی دەبێت و لەو كاتەدا نرخەكەی حەجكردنەكە زیاتر دەبێت.

* بۆ ڕێكخستی حەج بەتایبەتی هەماهەنگی و هاوكاریتان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری سعودیە چۆنە؟

- ئێمە بەپێی ئەوەی هەرێمێكین لەناو چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا و لە عێراقی فیدڕاڵیش دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی هەیە، ئەوان ئەو لایەنەن بە ناوی دەوڵەت قسە لەگەڵ سعودیە دەكەن، ئێمەش لەگەڵ ئەو دەستەی باڵای حەج و عومرە پەیوەندی و هەماهەنگیی پتەو و باشمان هەیە و، لێژنەكانی هەردوولامان هاتوچۆی لای یەكتر دەكەن، بە حوكمی ئەوەی كارەكانمان پەیوەستە بە یەكتر و دەبێت بە یەكەوە كارەكان ئەنجام بدەین. ئەوەی پەیوەندیدارە بە كاروبارەكانی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، ئەوا ئەگەر ئێمە نەیكەین، ئەوا ئەوان ناتونن ئەنجامی بدەن، ئەوەی ئەوانیش وەك دەوڵەت كە قسە لەگەڵ سعودیە دەكەن و ئەگەر كار بۆ ئێمە نەكەن، ئەوا ئێمە ناتوانین بە تەنیا جێبەجێی بكەین، چونكە ئێمە وڵاتێكی سەربەخۆ نین و ناتوانین لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ سعودیە بكەین.

* لێرە و لەوێ خەڵك گلەیی لەوە هەیە كە ناویان بۆ حەج دەرناچێت. ئایا ژمارەی ئەو كەسانەی بۆ حەجكردن دەچن چۆن دیاری دەكرێت و هەوڵ نەدراوە ژمارەكە زیاتر بكرێت؟

- لە سەروەختی وەرزی حەجكردن ئەوە ڕادەگەیەندرێت كە چەند كەس دەتوانن بچن بۆ ئەو ڕێوڕەسمە، بۆ نموونە: 100 هەزار داواكار هەن، كەچی پێنج هەزار كەس دەتوانن بچن بۆ حەجكردن، بۆ ئەوەی دادپەروەری و یەكسانی هەبێت لەم ڕووەوە، دەبێت بۆ دەرچوونی ناوەكان تیروپشك ئەنجام بدرێت، لەو كاتەشدا تەنیا پێنج هەزار كەس دەردەچن. بێگومان زۆر كەس لەوانەی كە ناویان دەرنەچووە، گلەیی دەكەن و نیگەران دەبن، ساڵ هەبووە بۆ سێ ساڵ تیروپشك ئەنجام دراوە لەو كاتەدا بە ڕێزبەندی بۆ ئەو سێ ساڵە ناوەكان دیاری دەكرێن، دووبارە خەلك گلەییان دەبێت و خەمبار دەبن. پێویستە هاووڵاتیانمان بزانن سعودیە بۆ عێراق و عێراقیش بۆ ئێمەی دیاری دەكات كە ئەمساڵ چەند كەس دەتوانن لە هەرێمی كوردستان حەج بكەن. واتە زیادكردن و كەمكردنی ژمارەی هاووڵاتیان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.

 

Top